شه‌ممه‌ 23 تشرینی دووه‌م 2024

تیرۆریزم و فاشیزمی ئیسلامی/ئەكرەمی میهرداد

ئێستا هەموو جیهان گیرۆدەی سیاسەت و تیرۆر و فاشیزمی ئیسلامین، ئەو فاشیزمەی كە بەرهەمی دڵخوازی ئیسلامی سیاسی و تیرۆری ئیسلامییە. مەبەستم لەم سیاسەت و تیرۆر و فاشیزمە ئیسلامیە ئەوەیە بڵێم تەنها ئەوەندە بەس نییە كە نەیاری بەرامبەر بەئیسلامی سیاسی و تیرۆریزمی ئیسلامی دەرببڕین، بەڵكو دەبێت ڕۆشنتر بیربكەینەوەو بەئاشكرا بڵێین كە قاعیدە و داعش و تالیبان و نەسرەو گروپە ئیسلامیەكانی دیكە هەموویان بەرهەمی ئەو پان ئیسلامیزم و پان عەرەبیزمەن كە دەوڵەتانی سوننەی عەرەب بەناڕاستەوخۆ لەڕێگای پارەو دەوڵەمەندەكانی وڵاتانی عەرەبی و كەنداو بەهۆی جەنگی ئەفغانستان و چیچان و بۆسنەو هێزرەگۆڤینەوە سەرەتاكانیان دامەزراند، و پاشان لەدوای سەردەمی قاعیدەو داعشەوە ئەو سیاسەت و تیرۆرە ئیسلامیە بەرەو فاشیزمێكی ئاشكراو هێرشبەر روخساری خۆیان دەرخستووە.
مخابن تائێستا دەوڵەتانی دژی داعش و نەسرە و قاعیدەو هاوشێوەكانیان، هێشتا ناوی ئەوان بەتیرۆریست دەبەن و لەبیریان نییە یان نازانن كە ئەوان بەرەو فاشیزمی ئاشكرا پیلان و بەرنامەكانیان خستۆتە ڕوو.چونكە زۆربەی كاتەكان تیرۆر چەكی دەستی لاوازەكانە بەرامبەر بەدەوڵەتان و بەهێزەكان، بەڵام ئێستا سەلەفیەتی جیهادی خاوەنی نیشتمان‌و  جەماوەر و دەوڵەت و دەسەڵات و هێزی چەكدارو پارەن و بەهۆی سوپای پڕ چەك و دەسەڵاتی خاوەن دارایی و هێزی جەماوەری پەلاماری هەموو ئەو ناوچە و نیشتمان و كۆمەڵانە دەدەن و جەنگی كۆكۆژیان بەسەر خەڵكی بێ چەك و بێ داكۆكیدا پیادە كردووە. ئێستا داعش و نەسرەو قاعیدە و هاوشێوەكانیان لەباكووری ئەفریقیا هەموو ئەو كارانە دەكەن كە فاشیستەكانی ئیتالیاو نازییەكانی ئەڵمانیا و ڤاڵانژەكای ئیسپانیاو كۆمۆنیستەكانی ڕوسیاو خەمیرە سورەكانی كەمبۆدیاو بەعسیەكانی سوریا و عیراق لەمێژووی خۆیاندا كردوویانە. دەوڵەتی خەلافەتی داعش و رێكخراوە فاشیستە ئیسلامییەكان هەموویان ئەو پرانسیپە سیاسی و جەنگیانە بەڕێوە دەبەن كە فاشیستەكانی جاران لەدژی خەڵكی خۆیان و وڵاتانی دیكە لەجەنگدا بوون.

