میلیتاریزەكردنی كۆڵانو گەڕەكەكانی شاری سنە خەڵكی شارەكەی نیگەران كردووە.
لە دوێنێ چوارشەممە 1ی مانگی رێبەندان هەموو شوێنەكانی شاری سنە، تەنانەت كۆڵانەكانو گەڕەكانیش لەلایەن هێزە ئەمنی و ئینتیزامیەكانی كۆماری ئیسلامیەوە گەمارۆ دراوە و بە دەیان ئۆتۆمبیل و هێزی چەكدار لە هەموو شوێنێك جیگیر كراون.
سەرچاوەیەك لە شاری سنەوە بە “زاگرۆس پۆست”ی راگەیاند: هێزە ئەمنیو ئینتیزامیەكانو هێزەكانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات هاتوچۆی هاوڵاتیانیان كۆنترڵ كردووەو پشكنینیان بۆ خەڵك و ئۆتۆمبیلەكان داناوە، ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانیو توڕەی خەڵكی ئەو شارە.
بەپێی سەرچاوەكە، لە كاتژمێر 4ی پاشنیوەرۆی دوێنێ چوارشەممەوە هێزەكانی كۆماری ئیسلامی رێگریی لەكۆبوونەوەی زیاتر لە دوو كەس دەكەن و هەركەسێكیش سەرپێچی بكات دەستگیر و راپێچی ناوەندە ئەمنیەتیەكان دەكرێت.
بە پێی زانیارییەكانی “زاگرۆس پۆست” حاڵەتی ئامادەباشیو میلیتاریزەكردنی شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنیو ئینتیزامییەكانی كۆماری ئیسلامی هەتا ئێستاش بەردەوامە و ئەم میلیتاریزە كردنەش پاش ئەوە دێت، كە لە ماوەی حەفتەی رابردوودا ١٥ گوردانی تۆپخانەیی ئەرتەشی كۆماری ئیسلامیی لە تارانەوە هێنراون و لە دوروبەری شاری سنە جێگیر كراون.
بە وتەی فەرماندەی گشتیی ئەو هێزە تۆپخانەییە، لە دوای شەڕی ئێران و ئێراقەوە ئەمە یەكەمجارە هێزێكی تۆپخانەیی لەو چەشنە دەگەرێتەوە ناوچەكانی كوردستان.
موحسین ئازەر ئەفرووز، ئەو گوردانە بەهۆی پێویستیی سەرلەنوێ گەڕێندراونەتەوە شاری سنە و ئەم كارەش بە مەبەستی پێشگیری لە جموجۆڵی هێزە خەباتكار و شۆڕشگێڕەكانی كوردستان ئەنجام دراوە.