لە كوێستانەكانی ناوچەی سنووریی “سەلاسی باوەجانی” سەر بە پارێزگای كرماشان، هێزە نیزامییەكانی كۆماری ئیسلامی دەستیان بەسەر كەلوپەلی 13 كۆڵبەردا گرتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ماف نیووز، سەر لە بەیانی ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی 27ی ڕێبەندانی 1393، كۆمەڵێك لە كۆڵبەران و كاسبكارانی سەر سنوور لە سەر چیای سنووریی سەلاسی باوەجانی لە لایەن هێزە نیزامییەكانی كۆماری ئیسلامییەوە تەقەیان لێ كرا و پاشان كەلوپەلەكانیشیان لە لایەن ئەم هێزانەوە بە تاڵان برا.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەو سەرچاوەیە، خەڵكی ئاواییە سنوورییەكان، پاش بیستنی دەنگی تەقەی گوللە خۆیان گەیاندە ئەم شوێنە و ڕێگەیان نەدا مەئموورەكان ئەم كاسبكارانە دەستگیر بكەن.
ئەوە چەندەمین جارە كە هێزە نیزامییەكانی كۆماری ئیسلامی لەو شوێنە تەقە لە كۆڵبەران دەكەن، بەڵام بە خۆشییەوە تا ئێستا ئەم چینە ماف خوراوە لەم شوێنەی كوردستان، بەم هۆیەوە تووشی زیانی گیانی نەهاتوون.
بەو جۆرە كە لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، شەڕو كێشمەكێشی نێوان خەڵكی ئەم ناوچەیە و هێزە نیزامییەكان تا 3 كاتژمێر بەردەوام بووە.
شایانی باسە كە بەهۆی هەژاری لە ڕاددەبەدەری خەڵكی ئەم ناوچەیە و نەبوونی كار و كاسبییەكی باش، دانیشتووانی ناوچە سنوورییەكانی كوردستان بە ناچاری و بۆ دابین كردنی بژێوی ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیان پەنایان بۆ پیشەی پڕ لە مەترسیی كۆڵبەری بردووە و كەمتر رۆژێك هەیە كۆمەڵێك لەو كۆڵبەرانە بە دەستی هێزە نیزامییەكانی كۆماری ئیسلامیەوە نەبنە قوربانی.
ئەوە لە حاڵێكدایە كە ئەم كۆڵبەرانە بۆخۆیان خاوەنی بارەكانیان نین، بەڵكوو لە بەرامبەر هەڵگرتنی ئەم بارەدا تەنیا بڕە پارەیەكی كەمیان پێ دەدرێ.