 

بنەماكانی ناسینی فاشستەكانی دنیا
ئەو بنەماو پرانسپیانەی كە بیرمەندان و مێژووناسان بۆ ناسین و ئاشكراكردنی فاشیستەكانی دونیا باسیان كردوون ئەمانەن: دژایەتی هەموو ئەو ناوچەو نیشتمان و نەتەوەو كەسانەی كە ئەوان بە دوژمنی خۆیان زانیوە، سیاسەتی تیرۆرو تۆقاندن لەناوخۆو دەرەوەی وڵاتەكانیان، پەیڕەوكردنی جەنگ و سیاسەتی جەنگی لەفراوانترین رووبەردا، كۆكوژیی و جینۆسایدی نەتەوەو ناوچەكانی دەرەوەو ناوەوە، سیاسەت و پەیڕەوی كۆنەپەرستانە بەرامبەر هەموو بیروباوەڕەكان لیبرالیزم‌و سۆسیالیزم و سەركوتی بەردەوامی نەیاران و هاووڵاتیان تاڕادەی هێرشی توندڕەوانەی كۆنەپەرستی و ژیانەوەی سیاسەت و پەیڕەوە كۆنەكانی كۆنەپەرستی، دامەزراندنی حیزب و دەسەڵات و سوپاكانیان لەلایەن رابەرانی ستەمكارو دڕندە و ناعەقڵانی و بێشەرەفەكان‌و سپاردنی كارەكانیان بەكەسانی ئەوباش و شەلاتی و هەرچی و پەرچی و سەرەنجام فاشیزم هەموو ئەمانە لەپێناوی تۆتالیتاریزم و ئەمپریالیزمدا دەكات، واتە خۆی دەبێت بەجۆرێكی دیكە لەئیمپریالیزم. هەموو ڕێكارو ڕەوش و خواستەكانی فاشیزم بەهەموو ناوە جیاوازەكان‌و بەهەموو پەیڕەوەكانی ئایینی و نەژادی و چینایەتیەوە پێویستی بەسێگۆشەیەك هەیە كە ئەو بەرنامەو ئامانجانە دروست بكات و بە ئاكامی بگەیەنێ كە ئەمانەن: عەقڵیەت و بڕوای دوژمنكارانە بەرامبەر بەهەموو ئەوانەی كە فاشیزم بەدوژمنی دەزانێت، دەروونی شەڕەنگێزو ڕقاوی بەرامبەر كۆمەڵ و مرۆڤ، و ژینگەیەكی گونجاو بۆ بەرهەم هێنانی ئەم سیاسەت و پەیڕەوە سەرئەنجام دەبێت بپرسین ئایا سیاسەتی ئیسلامی و رێكخراوە(توندڕەوە) ئیسلامییەكان ئێستا هەموویان ئەو بنەماو پەیڕەوانە جێبەجێ ناكەن و بەتایبەتیش ئەوانەی كە هێزو دەسەڵات و خەڵك و ناوچەكانیان بەدەستەوەیە. ئایا تالیبان هەموو ئەمكارانەی نەكرد، قاعیدە هێندەی دەسەڵاتی هەبێت و بۆی كرابێت ئەم سیاسەتانەی پیادە نەكرد، ئەی بۆكۆحەرامیش هەروا ناكات و سەرئەنجام داعش لەهەموویان زیاترو توندڕەوترو فراوانتر ئەو بنەماو ئامانجە فاشیستانە نابات بەڕێوە. بۆ باشتر ناسین و شارەزابوونی ئەم پان ئیسلامیزمە دەبێت بڵێن كە سیاسەت و تیرۆرو فاشیزمەكەیان بۆ دامەرزاندنی شێوازێكی كۆنترو سەرەتایی و دڕندەترە لەئیمپریالیزم بەئاڵاو بەرنامەی خەلافەتی ئیسلامی.

 

