هه‌ینی 22 تشرینی دووه‌م 2024

گۆران: ڕازەكانی بوون و مرۆڤ و جوانی

شیعر وەكو ژیان شاكارێكی ناتەواوە، بەڵام گۆران شاعیرێك بوو لە لوتكەدا چونكە شیعری بۆ رازی شاكارەكانی بوون و مرۆڤ و جوانی یان بە گشتی بۆ ژیان دەوت.گۆران لە سروشت و زمانەوە بەرەو جوانی دەچوو و ئازادی دەكردە رازی حەقیقەتی ژیان بۆ مرۆڤ و بۆ سروشت.هەمووان دەزانن كە گۆران گەلێك شاكار و داهێنانی لە ئەدەب و شیعری كوردیدا ئافەرین كردووە،بەڵام هەموو ئەو داهێنان و شاكارانەی لە پێناوی مرۆڤدا بووە، بۆیە ئەو وەكو مرۆڤ دەبێتە لوتكەی داهێنان و جوانیەكان.
ئەدەب و هونەر راگەیاندن یان ئاشكراكردنی رازی بوون و هەبوونن،باشترین ڕازی بەرهەمی هونەریش لەناو ڕازی بوون و هەبوونی مرۆڤدا پەیدا دەبن،كە ئەمەش ڕەهەندی تایبەتی و تاكانە دەدات بە شیعر یان هونەر.لەلای گۆران دەبێت لە ڕوانگەیەكی تەواو نوێ‌ تەماشای هونەر بكەین،هەروەكو چۆن دەبێت لەو ڕوانگەیەوە تەواوی ژیان بناسین و ئەم ناسینەش تەنها بەمەبەستی ناسین نیە یان بۆ مەبەستێكی دیكە،بەڵكو لە پێناوی ئەوەدایە كە پەیامی راستینەی شیعر و هونەر ببێتە ئامانج كە ئەویش بەیانكردنی تەواوی حەقیقەتی بوون و ژیانە.ئامانجی شیعر و هونەر لە ڕێگای جوانیەوە،وەكو فكر و سیاسەت و فەلسەفە، هێنانەدی مەبەستێكی دیاریكراو یان ویستراو نیە، بەڵكو كرانەوەی هەموو ڕازەكانی بوون و هەقیقەتە.

ئەمویست دەروون بكردایەوە وەك تۆمار
دەركەوتایە دنیای جوانتر لە بەهار
دەركەوتایە،ئاوات هیوا، خەو بینین
پرشنگدار لە ئەستێرەی قوببەی شین
دەركەوتایە ئەو دنیایە كە شیعری
بێ فرمێسكە و زۆرتر لە فرمێسك ئەگری(هەڵبەستی دەروون)

یان لە زەنگی پەستیدا:
چی یە ئەی رۆحی بێ لێوار و بێ پەی
لە تۆ ناشارەزایی من هەتاكەی؟
چی یە ئەم دەنگە، ئەم ئاوازە دوورە
كە پێ هەڵهێنەری چاوی شعورە
كە دێ‌ پەستم،كە نایە ئارەزووی دڵ
بە دوویا وێڵ ئەبێ مەنزڵ،مەنزڵ (زەنگی پەستی)

گۆران جیابوونەوە یان دابڕانە لە نەریتی ئەدەبی یان جوانناسی پێش خۆی، كە بێگومان ئەمە بە مانای سەیركردنی ناشایستە نیە بۆ شیعر و جوانناسی هەتا ئەو كاتە،بەڵكو هونەر لەلای ئەو واڵاترین و باڵاترین ماڵی هەیە. جوانترین و شایستەترین ماڵی واڵایی و جوانی ئەوەیە كە بزانین گەوهەری هونەر و داهێنان لە كوێن، كە بێگومان لەلای گۆران لە پرس و ڕازی بوون و هەبووندان.پرسی سەرەكی یان ڕازی ئەدەب و هونەر لەلای گۆران هەمان ئەو پرسەیە كە فەیلەسوفی جوانناسی ئەڵمانی(مارتین هایدگەر) ناوی دەنێت(بون ناسی بونیادی یان حەقیقی). بوون ناسی یان مرۆڤناسی(بێگومان لە ڕێگای جوانناسی و زمانناسیەوە) لەلای گۆران نایابترین و جوانترین داهێنانە كە دەتوانێ‌ڕامانەكان لە بوون یان بۆ مرۆڤ بەرهەمبهێنێ‌ و ئەمەش بە شێوەیەك دەشیعرێنێ‌ كە تەنانەت مرۆڤە سادەكانیش دەیناسن،چونكە لە حەقیقەت و بوونی مرۆڤ و ئامانجەكانی دوور ناكەوێتەوە، لەبەرئەوەی ڕازی هەبوون و مرۆڤ دەنەخشێنێ‌.گۆران تەنها لە ڕوانگەی شیعر یان جوانناسیەوە ڕازەكانی سروشت،زمان و ئازادی و مرۆڤ نابینێ‌(ئەگەر چی هەریەك لەمانە لە خودی خۆیاندا جلیوە مەزن و بەرزەكانی بوونی ڕاستەقینەن).بەڵكو لەوپەڕی دانایی و رووناكبیری و داهێناندا ئەم پرس و ڕازانە دەكاتە شاكارەكانی شیعر.

