3 زیندانی سیاسی كورد لە زیندانی شاری میناب بە بۆنەی ئازادكرانی شاری كۆبانێ لە لایەن خەڵكی قارەمانی ئەو شارەوە بە دژی چەكدارە توندرەوەكانی داعش راگەیەندراوێكیان بڵاو كردۆتەوە.
دەقی ئەو راگەیەندراوە بەو چەشنەیە:
كۆبانی هێڵی سووری وەچەكوژانی كوردە
خەڵكی ئازادیخوازو بە ئیرادەی كورد!
بیستمان كە كۆبانی لەدەست هێزە ڕەشپۆشەكانی داعش پاك بۆتەوەو شەڕڤانانی بوێری كورد، هێزەكانی بەرگریی لە خەڵك و شۆڕشگێرانی ڕێگەی ئازادی، كۆبانیان ئازاد كرد. بیستنی ئەم هەواڵە بۆ ئێمە زیندانیانی سیاسی لە زیندانەكانی داعشی ئێران، جێی هیواو خۆشحاڵی بوو. ئەم سەركەوتنە لە هەموو خەڵكی كوردستان و جیهان پیرۆز بێ.
خەڵكی كۆبانی لە ماوەی هێرشەكانی یەك ساڵی ڕابردووی دوژمنكارانەی توركیە، سووریە، ئێران و عێراق و بیانیدا، توانیان داعش وەدەرنێن، داعشێك كە نوێنەری توندئاژۆیی و دڕندەترین بیری دژە مرۆیی نەتەوەی كوردبوو. زۆر لە مێژە لە لایەن دەوڵەتانی ناوچەوە بوونی كوردستان ئینكار و كورد بە دەستی هێزە دەمارگرژ و وشكەمەزهەبییەكان، ئەنفال و ژینۆساید دەكرێ.
كۆبانێ هێڵی سوورە بۆ ئەوانەی كە دەیانەوێ وەچەكوژیی كورد بكەن. سەرەنجام كۆبانێ دەستی داگیركەران و توندڕەوەكانی پەڕاند.
خۆڕاگریی ژنان و پیاوانی كۆبانی نیشانەی یەكیەتیی، یەكگرتوویی و ئیرادەی نەتەوەیەكە كە دەیهەوێ لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێ و پشت بەهیچ هێزێك لە نێوخۆ و دەرەوەی كوردستان نەبەستێ. كۆبانی دڵی ئازادیخوازانی جیهانە و باكوور و باشوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان و هەروەها زۆربەی گەلە ژێردەستەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و سەرتاسەری جیهانیش دەبێ ئۆلگوو لە خەباتی ژنان و پیاوانی ئەم شارە وەربگرن.
گیراوانی سیاسیی كورد لە زیندانی میناب:
عەلی مرادی، كەماڵ شەریفی و محەممەدحوسێن ڕەزایی
7ی ڕێبەندانی 1393ی هەتاوی – 27 ی ژانویەی 2015ی زایینی