شه‌ممه‌ 23 تشرینی دووه‌م 2024

كۆبوونەوەی دیموكراتەکان بە مەبەستی یەكگرتنەوە

راگەیاندنی لایەنەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستان و حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، بە سەردێڕی كۆبوونەوە لەگەڵ هاوڕێیانی پێشوومان، باسیان لە دانیشتن و كۆبوونەوەی دەفتەر سیاسی هەردوولا بە مەبەستی یەكگرتنەوە كردووە.

پێشنیوەڕۆی دوێنێ‌ دووشەممە13ی مانگی رێبەندان، هەردوو دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموكراتی كوردستان‌و حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، بە بەشداریی سكرتێری گشتیی هەردوولا مستەفا هیجری و خالید عەزیزی، بۆ باسكردن لە پرسی یەكگرتنەوە كۆ بوونەوە.

دەوترێ لە كۆبوونەوەی هاوبەشی دوو دەفتەری سیاسیدا هەردوو سكرتێری گشتی، شێلگیربوونی حیزبەكانیان لە سەر ئامانجی یەكگرتنەوەی دیموكراتەكانیان وەبیر هێنایەوەو لەم پێوەندییەشدا هەر یەكە لە خالید عەزیزی‌و مستەفا هیجری، ڕوانگەی حیزبەكانیان لە بارەی چۆنیەتی یەكگرتنەوەی ئەم دوو لایەنە خستە ڕوو.

لە درێژەی ئەو كۆبوونەوەیەدا بەشدارانی كۆبوونەوە هاوبەشەكە، پرسیار‌و سەرنج‌و تیبینییەكانی خۆیان لە بارەی چارەسەری پێشنیاریی یەكتر هێنایە گۆڕێ.

ئاماژەبەوەكراوە خاڵی گرنگ هەر یەك لە لایەنەكان بە نۆرەی خۆی‌و بە گوێرەی خوێندنەوەی خۆی لە سەری پێداگر بوو، پێویستیی گەیشتن بە چارەسەرێك بوو كە یەكگرتنەوەیەكی سەركەوتوانەی لێ بكەوێتەوە.

ئەم كۆبوونەوە و لە یەك نزیك بوونەوانەی لایەنەكانی دیمكورات لە حاڵێكدایە، كە ساڵی رابردووش 2 لایەنی “كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران” بە مەبەستی لێ نزیك بوونەوە و یەكگرتنەوە چەندین كۆبوونەوەیان لە ئاستی سەرەوەدا بەڕێوە برد، بەڵام لە ئاكامدا لە كاتی پێشكەش كردنی نەخشە رێگایەك بۆ یەكگرتنەوەی یەكجاری، پرۆسەی یەكگرتنەوەكە بە هۆی ئەوەیكە هێشتا ئەدەبیات هاوڕێیانی پێشوو لە ئارادایە و یەكتر قبوڵ كردن كەمە، رەوتی یەكگرتنەكە لە سەر رێڕەوی خۆی تەرازا.

لە هەمان كاتدا لەم چەند مانگەی دواییدا، دەنگۆی یەكگرتنەوەی 3 لایەنی كۆمەڵە لەەوانە “كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، رەوتی سۆسیالیستی كۆمەڵە و باڵی ناڕازیی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران” بڵاو كرایەوە و هەتا ئێستا ئەو یەكگرتنەوەیەش هیچ ئاكام و ئامانجێكی لێ دیار نیە.

زۆرێك لە ئەندامانی حیزبەكانی رۆژهەڵات و چاودێرانی سیاسی ئەو بەشەی، وێڕای رەخنەگرتن و ناڕەزایی بەرامبەر بەو جیابوونەوانە، دەڵێن: جیابوونەوە و لە یەك تەرازان لەو حیزبانەدا بە یەك شەو ئەنجام دەدرێت و بە یەك شەو دەبنە دوژمنی گیانیی یەكتر، بەڵام پڕۆسەی یەكگرتنەوە بۆچی دەبێ ئەوەندە بخایەنێت و هەمووان خوازیاری یەكگرتنەوەی حیزبەكان و سازدانی بەرەیەكی كوردستانین تا باشتر و یەكگرتووتر بتوانن ئامانجەكانی خۆیان بەرامبەر بە كۆماری ئیسلامی بەرنە پێشەوە.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.