هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، لە ناوچە شاخاویەكانی سەر بە شاری “شنۆ” كاسبكاران و كۆڵبەرانی كوردیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و بەو هۆیەوە كاسبكارێك بریندار بووە و 11 سەر ئەسپی بارهەڵگری ئەو كاسبكارانەش كوژراون.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە “زاگرۆس پۆست”، سەر لەئێوارەی رۆژی سێشەممە 2ی مانگی بەفرانبار، لە ناوچەی “ناڵوس” سەر بە شاری “شنۆ” بە هۆی هێرشی هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر كاسبكاران و كۆڵبەرانی كورد، كەسێك بە ناوی “مەنسور حاجی بەیگی” خەڵكی ئاوایی “میراوا” بە زەبری گوللە بریندار بووە.
هەر لەو پەیوەندەدا 11 سەر ئەسپ و ئاژەڵی بارهەڵگری ئەو كاسبكارانەش كوژراون.
شایانی باسە، كەمتر رۆژێك هەیە، لە سەر سنوورەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، كۆڵبەران و كاسبكارانی كورد نەكەونە بەر دەستڕێژی گوللە و هێرشی چەكدارانی كۆماری ئیسلامی و بەو بۆنەوە خۆیان و ئاژەڵە بارهەڵگرەكانیان تووشی خەساری گیانی نەبن و هەروەها كەلوپەل و داراییەكانیشیان لە لایەن ئەو چەكدارانەوە زەوت نەكرێ. ئەمەش لەحاڵێكدایە، كە خەڵكی ناوچە سنووریەكانی كوردستان و هەندێ ناوچەی دیكەی ئێران، بە هۆی بێكاریی لە رادەبەدەر و هەژاری و دەستكورتی، روودەكەنە كاری مەترسیداری كاسبكاریی لەسەر سنوورەكان.