نیشتمان و جەماوەری فاشیزمی ئیسلامی
تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی و فاشیزمی ئیسلامی هەرچەندە نەیتوانیوە بەتەواوی وەكو فاشیستەكانی سەدەی بیست ببێتە خاوەن دەوڵەت و وڵات و پاشان لەوێوە بەرەو داگیركاری وڵاتانی دیكە خۆی فراوان بكات، بەڵام توانیویەتی دەستی بگاتە چەندین ناوچەو لەچەند وڵاتدا ژیان و چارەنووسی خەڵكی لەژێر دەستدا بێت. ئێستا داعش لە عیراق و سوریا، بۆكۆ حەرام لەنەیجیریاو بزووتنەوەی شەبابی سوماڵی لەباشووری ئەو وڵاتە و قاعیدەو تالیبان لەهەندێك ناوچەی پاكستان و ئەفغانستان هەمان ئەو سیاسەت و بەرنامانە بەڕێوەدەبەن كە فاشیستەكانی سەدەی بیست لەوڵاتی خۆیان  و وڵاتە داگیركراوەكان دەیانكرد. بەڵام ئەوەی كە ئێستا جێگای مەترسی و هەڕەشەیە بەرامبەر بەجیهان و ئەو ناوچانەی نزیكن لەم ئیسلامییە فاشیستانەوە ئەوەیە كە ئەوان بوونەتە خاوەنی ناوچەو جەماوەری زۆر كە ژینگەی لەبارن بۆ سەرهەڵدان و بەهێزبوونی ئەم تیرۆریزم و فاشیزمە، لەو نیشتمان و جەماوەرەشدا توانیویانە لەپانتاییەكی فراواندا ترسناكترین پرانسیپ و بڕوای توندڕەوی فاشیستی بكەن بە بەشێك لەپێكهاتەو بیركردنەوەی خەڵكانێكی زۆرو بەتایبەتیش لاوان. ئەو بڕوا توندڕەوەش ئەوەیە كە لاوانیان قەناعەت بەوە كردووەو ژمارەیەكی هێجگار زۆریشیان بۆ ئەوە ئامادە كردووە كە دەخوازن بمرن لەپێناوی ئەو بڕوایەدا. سەركەوتنی هەموو فاشیستەكانی جیهان هەر لەسامۆرای ژاپۆن هەتا ئیسماعیلی و حەشاشەكانی ئێران و كۆمۆنیستەكانی ڕوسیاو چین و نازییەكانی ئەڵمان و فاشیەكانی ئیتالیاو ڤاڵانژەكانی ئیسپانیاو خەمیرە سوورەكانی كەمبۆدیا هەتا دەگاتە ئەم فاشیزمە ئیسلامییەی ئێستا لەوەوە دەست پێدەكات كە كەسانێكی زۆریان هەیە ئامادەن بمرن بەفەرمانی ڕابەرەكان‌و دیسان ئامادەشن كە دەست لەهیچ كوشتارو خراپەو توندوتیژییەك نەپارێزن لەپێناوی ڕێبازەكەیاندا. بڕواو پرانسیپی هەموو فاشیستەكانی دونیا پیرۆز كردن و باڵاكردنی مەرگە بەپێچەوانەی هەموو بیروباوەڕە ئازادەكانی جیهان كە مانەوەی ژیان و بەرزڕاگرتن و خۆشكردنی ژیانە. ڕیشەی بیروباوەڕو قەناعەتی نەگۆڕی ئەوان لەمەرگدایەو دەیانەوێت مەرگ بكەنە سایەی خۆیان بەسەر هەموو جیهانەوە. ئەم بڕواو خەڵك و ژینگەیە ترسناكترین هێرشی هۆڤیانەی هەموو فاشیستەكانی جیهانە لەدژی مرۆڤایەتی و ئامانجەكانی. خەلافەتی ئیسلامی داعش جگە لەناوە ئیسلامی و ئاڵا ڕەشە(عەرەبیەكەی) هەمان مەرگ دۆستی‌و نابودیخوازی فاشیزم و نازیزم و ستالینیزمی سەدەی بیستە كە درێژكراوەی هەمان سیاسەت و پەیڕەوی ئیسلامییەكانی سەردەمی فتوحات و داگیركردنی مەككەو مەدینەی عەرەبیە لەلایەن سوپای ئیسلامییەوە.

