“حوسێن هەمەدانی” فەرماندەی پێشووی سپای تاران وتوویەتی: لانی كەم 830 كەس لە ڕەوتی خۆپێشاندانەكانی پاش هەڵبژاردنی 88دا دەماری بڕبڕەی پشتیان پچڕاوە.
بەپێی ڕاپۆرتی “مەشرێق نیوز”، حوسێن هەمەدانی فەرماندەی پێشووی سپای محەممەد رەسولڵڵای تاران، دوو رۆژ پێش ئێستا وتوویەتی: لە ڕەوتی ڕووداوەكانی ساڵی 1388 زیاتر لە 830 كەس تووشی پچڕانی دەماری بڕبڕەی پشتیان بوون.
باس كردن لەم ئامارانە لە لایەن ئەو كاربەدەستەی سپای پاسداران لە حاڵێكدایە، كە مۆحسێنیی ئێژەیی وەزیری ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی دەڵێ: ئەگەر بوارمان بۆ بڕەخسێ ڕێبەرانی فیتنەی 88 محاكمە دەكەین.
ئێژەیی كە لە دەفتەری نوێنەرایەتیی ڕێبەری كۆماری ئیسلامی لە هەمەدان قسەی دەكرد وتی: بەڕای زۆربەی خەڵك، سیناریۆی ڕۆژاوا لە مەسەلەی كوشتنی ندا ئاقاسوڵتان و هەوڵدان بۆ تاوانباركردنی نیزام بوو و ڕێبەری ئێران بە هاوكاریی خەڵك توانیان هەموو بوارەكانی ئەم ڕووداوە پووچەڵ بكەنەوە.
بەدوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەركۆماری لە ساڵی 1388، سەدان كەس لە شارە جیاجیاكانی ئێران بە ئاكامی هەڵبژاردنەكان ناڕەزاییان دەربڕیز بە وتەی نەیارانی كۆماری ئیسلامی، لە ڕەوتی ئەو ناڕەزایەتییانە دەیان كەس لە لایەن هێزەكانی كۆماری ئیسلامیەوە كوژران.
دەست و پێوەندییەكانی ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو ناڕەزایەتییانە بە فیتنە ناو لێدەبەن و میرحوسێن مووسەوی و مێهدی كەڕووبی، ناڕازیانی ئاكامی هەڵبژاردنی ساڵی 88 یان بە ڕێبەانی فیتنە ناودێر كرد.
ئەوان هەروەها كوشتنی ناڕازییان ڕەت دەكەنەوەو دەڵێن: زۆربەیان لە لایەنگرانی حكومەت و خامنەیی بوون.