لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا رێژەی تەڵاق لە پارێزگای سـنە دووقات زیادی كردووە و لە بەرانبەر ٥ ژیانی هاوبەشدا یەك تەڵاق تۆمار كراوە كە ئەو رێژەیەش بە شێوەیەكی سەرسووڕهێنەر لەو پارێزگایە رووی لە زیادبوون كردووە.
ئامارە فەرمییەكانی ئیدارەی تۆماركردنی باری كەسێتی كۆماری ئیسلامی لە پارێزگای سـنە باس لەوە دەكات، كە رێژەی ئامارای تەڵاق لەو پارێزگایە رووی لە هەڵكشان دایە و رێژەی پێكهێنانی ژیانی هاوبەشیش بە پێچەوانەیە و هەروەها زۆربەی ئەو تەڵاقانە لە ماوەی ساڵی یەكەمی پێكهێنانی ژیانی هاوبەشدا تۆمار كراوە.
لە ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی لە بەرانبەر 3.9% پێكهێنانی ژیانی هاوبەشدا یەك تەڵاق تۆمار كراوە كە لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا لە بەرانبەر ٥ ژیانی هاوبەشدا یەك تەڵاق تۆمار كراوە.
لەو ئامارەدا شارەكانی كامیاران، قوروە، سـنە، سەقز و بانە زیاترین ئاماری تەڵاقیان تێدا تۆمار دەكرێت.
ئامارەكان لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا دەرخەری ئەوەیە كە پارێزگای سـنە بەردەوام حەوتەمین پارێزگای ئێران لە بواری تەڵاق بووە و ئەو رێژەیە بەردەوام رووی لە هەڵكشان دایە.
لەسەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە ٢ هەزار حاڵەت لە پارێزگای سـنە تۆمار كراوە و لە هەر 7.4% پێكهێنانانی ژیانی هاوبەش لەو پارێزگایە ١ تەڵاق رووی داوە و تەمەنی شووكردن رووی لە هەڵكشان بووە.
بێكاری و گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەكان یەكێك لە گرینگترین هۆكارەكانی تەڵاق ئەژمار دەكرێت و بە بەرزبوونەوەی رێژەی گیرۆدەبوان بە ماددە سڕكەرەكان و رێژەی بێكاری لە پارێزگای سـنە ئاماری تەڵاق رووی لە هەڵكشان بووە.