پاش ئەوەی لە مانگی خەرمانانی ساڵی 1389ی هەتاویی تێكهەڵچوونێكی چەكدارانە لە نێوان چەند پێشمەرگەیەكی كۆمەڵە لەگەڵ هێزەكانی سپای پاسداران لە شاری سەقز روویدا، دەنگو رەنگی كۆماری ئیسلامی بە هاوكاریی ئیدارەی ئیتلاعات دەیەوێت رووداوەكە سەرلەنوێ دابڕژێنێتەوە.
بە پێی هەواڵێكە بە ” زاگرۆس پۆست ” گەیشتووە، رۆژی پێنج شەممە 11ی بەفرانباری 1393 ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز بەندكراوێكی سیاسی كورد بە ناوی “موتەلیب ئەحمەدیان” ناسراو بە ئارامی لە زیندانی ئەو شارە وێڕای لێدانو سووكایەتی، بردویانەتە شوێنی رووداوە چەكداریەكەی چەمی سەقزو لەو رێگەوە دەیانەوێت، وێنەی ئەو تێكهەڵچوونە سەرلەنوێ دابڕژێننەوە.
جێگەی ئاماژەیە، خەرمانانی ساڵی 1389ی هەتاویی لە گەڕەكی كوشتارگای نزیك چەمی سەقز تێكهەڵچوونێكی چەكداریی لە نێوان چەند پێشمەرگەیەكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانو هێزەكانی كۆماری ئیسلامی هاتە ئاراوەو تێیدا منداڵێك بە ناوی مەتین ئیبراهیمی بە تەقەی هێزەكانی رژیم گیانی لەدەستدا.
ئەمە لە حاڵێكدایە كە كۆماری ئیسلامی بە درێژایی دەسەڵاتی خۆی هەوڵیداوە بە داڕشتنەوەی ئەم شێوە رووداوانە بە قازانجی خۆی، دانپێدانانی زۆرەملێ لە بەندكراوان وەربگرێتو لە هیچ ئەشكەنجەو سووكایەتیەكی نامرۆڤانە دەستی نەپاراستووە.