چارەنووسی چالاكێكی مافی مرۆڤ لە كوردستان، كە لە لایەن هێزەكانی كۆماری ئیسلامیەوە دەستگیر كراوە، نادیارە.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە “زاگرۆس پۆست”، چارەنووسی هاوڵاتیەكی كوردی خەڵكی شاری”سنە” بە ناوی “فەرشید دۆڵابی” 26 ساڵ تەمەن كوڕی “عەبدولخالق” كە ماوەی چەند رۆژێكە لە لایەن هێزەكانی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامیەوە دەستگیر كراوە، نادیارە.
بە وتەی یەكێك لە ئەندامانی بنەماڵەكەی “فەرشید دۆڵابی” چالاكی مافی مرۆڤ لەم رۆژانەی دواییدا و لە رەوتی بانگهێشت و دەستگیركردنی چالاكانی كورد، لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە دەستگیر و گواستراوەتەوە بۆ شوێنێكی نادیار.
بنەماڵەی ئەو چالاكەی مافی مرۆڤە وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە چارەنووسی رۆڵەكەیان، كە لەم رۆژانەی دواییدا لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە زۆر زەخت و گوشاریان لەسەر بووە و ئەزیەت كراون و هەرچی بەدواداچوونی دۆخی فەرشید دەكەن، هیچ زانیارییەك سەبارەت بە چارەنووسی نادەنە دەستەوە.
ئەمەش لەحاڵێكدایە، كە لە ماوەی كەمتر لە یەك مانگی رابردوو، لە شەپۆلی نوێی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵكی كوردستان، تا ئێستا پتر لە 40 چالاكی سیاسی، مەدەنی و پیشەیی كورد لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و دەستگیر كراون.