 

ژینگەی كۆمەڵایەتیی ئەم فاشیزمە
ئێستا فاشیزمی ئیسلامی خاوەنی چەند ژینگەی كۆمەڵایەتی بەخێوكەری ئەو خەڵك و بڕوایانەیە كە بەردەوام لەوێوە هێزو جەماوەریان دەست دەكەوێت و هۆكارەكانی ئینتەرنێت و سایتە خەڵكیەكان و ڕاگەیاندن و مزگەوت و مەلاو خەتیب و بانگخوازە ئیسلامییەكان بوونەتە ژینگەی لەبار بۆدروستكردنی ناوچە و زادگای فراوان بۆیان. هەرچەندە چەكدارەكانی داعش‌و رێكخراوە ئیسلامییەكان لەچەندین هەزار كەس تێناپەڕن بەڵام ئێستا سەدان هەزار و ملیۆنەها خەڵك بوونەتە ژینگەی لەبار بۆ بەهێزبوونی ئەوان. ژینگەی كۆمەڵایەتی ئیسلامیزم بەهەموو ئاراستەو ناوە جیاوازەكانەوە ئێستا بەرهەمهێنەرو بەخێوكەری هەرە بەرپرس و ترسناكترین سەرچاوەن بۆ بەهێزبوون و فراوانبوونی ئەم ڕوانگە ئیسلامییە.

ئەگەر ئەو ژینگە كۆمەڵایەتییە بەرهەمهێنەرانەی ئەم بیروباوەڕانە نەبووایە چۆن ئاوا زوو داعش و نەسرەو بۆكۆحەرام و شەبابی سۆماڵی گەشەیان دەكردو لەناو خەڵكدا بڵاودەبوونەوە. خۆ ئەوان بوون لەناو خۆیاندا حەشاریان دەدان و خواردن و پۆشاك و پارەو شۆێنیان بۆدابین دەكردن و تەنانەت لەناو هێزە چەكدارە ڕەسمییەكانی ئەو ناوچانەشدا پێگەو ژینگەیان هەبوو. ئەگەر ئەم ژینگە كۆمەڵایەتییە نەبوایە چۆن ئەو هەموو شارو شارۆچكەو گوندو ناوچانەیان داگیردەكرد . ئەگەر غەدرو خیانەتی ئەو خەڵك و ژینگە كۆمەڵایەتییانە نەبوونایە كە لەگەڵ چەكدارانی داعش پەلاماری شنگال و زومارو ناوچەكانی دەشتی موسڵیان دا، چۆن چەند هەزار چەكدار دەڕۆستی ئەو هەموو سەدان هەزار خەڵكە دەهات. بەسەرهاتەكانی غەدرو خیانەتی عەرەب و توركمانی سوننەو هەندێك لە كوردە سوننەكان لەناوچەی شەنگال و تەلەعفەر هێزەكانی داعشیان بەهێزتركردو تاڵان و تەعداو كوشتاری ئەوانیشیان زیاتر كرد. پەلامارو تاڵانی ئەو ژینگەو ناوچانە بوون كە ئێزیدی و مەسیحی و شەبەك و كاكەیی و شیعەكانیان بەو دەردە برد كە هەموو دیمەنەكانی كۆكۆژیی ئەرمەن و جولەكەو ئەنفالیان دووبارەو چەند بارە كردەوە.

 

ئیزیدییەكان و ئەوانی تر چییان وت؟
ئێزدییەكان و مەسیحی و شەبەك و كاكەیی و شیعەكان وتیان ئەگەر عەرەب و توركمانە سوننەكان نەبوونایە داعش نەیدەتوانی بەو فراوانییە ئەو هەموو ناخۆشی و كارەساتانەمان بەسەر بهێنێ، ئەوانە نەك ئێمەیان نەپاراست و نەك ئێمەیان حەشار نەدا، بەڵكو دراوسێكانمان كە دەیان و سەدان ساڵە پێكەوە ژیاوین ماڵیان تاڵان كردین و بوونە چاوساغی داعشەكان و ژن و مناڵەكانیان فرۆشت و پیاوەكانیان كوشت. عەشایرەكانی عەرەب و توركمانی سوننە لەهەموو ناوچەكانی شنگال، زومار، رەبیعەو خازرو مەخمورو حەویجەو رەشادو زاب و جەلەولاو سەعدیە چوونە پاڵ داعش و هێزی ئەوانیان زیاتر كردو خەڵكیان گەمارۆداو ژن و كچەكانیان كڕی و پیاوەكانیان كوشت و ماڵەكانیان تاڵان كرد. ئەم كردەوەو ڕەفتارانە هەمان ئەو سیاسەت و پەیڕەوانەن كە ئەڵمانەكان بەرامبەر بەجولەكەو قەرەجەكان كردیان و بەعسییەكان بەرامبەر بەكورد پیادەیان كردو خەمیرە سوورەكانی كەمبۆدیا بەرامبەر خەڵكی ئەو وڵاتە بەڕێوەیان بردو سرب و كرواتەكان بەرامبەر بەیەك نواندیان.

