لە سەرەتای مانگی رەشەممەوە تا ئێستا واتە لە ماوەی 12 رۆژی رابردوودا، لانیكەم 45 كەس لە ئێرانی ئیسلامی ئێعدام كراون.
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ 10 كەس لە زیندانی عادڵ ئابادی شیراز لەسێدارە دران.
بە پێی راپۆرتی كۆمەڵەی چالاكانی مافی مرۆڤ لە ئێران، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 12ی مانگی رەشەممە 10 زیندانی پیاو لە زیندانی عادڵ ئابادی شیراز لەسێدارە دران، كە حوكمی 7 كەسیان لە پەیوەند لەگەڵ مادەهۆشبەرەكاندا بوو و 3 كەسی دیكەشیان بە تاوانی قساس لەسێدارە دران.
هەروەها 3 كەسی دیكە رۆژی شەممە 9ی مانگی رەشەممە لە زیندانی رەشت لەسێدارە دران، كە یەكێكیان حوكمی قاچاخی مادەهۆشبەرەكانی لەسەر بوو و 2 كەسی دیكەشیان بە تاوانی ئەنجامدانی قەتڵ ئێعدام كران.
هەروەها كەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی باس لەوە دەكات، كە لە ماوەی رۆژانی یەك تا 7ی رەشممە لانیكەم 32 كەس لە ئێران ئێعدام كراون و 6 زیندانیی سونە مەزهەبی كوردی مەحكوم بە ئێعدامی راگیراو لە زیندانی رەجایی شاری كەرەج و 4 كەسی دیكە بە تاوانی قاچاخی مادەهۆشبەرەكان بە ئێعدام مەحكوم كراون، لە زیندانی ورمێ گواستراونەتەوە بۆ ژووری تاكەكەسی و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
شایانی باسە، لە سەرەتای ساڵی 1393ی هەتاوییەوە تا ئێستا، شەپۆلێكی بەرینی ئێعدامی بەكۆمەڵی هاوڵاتییانی ئێرانی لە لایەن كۆماری ئیسلامیەوە دەستی پێ كردووە و تا ئێستا بە سەدان كەس لەو وڵاتە لەسێدارە دراون، بەڵام ئامارێكی تۆكمە لەو بارەوە لەبەردەستدا نیە.