ئەوندە جوان،لەوە جوانتر
لە شنەی بای شەو ڕەوانتر
لە لەرەی پرشنگ،ئاوازە
لە خوڕەی ئاو،شیعری تازە
بە ئاهەنگتر، بەخورۆشتر
بە گوێچكەی دڵ دەنگی خۆشتر
پێی ناز ئەنێ‌ بەسەر ئەرزدا
جوانێ‌ لە بەژنێكی بەرز!    (رەوتێكی جوان)

یان لە (ئاواتی دووری)دا،بە هەموو بینینە جوانەكانی چاوی چەشنی بازی قەفەس،بەرەو دەنگی دووری یار و خەندەی پڕ ئاهەنگ و نەغمەی نازی شۆخ و شەنگ و زڕەی بازن و هاڕەی هەیاسە، تا دەگاتە بۆنە خۆشەكانی هەناسەی یار پڕ بە سینەی بەتاسە و بۆنی مەمە و وەنەوشە و گوڵ و مێخەك و سمڵ لە درزی سوخمەوە، بەرەو لەمسی تەماسی لەشی نەرم و لەزەتی كۆشی گەرم و مەمكی پڕ چنگ و لیمۆی باخی سنگ و جورعەی ئەبەدی خەیاڵی ماچی لێوی ئاڵ.هەموو ئەمانە مەگەرگۆران بتوانێ‌ بەو پڕی و تەواو جوانیانەوە نەخشینیان بكات، بەڵام مەبەستی ئاواتی دووری هەر تەنها لە بینین و دەنگ و بۆن و تەماسی لەشی نەرمدا تەواو نابێ بەڵكو بە پێی دیدگا و نەریتی گۆران دەبێت تەواوی حەقیقەتی ئەو ئاواتە دوورە بەیانكرێت،كە ئەویش بەمشێوەیە:

ئەی خاتیرانی عومری گوزەشتەم، دەخیلی تۆم:َ
خنكاوی بەحری دووری نەكەی عەشقی رەنجەرۆم،
جلیوەت لە چاوت ونەبێ
هەرگیز لای تۆ نووستن نەبێ!
چەشنی ئاوێنە، دائیم بنوێنە:
عەشقی قەدیمی یار
تا وەختی ئیحتیزاز

سەرئەنجام عەشقی قەدیمی یار دەبێتە حەقیقەتی تەواو كە فراوانترە لە بینین و دەنگ و بۆ و لەمس،ئەمەش ئەو ڕازە گرنگەیە كە گۆران لە تەواوی شیعرەكانیدا لە بیری ناچێت و ئەوانەی كردۆتە لوتكەی شاكارە شیعرییەكانی.
ی

ان لە (ئافرەت و جوانی) دا بە هەموو جوانیەكانی سروشت و ئافرەتەوە دێتە مەیدانی شیعر و لەوانەش گرنگتر هەمیشە جوانی یار بەرامبەر جوانی سروشت و شیعر و هونەر براوەیە و لەوەش زیاتر ئەوەیە كە دەگاتە لوتكەی ئەو جوانی و داهێنانەی كە دەڵێ:

بەڵام تەبیعەت هەرگیزاو هەرگیز
بێ ڕووناكیە بێ بزەی ئازیز
كام تاسە،كام مەیل، كام چاوەڕوانی
تەلیسماویە وەك هیی دڵداری.  (ئافرەت و جوانی)

بەم شێوەیە گۆران بەهرە و جیاوازیی هونەر و شیعر بالاتر لە هەموو شێوازەكانی دیكەی داهێنان و تەكنیك بۆ مرۆڤ دەنەخشێنێ‌ و ئەوەمان فێر دەكات كە ئایا لە هونەر و شیعردا(جگە لە شیعریەت و جوانناسی،كە بێگومان بە شاكارە گرنگەكانی گۆران ئەژمار دەكرێن) ئێمە دەتوانین پەی بەڕازی مرۆڤبوونی خۆمان بەرین و ئازادی و سەربەخۆییمان لەو ڕازانەدا بدۆزینەوە؟وەڵامی گۆران لە تەواوی شیعرەكاندا ئەوەیە،كە ئێمە دەتوانین ئەم ڕاستیە تەواوە لە دڵی پرس و ڕازی داهێناندا پەیدا بكەین و هەر بۆیەش هونەر و شیعری گۆران پەیوەندی نزیكی بە ئەندێشە و بیركردنەوە هەیە و شاعیر و هونەرمەندیش لەم زەمینەیەدا دەتوانن بیرمەندو ئەندێشیار بن.

