سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌مه دژ به تێرۆری ڕۆژامهنووسانو به تایبه‌ت تێرۆری رۆژنامه‌نووس کاوه گه‌رمیانی له زانکۆی سلێمانی خۆپیشاندن کرا. خۆپیشاندنه‌که له لایه‌ن به‌شی زانسته مرۆڤایه‌تیه‌کانی ئه‌و زانکۆوه ڕێکخرابوو به‌شێک له مامۆستایانی زانکۆیش به‌شداری بوون.
کاوه گه‌رمیانی سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری ڕایه‌ڵ‌و په‌یامنێری رۆژنامه‌و ماڵپه‌ڕی ئاوێنه بوو که شه‌وی پێنجشه‌مه ڕێکه‌وتی 05/12/2013 له به‌رده‌م ماڵی باوکی له که‌لار له لایه‌ن که‌سانێکی نه‌ناسه‌وه درایه به‌ر ده‌سڕێژی گوله‌و ده‌ستبه‌جێ گیانی له ده‌ستدا.
تێرۆرکردنو سووکایه‌تیکردن به ڕۆژنامه‌نووسان له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا له هه‌رێمی کوردستان/ عێراق په‌ره‌سی سهندووهوجگه له کاوه گه‌رمیانی ده‌یان رۆژنامه‌نووسی تر له دوو ساڵی ڕابردوودا به شێوه‌یه‌کی گوماناوی هه‌ڕه‌شه‌یان لێکراوه یا کوژراون. له‌و باره‌وه سه‌نته‌ری مێترۆ بۆ داۆکی کردن له مافی ڕۆژنامه‌نوسان ڕایگه‌یاندووه: ‘له ساڵی 2012 دا 190 پێشێلکاریی جۆراوجۆر به‌رامبه‌ر به 132 ڕۆژنامه‌نووس ئه‌نجامدراون.
له لایه‌کی تره‌وه، هاوڕێو نزیکانی کاوه گه‌رمیانی ده‌ڵێن هیچ کێشه‌یه‌کی له گه‌ڵ که‌س نه‌بووه، جگه له‌وه‌ی ڕۆژنامه‌نووسێکی بوێر بووه‌و سڵی له که‌س نه‌کردووه‌ته‌وه‌و به‌رده‌وام هه‌وڵی داوه ڕاستیه‌کان بخاته ڕوو. ئه‌گه‌رچی له هه‌رێمی کوردستان ڕۆژنامه‌نووسی پیشه‌یه‌کی ئازاده‌و که‌مترین سنووری یاسایی هه‌یه بۆ چالاکییه‌کانیان، به‌ڵام هه‌ندێک پێیان وایه چونکه ناوچه‌ی نیشته‌جێ بوونی کاوه گه‌رمیانی، که‌لار بووه‌و ئه‌و شوێنه‌ش له ڕووی ئیدارییه‌وه تا ئێسته نه‌خراوه‌ته سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، شوێنێکی نائهمنهو هۆکاری کوژرانی کاوه گه‌رمیانیش بۆ نائه‌من بوونی که‌لار ده‌گه‌ڕێته‌وه.
هاوکات ئه‌مڕۆ لێکۆڵینه‌وه‌کان له‌سه‌ر تاوانی کوشتنی کاوه گه‌رمیانی ده‌ستی پێکردووه‌و ‘داواکاری گشتی’ که گرووپێکی فره‌چه‌شنی لایه‌نه جیاوازه‌کانه، ڕایگه‌یاندووه چاودێریی پێشچوونی که‌یسی کوژرانی ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه ده‌کات.
تێرۆرکردنی کاوه گه‌رمیانی کاردانه‌وه‌ی به‌ربڵاوی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌و له زۆربه‌ی هه‌واڵنێرییه جیهانیو ناوچه‌ییه‌کانه‌وه ئامریکا‌و ئه‌منێستی ئینتێرناشناڵو په‌یامنێرانی بێسنوورو چه‌ند حزب‌و لایه‌نی سیاسی مه‌حکومیان کردووه‌و داوایان له ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی کردووه تا به زووترین کات بکوژانی ده‌سبه‌سه‌ر بکرێن‌و سزا بدرێن.
وێنه: پوستێری کاردانه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌کانی دوای تێرۆری کاوه گه‌رمیانی، سایته‌کان.