2 چالاكی كەلتووری و خوێندكاریی كورد بە دانانی بارمتە و بە شێوەی كاتیی ئازاد كران و 2 هاوڵاتیی كوردی دیكەش دەستگیر كران.
بە پێی هەواڵی “زاگرۆس پۆست”، چالاكێكی خوێندكاریی كورد بە ناوی “رێبوار كامرانی” خەڵكی شاری مەریوان و بەرپرسی پێشووی ئەنجومەنی “هاوڕێ هەورام” لە زانكۆی پەیام نووری سنە، كە رێكەوتی 19ی مانگی سەرماوەز لە لایەن هێزە ئیتلاعاتیەكانەوە دەستگیر كرابوو، بە دانانی بارمتەی 200 میلیۆن تمەنی ئازاد كرا.
لە لایەكی دیكەوە، هەڵسووڕاوی كەلتوورییی خەڵكی شاری كرماشان”عەلیڕەزا موستەخەم” كە رۆژی 18ی رێبەندان لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستگیر كرابوو، رۆژی چوارشەممە 20ی مانگی رەشەممە بە دانانی بارمتەی 50 میلیۆن تمەنی لە زیندان ئازاد كرا.
ئەو 2 هەڵسووڕاوە كوردە لە پەیوەند لەگەڵ خۆپیشاندانە بەرینەكانی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ پشتیوانیی لە موقاومەت و خۆڕاگریی خەڵكی كۆبانێ دەستگیر كرابوون.
لە هەواڵێكی دیكەدا هاتووە، هاوڵاتییەكی خەڵكی ئاوایی “بێمزوورتێ” سەر بە شاری شنۆ بە ناوی “محەمەد قەسیم فیوزی” 40 ساڵ تەمەن و كوڕی مەلا رەسووڵ، كە لە باشووری كوردستان سەرقاڵی كاركردن بوو، پاش گەڕانەوە بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتیەكانەوە دەستگیر و راپێچی شوێنێكی نادیار كراوە.
رێكەوتی سێشەممە 19ی مانگی رەشەممەش لە ئاوایی “نمجێ” سەر بە شاری پیرانشار هاوڵاتییەك بە ناوی “عوسمان كەسرەوی” كوڕی مەولوود بە هۆكارێكی نادیار دەستگیر و دەستبەسەر بە هەموو كەلوپەلە شەخسیەكانیشدا گیراوە و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە.
شایانی باسە، لە ماوەی یەك ساڵی رابردوو بە دەیان چالاك و هەڵسووڕاوی سیاسی و مەدەنی كورد لە لایەن دام و دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنیەتیەكانی كۆماری ئیسلامیەوە بە هۆكاری جیاجیا دەستگیر و هەتا ئێستاش ژمارەیەكیان چارەنووسیان نادیارە.