پاش خۆپیشاندانی كوردەكانی باكووری كوردستان بە مەبەستی پشتیوانی لە خۆڕاگریی خەڵكی كۆبانی بەرامبەر هێرشەكانی داعش، كە لە ئاكامدا 40 كەس گیانیان لە دەستدا، شەپۆلێكی لێپرسینەوە و دەستگیر كردنی خوێندكارانی كوردی بەدوای خۆیدا هێنا.
بە پێی راپۆرتی رێكخراوی مافی مرۆڤی توركیە لە شاری ئامد، 575 خوێندكاری كورد بە مەبەستی بەشداریی لە خۆپیشاندانی خوێناویی پشتیوانی دەربڕین لە خەڵكی خۆڕاگری كۆبانی، لە لایەن پۆلیسی دەوڵەتی توركیەوە لێپرسینەوەیان لێ كراوەو لەو رێژەیە 101 خوێندكاری دیكەش دەستگیر و رەوانەی زیندان دەكرێن.
لە درێژەی راپۆرتەكەی مافی مرۆڤی توركیەدا هاتووە، كە گوشار و لێپرسینەوەكانی لە ماوەی 2 مانگی رابردوو لە توركیە بە ئاستێكی بەرچاو پەرەی سەندووە و لێپرسینەوە لە خوێندكارانی كوردیش بە هۆی وەرێخستنی متینگ و كۆبوونەوە لە نێو زانكۆەكان بووە.