بەڵام ئەوەی لێی ورووژاندم هەستم
ئەو كتێبی شیعرەیە داتە دەستم
گران هەتا دواهەناسەی ژیانم
لە بیرم چێ ئەو جوانەی دای نیشانم
دیوانەكەی (برۆنس) كە نەغمەی شیعری
ئەڵێی كچە پێئەكەنێ‌،یان ئەگری.       (بۆ كچێكی بێگانە)

یان لە شیعری(بۆ هیوای كوڕم) دا دەڵێت:

چییە توخوا؟چ سڕێكە وەها مەحكومی گریانی
كە تۆهێشتا لە غەم ناگەی؟لە مەعنای گریە نازانی
حەقت بوو ئەم هەموو گریانی نامەفهووم و بێ مەعنا
زمانی بەست و تەقریری شكاتت بێ لە دەست دنیا
وەلێ كۆچی ژیان كۆچێكی پڕ سیحر و ئەفسوونە
لەیەك سەرچاوە دووقەترە: یەكێ‌ لێڵە، یەكێ‌ ڕوونە
ئەوەندەی رۆحی مەئیوس و مەلوول تاریك ئەكا دنیا،
ئەوەندەش نوور لە ڕۆحی شادەوە ئەرژێ بە سەریا
كوڕم!هەروەك لە ئوعجووبەی ژیانا بەختی بەد ئەگرێ‌،
شتێكیش-بەختیاری-پێكەنین گرتوویە چوار دەوری.

یان لە(تاوێ‌ نەگەڕا) دا:

هەیهات،چ بێ میهر و وەفا دەرچوو نیگارم
حاڵی بە گەرم پرسش ئەكەم، ساردە جوابم
زیاتر سەبەبی عەقڵ و شعورە خەفەتی من
بۆ غەفڵەت و نسیانە هەموو نۆشی شەرابم.

حەقیقەتی شیعر و جوانناسی(نەك مەبەست و ئامانج) لەلای گۆران ناسین و باشتر ناسینی بونیادی بوونی مرۆڤانە و دۆزینەوەو پەیبردنە بە مانا ئایندەكانی ئەم بونیادە.ئەو لە سروشتەوە دەستی پێكرد،بەڵام بە هۆی زمانەوە ماناكانی بوون و هەبوون دەخاتە ڕوو، یان زمان دەباتەوە سەر ڕەسەنی خۆی و لە هەموو سەرپۆش و دەمامكەكانی ئایین و سیاسەت و نەریت و بەرژەوەندی و هێزەكان ڕزگاری دەكات و دەیباتەوە بۆ لای (شیعر) و(جوانی).كە شیعر و جوانی باشترین و جوانترین شێوەكانی بەیانی حەقیقەتی بوون و مرۆڤن، چونكە زمان و شیعر و جوانی ماڵی ڕەسەنی بوونی مرۆڤن.لەلای گۆران زمانی شیعر شێوەیەك لە دەربڕین یان گوزارش نیە، بەڵكو خودی زمان و هەموو زمان لەگەڵ شیعر و جوانی و حەقیقەتی مرۆڤدا لەیەك جیانین و گۆران لە شیعری كوردیدا دەمانباتە ئەو بڕواو قۆناغەی كە خودی زمان و هەموو زمانەكە دەڵێی بۆ شیعر و لەناو شیعردا دروست بووە.لە گۆرانەوە ئیدی شیعر شێوەیەك نیە لە وەرگتن (استعارە)،گوزارش یان دەسكاریكردن بۆ هێنانەدی شیعر، بەڵكو هەموو زمانەكە دەبێتە شیعریەت و ئەویش وەكو بوون و حەقیقەت و مرۆڤ و جوانی دەبێتە ئەو ڕازەی كە شیعر ماهیەتی بوون و مرۆڤبونمان نیشان دەدات.

(گەشت لە هەورامان)
توولە ڕێی باریك،تووناوتوون پشكن
ڕێبوار ئەخاتە ئەندێشەی بێبن
ناو رێگا تەق تەق، لاڕێ بەردی زل
كە هێشتا گەردوون پێی نەداوە تل
گاە سەرەو ژوورە، گا سەرەو خوارە
تاڵی و شیرینی دنیای ڕێبوارە.

لە تەواوی هەردوو گەشتی هەورامان و قەرەداغ دا، گۆران فێرمان دەكات كە ماڵی جوانی و شیعر و داهێنان هەر لەناو خودی زماندایە،ئەم زمانەش بێگومان دوورە لە هەموو دەسكاری و سەرپۆش و بەلاڕێدا بردن:

ساتوخوا دەنگخۆش دەی قەتارەكەت
كولەنجە ڕۆرۆ و هەوری لارەكەت
وەك هەنگ بگەڕێ و گۆرانی بڵێ
جارجار لابدە بۆ بەرپێی گوڵێ     ( گەشتی قەرەداغ)

مەگەر هەر (گۆران) بتوانێ‌ گۆرانی بێژی دەنگخۆش بكاتە هەنگ و هەنگیش بكاتە گۆرانی بێژی كڕنووش بەر بۆ بەر پێی گوڵێك، ئەمەش تەنها بەوە دەبێ كە ماڵی زمان هەمان ماڵی جوانیەكان بێت، لەوپەڕی سادەییدا بەڵام لە لوتكەی داهێناندا.
یان هەر لە گەشتی قەرەداغدا:

گوڵە بە رۆژەی قژ زەردی چاوكاڵ
ملكەچ وەستاوە سەرگەرمی خەیاڵ
عەكسی سەوزایی ڕووی پڕ لەرەی ئاو
تیا ئەشكێتەوە پرشنگی هەتاو
رەنگ رنگ پەپولە ئەفڕن زەلاوزەل
گا كناچەی پۆڕ،گا جریوەی مەل

یان هەر لە گەشتی قەرەداغدا و لە وەسفی زەماوەندی دێ و هەر بە وشەو زاراوە و ئیدیۆمەكانی ئەو كەشە چۆن دەڵێ:

