21 زیندانیی لە 3 زیندانی “عادڵ ئابادی شیراز، بەم و بەندەر عەباس” و لە ماوەی رۆژانی شەممە و یەكشەممەی ئەم هەفتەیە، لەسێدارە دران و لە ماوەی 10 رۆژی رابردووشدا، لانیكەم 51 كەس لەوانە 10 زیندانیی كورد، كە 5 كەسیان سیاسی بوون لە لایەن كۆماری ئیسلامیەوە لە سێدارە دراون و كۆماری ئیسلامی لە پشتڕاست كردنەوەی ئەم هەواڵە، خۆی دەبوێرێت.
بە پێی راپۆرتی كۆمەڵەی چالاكانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە زیندانی بەندەر عەباس 9 كەس بە تاوانی قاچاخی مادە هۆشبەرەكان و قساس لەسێدارە دراون، كە ناوەكانیان بریتیە لە: “سەجاد قوچانی خەڵكی شاری تاران 27 ساڵ تەمەن، محەمەد غوڵامی خەڵكی تەورێز 33 ساڵ تەمەن، محەمەد كازم یەزدانی دوبرون 55 ساڵە و خەڵكی شاری مەشهەد، عەلیڕەزا رەزمی خەڵكی بوشێهر و 45 ساڵ تەمەن، مێهدی شەهداد خەڵكی ئێرانشار و 31 ساڵە، موسا نكوی زادە خەڵكی بەندەر عەباس و 22 ساڵە، قاسم مورادی زادە 35 ساڵە و خەڵكی شاری یەزد”.
هەروەها 9 كەسی دیكە كە شوناسیان نادیارە لە زیندانی عادڵ ئابادی شیراز لە سێدارە دران و 3 كەسی دیكەش بە ناوەكانی “محەمەد حوجەت ئابادی، رەسوڵ نادری و حسێن میر دوست كوڕی شەبەخ” لە زیندانی ناوەندیی شاری بەم لەسێدارە دران.
دەبێ بوترێ، پاش هاتنە سەر كاری دەوڵەتی رۆحانی و سەرنەكەوتنی پڕۆسەی وتووێژە ناوەكیەكانی ئێران لەگەڵ رۆژئاوا، رێژەی ئێعدامەكان لە لایەن كۆماری ئیسلامیەوە پەرەی سەندووە و ئەمەش لەحاڵێكدایە، كەرۆحانی بەڵێنی ئەوەی دابوو، لە بواری مافی مرۆڤدا دۆخی كۆمەڵگای ئێران بەرەو باشی بڕوات، بەڵام بەم ئێعدام و كوشت و بڕ و دەستگیر كردنانەدا دیارە، هیچ بەڵێنێكی كۆماری ئیسلامی بەگشتی و ئیسڵاحخوازەكانی نێو ئەو حكومەتە، جێگای بڕوا پێ كردن و متمانە نیە.