48 فەرمانبەری ئەوقاف لە باشووری كوردستان و 40 فەرمانبەری دیكەی ئەو وەزارەتە لە ناوچەی “مەخمور و دیبەگە” چوونەتە ناو ریزی چەكدارانی داعشەوە.
لەمبارەیەوە كەمال موسلیم، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی باشووری كوردستان، لەلێدوانێكیدا بەSNNی ڕاگەیاندووە: لەكوردستان كەمترین خەڵك لەناو وەزارەتی ئەوقاف چۆتە ڕیزی چەكدارانی داعشەوە و ئەویش نزیكەی (٤٨)فەرمانبەرە و ڕێكاری یاسایمان بەرامبەریان گرتۆتەبەر، كە سەرەتا ئاگادار دەكرێنەوە ئەگەر لەوماوە یاساییەی دانراوە پەیوەندی بە شوێنی كار كردنەوە نەكەن، دواتر بەیاسایی فەسڵ دەكرێن.
لای خۆشیەوە، سراج ئەحمەد سەرۆكی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئایینی پەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەSNNی ڕاگەیاند: لەسەرچوونی ژمارەیەك فەرمانبەر بۆ نێو گرووپی داعش بەدواداچوونمان كردوە، بەتایبەت لە ناوچەكانی مەخمور و دیبەگە، كەژمارەیەك فەرمانبەری عەرەبن لەسەر میلاكی وەزارەتی ئەوقافی باشووری كوردستان، كەسوكار و نزیكەكانیان پێیان ڕاگەیاندوین كەبەشێكیان ناگەڕێننەوە، بەشێكی دیكەشیان لەناوچەكانی ژێردەستی داعشدا لەبەر بەرژەوەندی ماڵ و موڵك وخێزانیان، ناتوانن بگەرێنەوە و دەوام بكەن، لایەنی پەیوەندیداریش كەوەزارەتی ئەوقافە بەڕێگەی یاسایی ئاگاداری كردونەتەوە، بۆئەوەی بگەڕێنەوە بۆ سەر شوێنی دەوامەكانیان.