مەستی بێ شەراب هەرزەكاران  (عیو)
خەفەت بابردوو دەردەداران     (عیو)
زاوای بەردەرگای ئاواتی دڵ (عیو)
بووكی رازاوەی جوانتر لە گوڵ  (عیو)
حەڵقەی چۆپی (عیو)،شمشاڵ لێدەر   (عیو)
ئاسمان،ئەستێرە،دێ‌،دەشت و دەر  (عیو)

بە بیری كێدا دێت وشە یان ئیدیۆمی (عیو) ببێتە بەشێك لە شیعری زەماوەندی قەرەداغ و ئەو هەموو جوانی و وێنا و تابلۆیانە بە(عیو) جوانتر و نەخشاوتر بن!
سروشت،جوانی،ئازادی،شیعر و مرۆڤ كە شاكارەكانی ئەفراندن و جوانناسی یان شیعریەتی گۆرانن لە تەكلیف،تەسەنوع،كێش و سەرواو عەرووز رزگار دەكرێن و بەهای شیعر یان حەقیقەتی شیعر دەبێتە ئەوەی كە بێ ڕتوش و ئارایشت لەگەڵ بوونی ڕاستەقینە و مرۆڤانەی خۆیاندا) هاوئاهەنگ بكاتەوە، ئەمەش دیسان دیدگا یان ڕازێكی دیكەی حەقیقەتی شیعر و حەقیقەتی مرۆڤە.هەندێك كەس و دیدگا دەڵێن شیعر و هونەر و جوانناسی كاریان بە ئاشكراكردنی حەقیقەت نیە و حەقیقەت تەنها لە استعارە و گوزارە مەنتقی و سەلمێنراوەكاندا بەیان دەكرێن، بەڵام گۆران بڕوای وایە كە سەرچاوەی حەقیقەت نەك لە گوزارەكاندا بەڵكو لە ئاشكراكردن و لە ژێر پەردە و دەمامك دەرهێنانی شتەكاندایە.هیچ كەس و شتێك ناتوانێ‌ سەرپۆش لەسەری كەس و شتی دیكە لابدات، ئەگەر خۆی شاراوە بێت.ئەمەش ئەو شكارەیە كە گۆران بۆ زمان و شیعر(كە لەلای ئەو هەریەكن یان یەكسانن)كردی كە ئەوانی لە ژێر سەرپۆشی استعارە و گوزارە و عەرووز و چی و چیدیكە دەرهێنا.گۆران ئەوەی سەلماند، یان لە ڕاستیدا ئاشكرای كرد كە هێزی شیعر و هونەر لەوەدایە كە دەتوانێت بەردەوام بونیادی مانایی (یان جیهانی خۆی) داهێنان بكات.واتە شیعر لەلای گۆران ئامرازێك نیە بۆ سرووداندنی مەبەست و جوانیەكان، بەڵكو خودی شیعر بەشێكە لە بونیادی ڕاستەقینەی زمان بۆ بەیانكردنی جوانی و ئازادییەكانی حەقیقەت و بوون.لەو بڕگانەدا كە وشەی(شیعر)بەكار دەهێنێ‌،كەبێگومان ئامراز نین،بەڵكو بەشێكن لە بونیادی مانایی هەمان دەق یان ڕازێكن لە ڕازەكانی جیهانی خودی دەق و بوونەكان.

هەڵبەستی ڕەنجاو و هەڵبەستی پەشیمان كە لە هەموو دیوانەكانی گۆراندا دووەم لە دوای یەكەم دێت، هەمان حەقیقەتی شعور و سۆز و هەستیاری گۆرانیان تیا دەرئەكەوێت بەو هەموو وشە و زاراوە سادە و ساكارانەی خەڵكی ئاسایی كە لە یەكەمدا لە یار دەڕەنجێ‌ و لە دووەمدا پەشیمان دەبێتەوە.لە یەكەمدا دەگاتە ئەو بڕوایەی كە:

بە لەعنەت بێ زوهرەی جوانی سروشتی
دائەفلیقێ هەر دڵێ كەوتە مشتی!(هەڵبەستی ڕەنجاو)
و لە دووەمدا پەشیمان دەبێتەوە:
وەستاوم، سا دڵم خۆشكە
شیعری پێشووم فەرامۆشكە!(هەڵبەستی پەشیمان)
یان(لە جوانی سەرەڕێ)دا:
تۆیش لەگەڵ هەر جوانێك ئەبینم تا ئەمرم
ئەبێتە مرواری بۆ ملوێنكەی شیعرم
یان لەشیعری (نیاز)دا:
هیچ نەبێ تۆ، بۆ خاتری جاهی ئەپۆلۆ (خوای شیعرو حیكمەتی یۆنان)
مەلی شیعرم مەیدان مەدە بكەوێ لەگۆ!

