بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی خەرجییەكانی كەرتی سەربازیو ئاوارەبوونی عێراقییەكان رێژەی هەژاری لەو وڵاتەدا لە 18%ەوە بۆ 30% بەرزدەبێتەوە.
عەبدولزەهرە هەنداوی- وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی ئەلسەباح ئەلجدید، رایگەیاند: هەرچەندە لەمساڵدا رووپێوێكی مەیدانی وەزارەتەكەی لەئارادا نییە سەبارەت بەرێژەی هەژاری لەعێراقدا بەڵام بەپێی رووپێوێكی ساڵی 2012رێژەی هەژاری لەعێراق لە18% بووە.
وتی “دەبوو بە پێی پلانێكی وەزارەت رێژەی هەژاری رووی لەدابەزین بكردایە بەڵام بەپێی خەمڵاندنەكان بەهۆی هەڕەشەكانی داعش و ئاوارەبوونی عیراقییەكان رێژەی هەژاری گەیشتوەتە نزیكەی لە30%”.
لایخۆشیەوە -عەلی شاكر-وەزیری پێشووی پلاندانانو پەرلەمانتاری ئێستای عیراق بەهەمان رۆژنامەی راگەیاندوە، زیادبوونی خەرجییەكانی كەرتی سەربازی كاریگەری لەسەر بودجە دروستكردوەو ئەوەش دەرفەتی كاركردنی كەمكردوەتەوە.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە لەكاتێكدا بڕیاربوو تا ساڵی 2017 رێژەی هەژاری لەعیراق بۆ خوار لە8% كەمی بكردایە، بەڵام بەهۆی رەوشی ئێستای عیراقەوە رێژەكە رووی لەزیادبوون كردوە.