چەند كەسێكی چەكدار لە شاری كۆپێنهاگ پایتەختی دانمارگ هێرشیان كردە سەر كۆبوونەوەی “ئازادی رادەربڕین و كوفربێژیی” و لەو رووداوەدا كەسێك گیانی لەدەستدا و چەند كەسی دیكەش بریندار بوون.
كەسانی چەكدار هێرشیان كردووەتە سەر ئەو كافە كە لە ژێر چاودێریی پۆلیسدا بووە و پاش تەقە كردن و تێكهەڵچوون، پاشان ئۆتۆمبیلێكی فۆلۆكسی رەشیان كە ژنێك شۆفیری بووە، راگرتووە و شوێنەكەیان بەجێهێشتووە.
ئەم هێرشەش رێك وەكوو هێرشەكەی مانگی رابردوو بۆ سەر گۆڤاری تەنزامێزی شارلی ئەبدۆی فەرانسە بوو و ئەمجارە لە یەكێكی دیكە لە پایتەختە ئەمنەكانی ئوروپا واتە شاری كۆپێنهاگی دانمارك بووە.
لە رەوتی ئەو هێرشەدا بۆ سەر ئەو كافەیە لە كۆپێنهاگ لانیكەم یەك كەس كوژراوە و 3 ئەفسەری پۆلیسیش بریندار بوون.
لە هەندێك راپۆرتی سەرچاوە هەواڵنێرییەكاندا هاتووە، كە یەك كەس ئەو هێرشەی لە كاتژمێر 4ی ئێوارەی رۆژی شەممە 25ی مانگی رێندان ئەنجام داوە و هێرشی كردووەتە سەر كۆبوونەوەی ساڵانەی چالاكانی مەدەنی، رۆژنامەوانەكان و كاریكاتۆریستەكان.
باڵوێزی فەرانسە لە دانماركیش لەو كۆبوونەوەیەدا بووە كە لە ژێر نای “هونەر، ئازادی رادەربڕین و كوفربێژیی” بەڕێوەچووە و ناوبراو پاش ئەو رووداوە لە تویتێكدا باسی لە سڵامەتیی خۆی كردووە.
هەروەها لەو رێوڕەسمەدا كاریكاتۆریستێكی بەناوبانگی سوئێدی بە ناوی “لارس ویكس”و كۆمەڵێك لە لایەنگرانی بەشداربوون كە دەوترێ هیچ زیانێك بەر ئەو كاریكاتۆریستە سوئێدیە نەكەوتووە.
پۆلیست ئۆتۆمبیلی كەسە هێرشبەرەكانی لە یەك كیلۆمتری شوێنی رووداوەكە دۆزیوەتەوە، بەڵام كەسەكان خۆیان هەڵاتوون.
سەرۆك وەزیرانی دانمارك ئەو هێرشەی بە كردەوەیەكی خراپ و توند دژی وڵاتەكەی ناو لێبردووە و مەحكومی كردووە. “هێل سۆرنینگ ئێشمیت” سەرۆك وەزیرانی دانمارك لە درێژەدا دەڵێ: هەموو بینراوە و بەڵگەكان باس لە تێرۆریستی بوونی ئەم رووداوە دەكات و داوای لە پۆلیسی سەرانسەر وڵات كردووە، كە تێرۆریستەكان دەستگیر بكەن.
دەوترێ لارس ویكس كاریكاتۆری سوئێدی ئامانجی ئەو هێرشە بووە. ئەو كاریكاتۆریستە پێشتر بە هۆی كێشانی كارتۆنی محەمەد پێغەمەری موسڵمانەكانەوە هەڕەشەی كوشتنی لێ كرابوو. لە ساڵی 2007 گرووپی ئەلقاعێدە بۆ كوشتنی ئەو كاریكاتۆریستە 68 ساڵە سوئێدیە 100 هەزار دۆلار خەڵاتی دیاری كردبوو.
بابەتی باسی ئەو كۆبوونەوەیەی دوێنێ كە لە ناوەندی كەلتووریی كۆپێنهاگ كەوتە بەر پەلاماری تێرۆریستی باس كردن لەسەر هێرشەكانی ئەم دوایانە بۆ سەر گۆڤاری شارلی ئەبدۆی فەرانسە و مەسئەلەی ئازادیی رادەربڕین بووە. شوێنی كۆبوونەوەكەش كافە “كراتوندن” لە باكووری شاری كۆپێنهاگ بووە. ئەو كافەیە پێشتر بە بەڕێوەبردنی بەرنامەكانی موسیقی جار بەناوبانگ بووە.
لە روانگەی هەندێ لە چاودێرانەوە، پشتیوانی زۆرێك لە وڵاتانی لاییكی ئوروپایی لە ئازادیی بێ سنوور لە بێ رێزیی بە دین و پیرۆزیەكان بووەتە یەكێك لەو بابەتانەی كە خەڵكانێكی لەو وڵاتانە هەستی هەندێ كەسی ئایینی هەڵخڕاندووە.
پاپ فرانسیس رێبەری كاتۆلیكەكانی جیهان لە دژكردەوە بە هێرشی مانگی رابردوو بۆ سەر گۆڤاری شارلی ئەبدو بە رەخنەگرتن لە بێ رێزیی بە دینەكان وتبووی: كاتێ كەسێك بە بڕوا ئایینیەكانی كەسانیتری بێ رێزیی بكات و هەڵیانخڕێنێت، دەبێ چاوەڕوانی مست بێت.