ترسناكی و هەڕەشەی فاشیزم تەنها ئەوە نییە كە دەسەڵات و سوپایەك خەڵك لەناو دەبات، بەڵكو لەوەش ترسناكترو دڕندانەتر ئەوەیە كە جەماوەرێكی زۆری خەڵك جەماوەرێكی زیاتر قڕ دەكات و ماڵیان تاڵان دەكات. كوشتارو تاڵانی و دەربەدەری ئەرمەنەكان لەسەر دەستی سوپای توركیا (1923،1918،1915،1890) و تاڵانی و كوشتاری پاشای كۆرەی رواندز لەدژی ئێزیدییەكان و كوشتارو تاڵانی مەسیحییەكان لەسەر دەستی سوپای بەكر سدقی لە 1932، هەمان مێژووی رابردووی ئەم كۆمەڵكوژییەیە كە ئێستا داعش لەكوردستان و عیراق بەرامبەر خەڵك دەیكات.

ژینگەی خێڵەكی و كۆمەڵە خەڵكە دواكەوتووەكان كە لەسەر بناغەی دەسەڵات و بەرژەوەندی و پەیوەندیی خوێن دامەزراون ئەو ژینگە كۆمەڵایەتییە یارمەتیدەرانەن كە بوونەتە ناوچە سەرەكییەكانی مانەوەو پاراستن و گەشەكردنی تیرۆریزم و فاشیزمی ئیسلامی. ئەم ژینگە خێڵەكی و دواكەوتووانە لەئەفغانستان و پاكستان و یەمەن و عیراق و سوریا و نەیجیریاو سوماڵ بوونەتە قەڵغانێكی مرۆیی بۆ بەهێزبوون و فراوانبوونی ئەم فاشیزمە ئیسلامیە كە بناغەكەی لەسەر پابەندیی ئایینی و دەسەڵاتی عەشایری و بەرژەوەندی دارایی بەشێوازە بنەماڵەییەكان دامەزراوە. كە داعش و فاشیستە ئیسلامییەكانی دیكە دەچوونە ناوچەیەك كە هاودین و هاونەتەوەی خۆیان بوون، سەرەتا داوای بەیعەتیان لەسەرۆك خێڵەكان دەكردو هەر ئەوەندەی ئەوەیان بۆ مەیسەر دەبوو ئیدی كاریان ئاسان بوو. ئەم ئیسلامیزمە وەكو هەموو فاشیستەكانی دیكە لەسەر بنەمای نەژادو خوێن و ئایین بیردەكەنەوە، هەروەكو چۆن هیتلەرو مۆسۆلینی هەمان سیاسەتیان پەیڕەو دەكرد و چەندین جار هیتلەر ئامۆژگاری دەستوپێوەندی خۆی دەكرد كە “بەخوێن و نەژاد و ئایین بیر بكەنەوە” بۆیەش دژی نەژادی سامی و سڵاڤ و قەرەجەكان بوون.

پەیوەندی خێڵەكی و پابەندیی ئایینی و بناغەی هەڕەمی عەشایری هەمان سێگۆشەی سیاسەتی ئیسلامییە لەهەموو قۆناغەكانی دەسەڵات و خەلافەتەكانی راشدین و ئەمەوی و عەباسی و عوسمانی و سەفەوی….هتد و ئێستاش سیاسەتی ئیسلامی بەو ناوە جیاوازانەی داعش و نەسرەو قاعیدە…هتد هەمان سیاسەت و پێكهاتە و بیروباوەڕی عەشایری و ئایینی و نەژادی یان ژیاندۆتەوە.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.