چالاكێكی كرێكاریی خەڵكی شاری سنە لە لایەن هێزەكانی كۆماری ئیسلامیەوە دەستگیركرا و چالاكێكی دیكە ئازاد كرا.
بە پێی راپۆرتی كومیتەی هاوئاهەنگی بە مەبەستی یارمەتیدان بۆ پێكهێنانی رێكخراوە كرێكارییەكان، سەرلەبەیانی رۆژی یەكشەممە 16ی مانگی سەرماوەز، هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتیەكانی كۆماری ئیسلامی هێرشیان كردووەتە سەر ماڵی “فەرزاد مورادی” خەڵكی شاری سنە و لە چالاكانی كرێكاریی و ئەندامی كومیتەی هەماهەنگی و وێڕای دەستگیركردنی خۆی، هەموو كەلوپەلی نێو ماڵەكەیان پشكنیوە و زۆرێك لەو كەلوپەلانەشیان لەگەڵ خۆیان بردووە و تا كاتی ئامادەكرانی ئەم هەواڵە هیچ زانیاریەك لە چارەنووسی ئەو چالاكە كرێكارییە لەبەردەستدا نیە.
لە لایەكی دیكەوە هەمان سەرچاوە بڵاوی كردووەتەوە، كە رۆژی دووشەممە 17ی مانگی سەرماوەز “غالب حسێنی” یەكێكی دیكە لە چالاكانی كرێكاریی شاری سنە و ئەندامی كومیتەی هەماهەنگیی، پاش 6 مانگ راگیران لە زیندان، ئازاد كراوە و لە لایەن بنەماڵە و ژمارەیەك لە هاوڕێیانی لە كومیتەی هەماهەنگی پێشوازیی لێ كراوە.