لقی ئامەدی كۆمەڵەی مافی مرۆڤ ئاشكرایدەكات كە 348 گۆڕی بەكۆمەڵ لە توركیە هەن، كە زۆربەیان لە ناوچە كوردییەكانن و 4 هەزار و 201 تەرمیان تێدان.
بەپێی راپۆرتێك كە لقی ئامەدی كۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە ساڵی 2011 ەوە ئامادەیكردووە و زانیارییەكانی نوێكردوونەتەوە،” تاوەكو ئێستا لەكۆی 348 گۆڕی بەكۆمەڵ تەنیا 45 گۆڕ هەڵدراونەتەوە، كە 281 تەرمیان تێدا دۆزراونەتەوە”.
لقی ئامەدی كۆمەڵەی مافی مرۆڤ بەشێكی تایبەت كراوەتەوە بەناوی “دەنگۆی گۆڕێك بكە”، هەر كەسێك زانیاری لەسەر گۆڕێكی بەكۆمەڵ هەبێت، دەتوانێ لەسەرلێدان بكات و زانیارییەكانی تۆماربكات.
“راجی بیلیجی” سەرۆكی لقی ئامەدی كۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەكرد: “لەماوەی شەڕی 30 ساڵە لە توركیە 17 هەزار كەس بە كەیسی بكوژ نادیار كوژراون، ئێمەش دەمانەوێ رووبەڕووی رابردوو ببینەوە، بۆ ئەوەی راستییەكان دەربخەین”.
بیلیجی داوایشیكرد كە “كۆمیسیۆنی دەرخستنی راستییەكان” دابمەزرێ و گۆڕە بە كۆمەڵەكان وەك “تاوان دژی مرۆڤایەتی” حساب بكرێن، تیمێكی بێلایەن و شارەزا بۆ ساخكردنەوەی ناسنامەی كوژراوانی نێو گۆڕە بەكۆمەڵەكان دەستنیشان بكرێت و زانكۆكانیش بێنە نێو ئەو تیمەوە.