دیسان لەشیعری (ژن)دا پاش نەخشاندنی ئەو هەموو جوانی و سۆزو هەستانە دەڵێت:

لەكونجی خاتیرەما تا ژنێكی شۆخ نەكا
پەری سیفەت بەپەلۆپۆی جەمالەوە جیلوە
لەكوێ لەسەتحی زەمینا، لەسینەی فەلەكا،
ئەبێتە مەنبەعی شیعرم بەدایعی ئەشیا؟

هەروەكو شاعیران و لێكۆڵەران دەزانن كە چەمكەكانی هەست، سۆز، هەستیاری (الادراك الحسی) یان جوانییەكان (لگائف نەك الجمال) كە بەشێكن لەبونیادی شیعری یان لەڕابردوودا وەكو هۆكارەكانی بەیان و رۆشنكردنەوە (وەرگرتن یان سەلماندن) بەكارهاتوون، بەڵام لەشیعری گۆران ئەم هەست و سۆزو جوانیانە هۆكارەكانی بەیان و وەرگرتن و سەلماندن نین، بەڵكو خۆیان بەشێكن لەبوونی مرۆیی و هەرچۆن مرۆڤ بكەرو ئامانجە، ئەوانیش بەهەمان شێوە بەركارنین و نەبوونەتە ئامرازو هۆكار بەڵكو لایەنە راستەقینەكانی رازی مرۆیین، ئەمەش دوو رازو پرسی دیكەمان بۆ دەكەنە شاكاری شیعری گۆران: یەكەم، مرۆڤە سادەكان دەتوانن بەو هەست و سۆزو جوانییانەی خۆیان بەشێك بن لەجیهانی شیعری یان هیچ نەبێت دەكەونە رامانی شیعرییەوە، دووەم، رزگاربوونە لەمیتافیزیك و لوتبەرزی و شانازی شیعرو هەستیاری هەتا ئەوكاتە كەشیعر یان نوخبە لێی تێدەگات یان تەنها نوخبە دەینوسێ یان ئەوان دەخاتە رەوشی تێڕامان و ئاوێتەبوون لەگەڵ شیعردا، بەڵام هێشتا رازی گرنگم نەوتووە، كەئەویش ئەوەیە مرۆڤەكان (هەمووان بەیەكسانی و بێ جیاوازی) دەبنە بەشێك لەدەق و رامانی شیعرو زمان و جوانی چونكە هەمووان لەو شیعرانەدا ئاشكرا دەبن یان ئاشكرا دەكرێن. بیستەرو خوێنەر چیدی تەنها گوێگر یان بەركارنین، بەڵكو هەر لەیەكەم خوێندنەوەو بیستندا دەبنە بكەرو شاعیر (ئەگەرچی بۆ چەند ساتێكیش بێت!) ئەمەش هەمان هەلومەرج یان رەوشی عاشقمان بیردەخاتەوە، كە هەتا عاشق بێت بكەرو چالاكیت و لەدابڕانیشدا تەنها بە ركابەر و چاوەڕوانیت.

لەشیعری (بەستەی دڵدار) هەر لەیەكەم وشەوە سادەیی دەبێتە بەشێك لەجوانی كەئەویش (بەستە)یە، لەهەموو وشەو زاراوەو وەسفەكاندا بەشێوەی خەڵكی سادەو ئاسایی بەستەی دڵدارمان فێردەكات و لەپاڵ لوتكەی بەفرین و لەدۆڵاو دۆڵی كوردستان و لەشارو لەلادێ كەسمان وەكو یار جوان نەدیوە، ئەویش كچە كوردێكی فریشتەو پەریزادە كەدڵ پێی شادە.ئەو فریشتەو پەریزادە نەباریكە نەگۆشتن و نەكچۆڵەو نەشاژن، نە چاو زۆر رەش و نەئێجگار گەش، بەڵام لەنیگای شیریندا نەماندنی كەس وەك ئەو بەتین بێت، هەر ئەوەو بەس، عەشقی لەدڵ چەسپیو، گڕتێبەربوون، ژیر نەبوونەوەی دڵ، ژینی تاڵی و ترشی، بێ شادی و ئارام بێ هیواو ناكام، ژیانی سەرسەری لەنەبوونی قیبلەی ئایین و باوەر كە خوای بەهەشتی دڵ تەڕە، بەدوای ئەم دڵە تەڕەدا نەزازاما نەكرمانج، گەڕانی گەرمیان و كوێستان، نە لەشارو نە لەدێ نەماندی كەس وەك ئەو جوان، لەگەڵ ئەو سادەیی و ساكارییانەشدا، بەڵام رەهەندی خوێندەواری و دانایی و شارەزایی خۆیشی بیرناچێت و دەڵێت:

ئەی گەورە كچی زەووس (باوكی خواكانی یۆنان)
خوشكە جوانەكەی ڤینۆس (خواژنی جوانی) ئەستێرەی زوهرە
تۆ ئەپەرستم، بۆیە وامەستم
بۆ ئایینم ئەگەڕێ هەندێ كەس
با جاڕ بدرێ تۆیت و بەس.

لەشیعری (بۆخانمێك)

ئەمجا بەپەڕو باڵی تەڕو فێنكی بۆسە
 تێرتێر ئەسڕم، خانمەكەم، گەردی سەفەر لێت
نازانم ئەبێ چۆن بگەمە باسی ویساڵت
تۆ خواژنی جوانیت و ئەكەم فەرتی حەیا لێت.

