چاودرێری مافی مرۆڤی سوریە جەخت دەكاتەوە، لەوەی، داعش لە 3 مانگی رابردوودا، هەزارو 878 كەسی لە سوریه، گوللەباران كردون.
بەپێی هەمان سەرچاوە: لەلایەن داعشەوە، 81 چەكداری گروپە ئیسلامییەكانی ترو بەرەی نوسرە لە پاش بەدیلگرتنیان، گولـلەباران كراون و لەهەمان كاتیشدا داعش، 120 چەكداری خۆی بە تۆمەتی زیادەڕۆیی كوشتون و 502 ئەفسەرو سەربازی ئەرتشی سوریش لە دوای دەستگیركردنیان، گولـلەباران كردون.
وەك چاودرێری مافەكانی مرۆڤ لە سوریە ئاماژەی پێكردوە: جگە لەو ژمارەیە كە داعش گوللەبارانی كردون، بەسەدان كەسی تریان، زیندانیی كردونو بەسەدانی تریش لەسەر دەستی داعش بێسەروشوێنكراون كە لەنێوشیاندا ژمارەیەك هاوڵاتیی كورد هەن، كە لەكاتی پەلاماردانی كۆبانێ و دەوربەری، بەدیل گیراون.
لە لایەكی دیكەوە، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند لەمانگی رابردوودا 3 هەزارو 442 تۆمەتبار بە كردەوەی تیرۆریستی بەهۆی نەبوونی بەڵگەی تەواو، لەزیندان ئازاد كراون.
عەبدولستار بەیرەقدار، وتەبێژەی فەرمی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند: دادگاكانی عێراق لەوانە 2 دادگای لێكۆڵینەوەو تاوان بەپێی مادەی 4 یاسای دژە تیرۆر 3 هەزارو 442 كەسیان لەزیندان ئازاد كرد كە بە ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی تۆمەتبار بوون بەڵام بەڵگەی پێویست بۆ سەلماندنی تاوانەكەیان نەبووە.
ئەمەش لەحاڵێكدایە، كە هەواڵەكان باس لەوە دەكات: لە لە ماوەی یەكساڵی رابردوو نزیك بە 5 هەزار چەكداری داعش لە عێراق و سوریە كوژراون.