بەڕێوەبەری گشتیی ژینگەپارێزیی پارێزگای “سنە” وتی: بەداخەوە بەهۆی نەبوونی بەرنامەڕێژییەكی لەبار، بەردەوام و جێكەوتوو دەبێتە هۆی ئەوەیكە تا 10 ساڵی داهاتوو ئەو پارێزگایە لە ژێر زبڵ و خۆڵ و خاشاكەوە ون دەبێت.
بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی حكومەتیی ئیسنا، “عەبدولوەحید ریازی فەر” لە دووهەمین كۆبوونەوەی كارگرووپی پاشماوەكان، وتوویەتی: شێوەی كۆكردنەوە، لەنێوبردن، نەبوونی رێكخستنی شوێن و رێگا، بەس گواستنەوە و كۆكردنەوەی زبڵ و خۆڵەكە و جێ نەخستنی كەلتووری گونجاو لە سەرەكیترین هۆكارەكانی تەشەنە سەندنی گرفتەكانی پاشماوەكان لە پارێزگای سنە دێتە ئەژمار.
ناوبراو جەختیشی كردەوە: بەرهەمهێنانی ساڵانەی 359 هەزار تۆن پاشماوەی ئاسایی و 870 تۆن پاشماوەی پزیشكی دەریدەخات، دەبێ بە كەڵوەرگرتن لە تێكنۆلۆژیەكانی رۆژ، بەرنامەی جێكەوتوو و بەردەوام، هاوكاریی ئۆرگانە پەیوەندیدارەكان بیر لە لەنێوبردن و گێڕانەوەی (بازیافت) لەبار بین.
لە لایەكی دیكەوە “شەهابد محەمەدی” جێگری چاودێریی و پاراستنی ژینگەی پارێزگای سنە، لە راپۆرتێكدا باسی لەوە كردووە، كە لەنێوبردنی 20 تۆن سەمی كشت و كاڵیی‘ دەسپێكی جیاكردنەوەی زبڵ و خۆڵ لە شارەكانی بانە، دیواندەرە، دێگولان، سەقز و قوروە و سڕینەوەی مەترسی پتر لە 90% پاشماوەی عفونی لە خاڵە پۆزۆتیڤ و گرنگەكانی پارێزگای سنەیە.
ناوبراو لە كۆتاییشدا دەڵێ: جێبەجێ نەكردنی گەڵاڵەی سەرپەرشتی بەسەر پاشماوەكان لە لایەن شارەوانی، رێكنەخستنی شوێنی باش بۆ داپۆشینی زبڵەكان، نەبوونی چاودێریی بەسەر زبڵە شیرەدارەكان، پیس بوونی ئاوە ژێرزەوینیەكان، دابین نەكردنی بانكی زانیاریی و ناسینەوەی پاشماوە ئاسایی و تایبەتەكان، نەناسینەوە و كۆنەكردنەوەی پاشماوەكانی بەشی بەرق و ئێلێكترۆنیك لە لایەن شیركەتی بڵاوكردنەوەی بەرقی پارێزگاكە و نەناسینەوە و بەڕێوەبەرایەتی گونجاوی پاشماوە نەوتییەكان لە لایەن شیركەتی بڵاوكردنەوەی بەرهەمە نەوتییەكانی پارێزگای سنە، لە گرنگترین پەسەندكراوەكانی كۆبوونەوە پێشووەكانە، كە لە لایەن ئۆرگانە پەیوەندیدارەكانەوە نەچووەتە قۆناغی جێبەجێ كردنەوە.