بە هۆی دەستڕێژی گوللەی هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی، كۆڵبەرێكی دیكەی كورد گیانی لەدەستدا.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە “زاگرۆس پۆست”، رۆژی دووشەممە 18ی مانگی رەشەممە، كۆڵبەرێكی كوردی خەڵكی ناوچەی مەریوان، لە كاتی كۆڵبەریدا لە خاڵی سنووریی “ئاسنەوا”، لە لایەن هێزە چەكدارەكانی سپای پاسدارانی ئێرانەوە دراوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و گیانی لەدەستداوە.
ناوی ئەو كۆڵبەرە “فەرەیدوون لوتفوڵڵاهی” كوڕی عەبدوڵڵا و دانیشتووی ئاوایی “زوێران” سەربە ناوچەی سەرشیوی مەریوان بووە و هەتا ئێستاش تەرمەكەی رادەستی بنەماڵەكەی نەكراوە.
شایانی باسە، بە هەزاران كەس لە خەڵكی زەحمەتكێش و چەوساوەی كوردستان، تەنیا لەبەر دابین كردنی بژیوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەكانیان روو دەكەن كاری كۆڵبەری و كاسبكاریی لە سەر سنوورەكان و بەو بۆنەوە كەمتر رۆژێك هەیە لە لایەن چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامیەوە نەدرێنە بەر دەستڕێژیی گوللە و خۆیان و ئاژەڵە بارهەڵگرەكانیان بەرەوڕووی لەنێوچوون نەبنەوە یان خەساری ماڵییان بەرنەكەوێت.