رۆژنامەی “باس” اشكرای كردوە 3 كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان، بە تۆمەتی دەستهەبوون لە تەقینەوەكانی “هەولێر و كەركووك”دا دەستگیر كراون.
سەرچاوەیەكی ئاگادارو نزیك لە ئاسایشی كەركووك، بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە، سێ كوردی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان دەستیان لە تەقینەوەكانی بەردەم پارێزگای هەولێر و تەقینەوەی رۆژی 23/8/2014ی هەولێر و تەقینەوەی 4/12/2014ی كەركووكدا هەبووە.
سەرچاوەكە وتویەتی ”ئەو گرووپە سێ كەسییە لە شاری كەركوك، لە هەڵمەتێكی هێزێكی هاوبەشی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و كەركوك دەستگیر كراون“.
بەپێی راگەیەنراوێكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانیش كە لە ماوەی رۆژانی رابردوو بڵاوی كردەوە، هێزەكانی ئاسایشی هەولێر بە هاوكاریی ئاسایشی كەركوك، توانیویانە لە چەند چالاكییەكی تایبەتدا، چەند تیرۆریستێكی سەر بە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش)، لە پارێزگای كەركوك دەستگیر بكەن.
هەمزە حامید بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر، رایگەیاند: پارێزگاری هەولێر بە حوكمی ئەوەی ئەندامە لە لیژنەی باڵای ئەمنی لە بابەتەكە، ئاگاداریی تەواوی لەسەر دۆسیەكە هەیە، وتیشی: ئەو كەسانەی كە گیراون دانیان بە تاوانەكانیاندا ناوەو لە ماوەیەكی نزیكدا ئاسایش تۆماری ڤیدیۆیی دانپێدانانیان بڵاو دەكاتەوە.
بەڵام چەند كاتژمێر پاش بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، ئاسایشی هەرێمی كوردستان رەتی كردەوە كە هیچ كوردێكی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان لەو پەیوەندەدا دەستگیر كرابێت.
لە راگەیەندراوێكدا كە ئاسایشی سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە، باس لەوە كراوە كە ئاسایشی هەرێمی كوردستان هەواڵێكی هەفتەنامەی (باس) رەت دەكاتەوە، كە تێیدا ئیدعای دەستیگركردنی 3 كەسی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان لە پەیوەند لەگەڵ تەقینەوەكانی ئەم دواییانەی “هەولێر و كەركوك” باس كرابوو.
بە پێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كە وێنەیەكی بۆ ماڵپەڕی خەندان بڵاوی كردووەتەوە، تیایدا هاتووە: لە لاپەرەی یەكەمی رۆژنامەی باس رێكەوتی 9/12/2014 دا هەوالێك بڵاو كراوەتەوە كە گوایە سێ كەس لە دەستگیركراوەكانی پەیوەندیدار بە تەقینەوەكانی هەولێر و كەركوك كوردی رۆژهەڵاتن.
دەشڵێت: “لێرەدا بۆ جەماوەری خۆشەویستی كوردستانی رادەگەیەنین كە ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەكی نییە و هیچ كوردێكی رۆژهەڵات لە پەیوەندی بە تەقینەوەكانەوە دەسگیر نەكراوە و بە پێی ئەنجامە بەراییەكانی لێكۆڵینەوەش گشت دەستگیركراوەكان رەگەزنامەی عیراقییان هەیە”.
ئەوەشخراوەتەڕوو: “لە ماوەیەكی نزیكدا، دوای رێكارە یاساییەكان ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بە فەرمی بۆ جەماوەری خۆشەویستی كوردستان دەخرێتەڕوو، بۆیە هەر لێدوانێك یا خود هەوالێكی رۆژنامەوانیی نافەرمیی پەیوەندیدار بەم دۆسیەوە بە ناتەواو و بێ بنەمایە لە قەڵەم دەدرێت”.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان
9/12/2014