لە درێژەی رەوتی كۆكردنەوەی دیشی ماهوارەی هاوڵاتییانی دانیشتووی شارە جیاجیاكانی كوردستان، ژمارەیەكی دیكە لە دیش و ماهوارە لە شاری سنە و بە دەستی هێزە ئینتزامیەكانی كۆماری ئیسلامی كۆكرایەوە و ئەو كردەوەیەش ناڕەزایەتی هاوڵاتییان بەدوای خۆیدا هێنا.
هەواڵی گەیشتوو بە “زاگرۆس پۆست” باس لەوە دەكات، كە ئەمڕۆ دووشەممە 13ی مانگی رێبەندان هێزە ئینتزامی و لیباس شەخسیەكانی كۆماری ئیسلامی لە شاری سنە، هەڵیان كوتاوەتە سەر ماڵی دانیشتووانی گەڕەكەكانی “شەقامی سەفەری و مێعراج” و دەستیان كردووەتە كۆكردنەوەی ماهوارە و كەرەستەی پەیوەندیدار.
پەیامنێرمان لە شاری سنەوە دەڵێ: هێزە ئینتزامی و لیباس شەخسیەكان سەرەتا بە ناوی مەئموری ئیدارەی بەرق و ئاو چوونەتە نێو ماڵی هاوڵاتییان و كاتێ دەستیان كردووەتە كۆكردنەوەی ماهوارە، لەگەڵ هاوڵاتییان تووشی شەڕ و تێكهەڵچوون بوون و لە ئاكامدا كەسێك دەستگیر كراوە و چەند كەسی دیكەش بریندار بوون.
شوناسی كەسە گیراوەكە و بریندارەكان ئاشكرا نیە و هۆكاری تێكهەڵچوونەكەیشان ناڕەزایی بەرامبەر هێرش و شكاندنی كەرامەتی ماڵەكانیان لە لایەن ئەو هێزانەوە بووە.
دەبێ بوترێ، كۆماری ئیسلامی سەیركردنی كاناڵە ماهوارەییەكان و كەڵك وەرگرتن لە كەرەستە پێشكەوتووەكانی وەكوو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، بە پێچەوانەی یاسا و رێسا ئایینیەكانی خۆی دەزانێت و بەردەوام لە هەموو دام و دەزگاكان و كەسایەتیەكانی خۆیانەوە بە دژی ئەو كەرەستانە پڕوپاگەندەی خراپ دەكەن و ئەو هاوڵاتییانەی كەڵكی لێ وەردەگرن دەكەونە بەر پەلاماری رەق و قینی حكومەت.