موحسین قیرائەتی، سەرۆكی ستادی نوێژ لە كۆماری ئیسلامی دەڵێ كە ئەركی ژن تەنیا دەبێ ماڵداری، زاوزێو پێڕاگەیشتن بە مێردەكەی بێ.
ناوبراو كە لە ڕێوڕەسمی كۆتایی خوێندنی خوێندكارانی كچی خوێندنگەیەكی ئایینی لە شاری قوم قسەی دەكرد، وتی: كچانو ژنان لە ئێران نابێ بچنە ژێر كارتێكەریی كلتوورو شێوە ژیانی ئورووپاییو ئەركی سەرەكیی ژن ماڵداری، زاوزێو پێڕاگەیشتن بە مێردەكەیەتی.
موحیسن قیرائەتی هەروەها بە بردنە ژێر پرسیاری ئەو جۆرە بیركردنەوانەی یەك منداڵ بۆ بنەماڵە بە ئولگویەكی باش ناو دەبەن، ئەو كلتوورە بە پەلاماری فەرهەنگیی ڕۆژاوا ناوبردو گوتی لە ئێران میلاك بنەما شەرعییەكانەو ئەویش ئەوەیە كە موسوڵمانەكان دەبێ وەچەی زۆر بخەنەوەو منداڵی زۆریان ببێ.
ئەو قسانەی موحیسن قیرائەتی، سەرۆكئ ئیدارەی بەڕیوەبەریی نوێژەكان لە ئێران لە حالێكدایە كە چەند ڕۆژ لەوەپێش رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەك ڕایگەیاند، كە یاسا پێشنیاركراوە نوێیەكان لە مەجلیسی ئێران لە بابەت ژنانەوە كە بڕیارە بەم زووانە بخرێتە بەر پرۆسەی دەنگدان، مافەكانی ژنان بە دەیان ساڵ بەرەو پاش دەگەڕێنێتەوەو ژنان دەكا بە ماشێنی زاوزێ.
شایانی باسە بڕیارە مەجلیسی ئێران بەم زووانە دەنگ بۆ ئەو گەڵاڵەیە كۆ دەكاتەوە. لەو گەڵاڵەیەدا داوا لە ئیدارە دەوڵەتییەكان و كەرتی تایبەتی كراوە كە لە دامەزراندنی هێزی ئینسانیو كارمەندەكانیان، لە پێشدا ئەولەویەت بەو پیاوانە بدرێ كە منداڵیان هەیە، پاش ئەوانیش ئەو پیاوانە وەبەرچاو بگیردرێن كە ژنیان هەیە بەڵام منداڵیان نییە، ئەوجار ئاوڕ لەو ژنانە بدرێتەوە كە منداڵیان هەیە، هەر بەپێی ئەو گەڵاڵەیە “دامەزراندنی كەسانی سەڵت” لە كاتێكدا دەبێ كە هیچ كەسێكی خاوەن ژن و منداڵ داوای كاری نەكردبێ.