بەخەیاڵی كێدا دێت فەرتی حەیا یان حەیا لەدەستچوون دەگاتە باسی ویساڵی ئەو خانمە، گۆران لەفەرتی حەیاشدا یان لەدەست بەردانی شەرمیشدا هەر شاعیرەو دەیەوێت بگاتە باسی ویساڵی خواژنی جوانی.
یان لە (جوانی بێ ناو)دا:

قژ كاڵی لێو ئاڵی پرشنگی نیگا كاڵ
ئەی كچە جوانەكەی سەر گۆنا نەختێك ئاڵ
ئەی كچە مەنگەكەی بەدەنگی چپە دوو
گەندەمووی دەموچاو، مەچەك هەڵنەگرتوو
ئەی ئەندام وردیلەی نەرمۆڵەی ئێسك سووك
ئەی بەرگی ساكارت دڵگیرت لەهی بووك.

هەموو ئەو سیفەتانەی كە گۆران بۆ جوانی بێ ناوی وتوون بێگومان هەموو كەس دەیانزانێ و هەموو رۆژ دەیانڵێنەوە، هەر بۆیە لەیەكەم ساتەوە هەمووان بەو سادەیی و ساكارییانە هاوبەش دەكات لەتێڕامانی شیعریدا یان لەوتنەوەی شیعردا، بەڵام دیسان لایەنی شیعری و شارەزای لەبینینی جوانییە دەگمەكان لەبیر ناچێت و دەبێتە راوچییەك هەموو سات و بوونەكان دەخاتە بۆسەی شیعری خۆیی و دەگاتە پایەی شاعیرێكی هەستیارو رووناكبیر:

راستە من رێبوارم، سەرپێی ئەڕوانم      بەڵام واجوانی تۆ كاری كرد لەگیانم
گیانی من بۆ تەڵێ وەنەوشە پەرۆشە    كە لەژێر سێبەری توتڕكا خامۆشە
كانییەكی روونی بەتریفەی مانگەشەو        لەبنیا بلەرزێ مرواری زیخ و چەو
جوانترە لەلای من لەدەریای بێ سنوور    شەپۆلی باتەبەر تیژگی رۆژ شڵپ و هوڕ

لەشیعرەكانی (بۆ بولبول) و (گوڵی لاولاو) بەهەمان وشەكان و هەستەكانی خەڵك لەگەڵ بولبول و لاولاو دەدوێ و بەهەمان سۆزەكانی رۆژانەمان ئەو نیگارو هەستیارە شیعرییانە بەیان دەكات.

ئەی بولبول، هەژار خۆمان        بێدەسەڵات، پڕ گومان
بەدەشتی ژینا وێڵین            ئەو جێگایەی جێی دێڵین
هەچ كوێ ئەچین بیابانتر        جێگای ترس و گومانتر
ئەی وەستای بەستەی شیرین        ئێمە هەتاكو ئەمرین
یا ئەپرسین، یان ئەگرین        ئیتر چلۆن بخوێنین
وەك تۆ، وەگ گشت سەرخۆشێ    پیاڵەی دڵخۆشی نوشێ
ئێمە عومرمان تاسەر            ئەندێشەیەو دەردی سەر
ترسەو تاسەیەو پرسیار    یەك لەشوێن یەك: سەد، هەزار:

یان لە (گوڵی لاولاو)دا:

بەكوڵ گریان لەچاوم دێ، گوڵی لاولاوی رەنگاو رەنگ
لەبەرچی سیس ئەبی وازوو؟ چییە ئەسبابی ژاكانت؟
هەموو تاوێكە رۆژ هەڵهاتووە، بۆچی وەها بێدەنگ
ئەژاكێی؟ توخوا، ئەی گوڵ، سەبر دەستم بەدامانت
 سەبر تو بی خوا!
تاوێكی تر راوەستە تا عومرم
 وەكو رۆژی چلەی زستان
لەهەوری مەینەت ئاوا بێ.

لەبوون و جیهانی ئاسایدا (واتە بەبێ شیعرو جوانی) بوون و حەقیقەتی مرۆییمان هەندێك جار كراوەو هەندێك جار داخراون، یان ئێمە كەمتر هۆشیارین سەبارەت بەبوون و رەوشی خۆمان لەجیهان و بووندا. هەندێك لەپرس و رازەكان ئاشكران و زۆربەشیان نهێنی یان شاراوەن و سەرەنجام بەشی هەرە زۆری مرۆڤەكان یان زۆربەی ژیانی تاكە كەسێك دەبێتە بەركاربوون یان پاسیف بوون.هەست و سۆزی ئێمە یان هەستاریمان بەگشتی لەئاشكرابوون دوور دەبێت لەئاگایی و خود ئاگایی و لەجیهانی ئاسایی و دراوەكاندا دەمێننەوە، بەڵام ئەدەب و هونەر نەخشێكی گرنگیان هەیە لە لەراندنەوەی ئاوازەكانی ئەم سەركێشیەو دیسان پەیداكردنەوەی هەست و سۆزی هەستیاری و جوانناسی كەماهیەتی راستەقینەی بوونناسیمانن یان دەبنە بەشێك لەهەوڵ و خەبات بۆ بەدەستهێنانی هۆشیاری و ئاشكراكردنی حەقیقەت لەپێناوی ئازادی مرۆڤدا. پەیامی هونەر خاوەنی ئەو گەوهەرە گرنگەیە كەبوونی مرۆڤ دەكاتە بوونێكی هۆشیارو هەستیار). پەیامی ئەدەب و هونەر ئاشكراكردنی زەمینەو پەیوەندییەكانی بوونی مرۆیی و راستەقینەمانە، یان دەتوانن هەلو ئەگەر و تواناكانی بوونمان ئاشكرا بكەن، هونەر بەئەفراندنی ئەم (جیهانە  خودییە) یان ئەم (جیهانە بونیاریە)شێوەكانی گۆڕان و ئاڵوگۆڕیش ئەزموون دەكات. شیعرو جوانناسی كەشێوەكانی بونیاری و خودیی مرۆڤ، سروشت، جوانی و ئازادی ئاشكرا دەكەن دەگەنە شاكارێكی دیكەی بوونی راستەقینە كەئەویش پیرۆزی و مەزنی بوون و مرۆڤن.گۆران لەهەموو بەرهەمەكانیدا ئەم پیرۆزی و مەزنییە لەڕازی شاكاری شیعردا بۆ هەمووان و بەهەمووان دەنەخشێنێ.
لەشیعری (دەروێش عەبدوڵڵا)ەوە دەستپێدەكەین كە كەسێكی شمشاڵ ژەنی سادەو ساكاری لەبیركراو كە:

بەڕەنگی زەردو شێوەی دەست و شمشماڵی كزا، دەروێش
حەزم كرد بەستەیەك ببیەم سەراسەر حوزن و ماتەم بێ،
لەسیماتا بەدیم كرد هیەكەلی عومرێكی حەسرەت كێش
وەها دیارە كە بەختت ئاشیانی بولبوی خەم بێ!
بەڵێ دیارە، لەناو قەمی بەسیتا قەدری سەنعەتكار
وەكو عەكسی قەمەر وایە لەناو حەوزێكی لیخندا
بەڵام تەختی روفاه و تاجی حورمەت میللەتی هۆشیار
بەئوستادێ ئەدا وەك تۆ لەناو شمشاڵی كون كوندا
بەڵام چی بكەین لەناو چاوی رەشی بەعزێ زەكای گەورە
وەكو تۆوی گوڵی دەم با لەسەر بەردێكی رەق ئەڕوێن،
ئەگەر خلیقەت نەسیبـی عومری تۆی مەحكومی ئەم دەورە
نەكردایە، خو عالم، لەكام عەرشت ئەسوو داوێن؟!
هەموو ورەزێكی گۆرانی، لەتولانی هەتا كورتی
بەسەر پەنجەی هونەر كردت بەدیلی كۆششی زاڵت!
یان لەشیعری (بۆ سالم)دا دەڵێ:
لەئاسمانی فەخردا شیعر بوو باڵێكت
ئەوی ترت بەتەبیعەت شعوری میللی بوو
لەشەوقی حوسنی بتێ بوو ئەگەر خەیاڵێكت
ئەوی ترت خەم و عەشقی وەتەن مەئالی بوو
بنوو لەقەبرەكەتا موستەریح بەئەی سالم
لەتۆ كوردترە ئێستا نەزان هەتا عالم

لە(جەژنی نەورۆز)دا:
بەسوڕێكی تر ئەستێرەی ئینسان گر (زەوی)
قەومی كۆنی خستەوە جەژنی ئاگر
ئەو نەورۆزەی كە هەزاران بەهارە
لەدێی كوردا گڕی ئاگری دیارە
لەتاریكی، لەچوار دیواری زستان
سەرفەراز بیت، سەر فەراز بوو مەلی گیان
بفڕێ، بڕوا بۆ كوردستانی ئاوات
ماندوو نەبێ هەر بڕوات و هەر بڕوات
هەتا ئەگاتە لوتكەی شاخی سەربەست،
بێ زنجیریی گەل ئەبینێ و ئەبێ مەست

لەشیعری گۆراندا ئەوەمان بۆ دەرئەكەوێ كە هونەر دەتوانێ بونیادێكی نوێ لەنێوان بەشەكاندا بسازێنێ و هەر بۆیەش دەتوانێ لەڕوانگەو دیدگای عەقڵانی باو باڵاتر بڕوات. وتاری عەقڵانی بەپێی ئامڕازو ئامانجەكەی، وتارێكی مێژوویی یان سەلمێندراوە، بەڵام روانگەو رازی شیعر لەبونیادی خۆیەوە بەرەو رۆح و گیان هەنگاو دەنێت و دەچێتە جیهانێكی دیكەوە، كە نەمێژووییەو نە جێگاییە، بەڵكو رەهاو واڵایە. ئەمەش دیسان ئاشناكردنەوەی مرۆڤە بەگرنگترین بوونی خۆی كە رۆحەو رۆحیش ئاشكراكردنی رەها یان ئەوپەڕی بێسنووریی حەقیقەتی بوونی مرۆڤە. لەشیعرو جوانناسیدا هەموو بەشەكانی سروشت و ژیان و كات وەكو مرۆڤ وان، یان لەڕۆشنكردنەوەو رەهەندەكانی مرۆڤدا سیفەتەكانی ئەوانیش دەكەونە هونەرو شیعرەوە. شیعری گۆران یان هونەری واڵا ئەو شێوەیەیە لەجوانناسی كەتەواوی بوونی راستەقینەی خۆی پەیدا دەكاتەوەو تەنها  لەچوارچێوەی دەق و ئەدەبیات و فەرهەنگدا نامێنێتەوە، بەڵكو رازی ژیان و بوون، یان هەموو رازەكانی ژیان و حەقیقەت بەهەموو تایبەتمەندی و سنوورەكانیەوە دەخاتە ڕو.

