ماڵی چالاكێكی كرێكاریی لە شاری سنە پاش هێرشی هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی پشكێندرا.
بە پێی راپۆرتی كۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێكهێنانی دامەزراوە كرێكارییەكان، رۆژی چوارشەممە 17ی مانگی بەفرانبار، ژمارەیەك لە هێزەكانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی شاری سنە، كاتژمێر 8 و نیوەی سەرلەبەیانی هێرشیان كردووەتە سەر ماڵی چالاكی كرێكاریی “جەلیل محەمەدی” و ماڵی ناوبراویان پشكنیوە.
دەوترێ وێڕای ئەوەیكە ناوبراو خۆی لە شارەكانی دیكە سەرقاڵی كار كردنە و لە كاتی هێرشی ئەو هێزانەدا لە ماڵەوە نەبووە.
هێزەكانی وەزارەتی ئیتلاعات هۆكاری ئەو هێرشەیان بە بنەماڵەكەی، داواكاریی بۆ هەندێ وەڵام و روونكردنەوە لە لایەن “جەلیل”ەوە بووە.
جێگای ئاماژەیە، جەلیل محەمەدی لە چالاكانی كرێكاریی و یەكێك لە كەسایەتیە خۆشناوەكانی نێو ریزی كرێكارانی شاری سنە دێتە ئەژمار و ساڵانێكە، لە رێگای دەستڕاگەیشتنی كرێكاران بە مافەكانیان، چالاكی دەكات.