3 كەس لە بەڕێوەبەرانی رۆژی جیهانیی ژن لە شاری سەقز، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە كراون و كەوتوونەتە ژێر گوشار و لێپرسینەوە.
بە پێی راپۆرتی كەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی، وێڕای قەدەغە كردنی و پێشگرتنی كۆماری ئیسلامی ئێران لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی رۆژی جیهانیی ژن، رۆژی شەممە 16ی مانگی رەشەممە رێوڕەسمێك بە بۆنەی 8ی مارس رۆژی جیهانیی ژن لە ماڵی یەكێك لە چالاكانی شاری سەقز بەڕێوە چوو، كە پاش بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمە، ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە 3 كەس لە بەشداربووانی رێوڕەسممەكەیان بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێ كردوون.
لەو بارەوە، مەحمو ساڵەحی چالاكی كرێكاریی و یەكێكی دیكە لە بەشداربووانی رێوڕەسممەكە بە كەمپەینیان راگەیاندووە، كە هەركام لە سەید عەلی حسێنی كە رۆژی شەممە 16ی مانگی رەشەممە بانگهێشت كراوە و لە كاتژمێر 7 بۆ 10ی شەو لێپرسینەوەی لێكراوە و محەمەد فەرەجی رۆژی یەكشەممە 17ی مانگی رەشەممە لە كاتژمێر 2 تا 4ی ئێوارە لێپرسینەوەی لێكراوە و پاشان هەڕەشەی لێكراوە، لە هەمان كاتدا عێزەت نەسری یەكێكی دیكە لەو چالاكانە بووە، كە رۆژی یەكشەممە 17ی مانگی رەشەممە لە كاتژمێر 5 ئێوارە تا 7ی شەو لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز، كەوتووەتە ژێر لێپرسینەوە.
ساڵەحی هەروەها وتوویەتی، ئەو چالاكانە لە كاتی لێپرسینەوە لە ئیدارەی ئیتلاعات بەرگرییان لە بەڕێوەبردنی رۆژی جیهانیی ژن كردووە و ئەو ڕێوڕەسمەیان بە مافی ئینسانی خۆیان زانیوە.