لە شیعری (ئاهەنگێگ لە ناو ڕان) گۆران بەراوردێك دەكات لە نێوان هەنگە زەردە و شوانی شمشاڵ ژەن، هەنگە زەردە ئەبڕێ ڕێی دوور بۆ بینینی گوڵاڵەی سور، تا نەگەڕێ‌ مێرگی بەهار دەم نانێتە ناو دەمی یار. بەڵام چۆن بە پێی خۆی دێ‌ گوڵی گەش، بۆ لای شوانی كەپەنك رەش، نەك گوڵێك و نەك سیان و چوار، چەند لە دێدا هەبێ نازدار.پەیوەندی و نزیك بوونەوەی هەنگ و شوان كە بەشێكە لە پەیامی شیعری گۆران و هەموو ئەو شیعرانەی كە ماهیەتی جوانی و سۆزی شیعریەت دەكەنە ناوەڕۆكی شتەكان، یەكێكە لەو رەهەندە گرنگانەی كە رۆحی جوانی دەكرێتە ئامانجی شیعر یان تەواوی حەقیقەتی شیعر.

یان لە هۆنراوەی(ئەڕۆی ئۆغر) دا دەگاتە ئەوپەڕی كاریگەری بوونناسی و خودی بوون و نەبوونی شاعیر دەبێتە ناوەرۆكی ڕاستەقینە بۆ شیعر:

بەلەرزە و زەلزەلەی ئەو پڵپڵانەی دەووری پووشینت،
بینای هەستیم هەموو زێر و زەبەر ناكەی ئەڕۆی ئۆغر
حەیام،عەقڵم،دڵ و دینم هەدەر ناكەی ئەرۆی ئۆغر.

بێگومان وشەی(هەستیم) لە (هەستی) فارسی وەرگیراوە كە مانای بوون یان وجود دەدات،نەك(هەست) ی كوردی كە مانای شعورە.لە كۆتاییشدا لە دوای ئەو هەموو نەزەر نەكردنەی كڵاو لاریش هێشتا حەیا و عەقڵ و دڵ و دینی هەر هەدەر نابێت، یان پرسیار لەوەدایە ئەگەر ئەوانەش هەدەر بكات دەی چی دەبێت با ببێت!
لە(ئاوێنەی هەستیم)دا:

هەر زەرڕەیەك لە خوێنی دەماری پڕ ئاگرم
هەرچی حوجەیرەكانی هەیە كوورەیی دڵم
مەشبووعی عیشق و جەزبەیە، بۆ جوانی باقڵم
قابیل نیە فەراغەتم،حەتتا كە بیشمرم

یان لە(دوا سەرنج) دا،گۆران بۆ قژزەردەی بەردەرگا،لە سەرەڕێی بەندیخانەدا لە موسڵەوە بۆ هەولێر لەو ساتە ناخۆشەشدا كە مرۆڤێك زیندانی بێت و بەڵام ئەوەی لەبیر نەچێت كەشاعیرە و ساتێك یان سەرنجێكی جوان و بەسۆزی قژزەردی بەردەرگای لەكیس نەچێت و نەیكاتە شیعر. بەڕاستی گۆران هەمیشە شاعیر و هەمیشە لە بۆسەدا بووە بۆ ڕاوی ساتەكان و بۆ چنینەوەی جوانی و سەرنجەكان.ئەمەش هەمان ئەو پرسەیە كە ماهیەت و رۆحی شیعر دەتوانێ‌ لە هەموو ئان و ساتەكاندا ئامادە بێت و ئەو سات و سەرنج و شتانە بخاتە ناو رۆحی خۆیەوە.

ئەبینم: پەپولەی نیازی گفتوگۆ
دوودڵ ڕاوەستاوە لەسەر گوڵی لێو
ئاخ خۆزگە هەڵئەفڕی،ئەمزانی ئاخۆ
ڕاسپێریی چی پێیە بۆ گیانی پەشێو؟
هەر ئەوەم لە دەستدێ‌،هەتا ئەتوانم
ئا لەم هەڵوێستەدا،هەل بەكار بێنم
وەك تینووی چاو لە ئاو بە كوڵ بڕوانم
ئەو چاوەی تێم بڕیت نە تیرووكێنم.
بۆ ئەوەی بتوانم لە پەردەی بیرم
نیگارێ‌ هەڵكەنم شێوەی لێت بچێ
تا هەرچەن گازی گرت لەلەش زنجیرم
ئازارم سووكتر كا خەیاڵی كچێ:
كە شۆخ و قژزەردە و باڵا رێك وبەرز
خەمخۆری نەناسە وەك فریشتەی عەرز.

 

ئەكرەمی میهرداد

بابەتی هاوپۆل

امید و مقاومت همگانی با ضرورت تداوم انقلاب زن، زندگی، آزادی

بازداشت و سرکوب و اعدام های گسترده در طول یک سال گذشته تا کنون، همگی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.