9 چالاكی مەزهەبی كورد لە شاری تاران بانگهێشتی دادگا كران و 11 لاوی دیكە لە ژێر ناوی خت و خوێڕی (اراژل و اوباش) لە شاری ورمێ دەستگیر كران.
بە پێی راپۆرتی كوردپا، ئەمڕۆ شەممە ٩ی مانگی رەشەمە پێنج، گیراوی مەزهەبیی كورد، كە لە بەندی ٤ی زیندانی رەجایی شار لە دەستبەسەریدان بانگهێشتی لقی ٢٨ی دادگەی ئینقلابی تاران كران.
ئەو زیندانییە كوردانە لەلایەن دادوەر (موقەیسە)وە بانگهێشت كراون.
شوناسی ئەو ٥ زیندانییە مەزهەبییەی كە ئەمڕۆ دادگەیی كراون، عەبدولواحید شەرەفیپوور، ئەعمەد محەمەدی، فواد یووسفی، وریا ئەمیری و كەیخوسرەو شەرەفیپوور راگەیاندراوە.
هەروەها رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ٦ی رەشەمە، ٤ كەس لە زیندانیانی سوننی مەزهەبی رەجایی شار بانگهێشتی دادگەی ئینقلاب كرابوون.
عیرفان نادریزادە، یاسر شەرەفیپوور، كەمبیز عەباسی و وریا قادری ئەو چوار زیندانییە مەزهەبییەن كە رەوانەی دادگەی ئینقلابی تاران كراون.
لە هەواڵێكی ماف نیوزیشدا هاتووە، كە لە ماوەی هەفتەی رابردوو 9 كەس لە پاركی “ساحلی” و 2 كەسی دیكەش لە پاركی “میلەت” لە شاری ورمێ لە لایەن هێزەكانی كۆماری ئیسلامی، پاش لێدان و سووكایەتی بە تاوانی خت و خوێڕی (اراژل و اوباش) دەستگیر و راپێچی زیندان كراون.
شایانی باسە، زۆر جار هێزەكانی كۆماری ئیسلامی لە ژێر ناوی خت و خوێڕی لاوان لە شارە جیاجیاكانی ئێران و كوردستان دەستگیر دەكات و هەندێ جاریش لە پێش چاوی خەڵك بە مەبەستی سووك كردنیان و لە هەمان كاتدا چاوترسێن كردنی باقی هاوڵاتییان، لە ئاستی شاردا دەیانگێڕێت و ئەمەش لە ماوەی دەیان ساڵ دەسەڵاتدارییەتی كۆماری ئیسلامی دەریخستووە كە ناتوانێ لە تاوان و لادانە كۆمەڵایەتیەكان كەم بكاتەوە.