لە ئەنجامی تەقینەوەی گوللـە خومپارەیەكی نەتەقیوی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و ئێراق ٥ قوتابیی كورد بە توندی بریندار بوون.
بەپێی راپۆرتی كوردپا، سەرلە ئێوارەی رۆژی رابردوو لە ناوچەی (كونجان چەم) سەربە ئوستانی ئیلام، پێنج قوتابی، هەوار نشینەكانی ئەو ئوستانە، لە ئەنجامی تەقینەوەی گوللـە خومپارەیەكی نەتەقیودا بریندا بوون.
ئەمیر محەمەد تەمەن ٨ ساڵ و ئەمیر حوسێن پەیكانی تەمەن ١١ ساڵ (برا) كوڕی یەدوڵڵا، محەمەد و مەهدی باباخانی تەمەن ٧ و ٨ ساڵ (برا) و كوری عەلیمەردان و هادی مەلەكیان كوری كەرەم ناسنامەی بریندارەكانن.
بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، بارودۆخی تەندروستیی دوو كەس لەو قوتابییانە، ناجێگیر راگەیاندراوە.
كارناسێكی هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنی لە ئیلام، ؛ بە سەرنجدان بەوەیكە لەسەدا ٨٠ی جەستەی ٢ كەس لەو قوتابییانە سووتاون، پێدەچێت گوللـە خومپارەی “دود زا” بە روویاندا تەقیبێتەوە.
ئەو ٥ قوتابییە كوردە لە نزیك قەڵای كونجان چەمی مێهران لە پارێزگای ئیلام تووشی ئەو رووداوە بوون، كە هەر پێنجیان لە نەخۆشخانەی “ئیمام”ی شاری ئیلام لە ژێر چاوەدێریی پزیشیكیدان.
پێشتریش لەرووداویكی هاوشێوەدا لە گوندی نشكاشی مەریوان، ٧ قوتابیی ٨ هەتا ١٠ ساڵ تەمەن بەهۆی تەقینەوەی مین بریندا بوون، كە ئاڵا رووبینا چاوێك و گەشین كەریمیش لاقیكی لەدەست دا.
بە ئاماژە بەم ٥ قوتابییە بریندارەی ناوچەی ئیلام، لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا (٢٤ مانگی رابردوو)دا، سەرجەم ١٠١ كەس لە ئوستانە كوردنشینەكانی ئیلام، كرماشان، كوردستان و ئازەربایجانی رۆژئاوا بوونەتە قوربانیی تەقینەویە مین و تەقەمەنیی بەجێماوی شەڕ، كە سەرجەم ١٧ منداڵی تەمەن ژێر ١٥ ساڵ لە نێو برینداران و كەمئەنداماندان.
بە پێی ئامارە نافەرمیەكان، تەنیا لە ماوەی یەك مانگی رابردوودا، ٥ كەس لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران بەهۆی مین و تەقەمەنیی بەجێماوی شەڕ گیانیان لەدەست داوە.