“كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان” بە دەركردنی راگەیەندراوێك پشتیوانی خۆیی لە 12 رۆژ مانگرتن و خۆڕاگریی زیندانیانی سیاسی لە زیندانی ناوەندیی شاری “ورمێ” ناسراو بە زیندانی (دەریا) دەربڕیوە.
دەقی راگەیەندراوەكەی “كۆمەڵە” بەمچەشنەیە:
راگەیاندنی كۆمەڵە “پشتیوانی لەمانگرتنی زیندانیانی سیاسی گرتووخانەی ورمێ دەكەین”
ماوەی نزیك بە دوو هەفتەیە ژمارەیەك لە زیندانیانی سیاسی گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ بۆ چەندین داواكاریی ئینسانی مانیان لەخواردن گرتووەو لەئێستادا بارودۆخی تەندروستی ژمارەیەكیان روو لەخراپی دەڕوات.لە رۆژی پێنجشەممە 29ی خەزەڵەوەر زیندانیانی سیاسی بەندی 12ی زیندانی ورمێ بۆ جێبەجێكردنی چەندین داواكاریی لەوانە مافی هەبوونی بەندێكی تایبەت بۆ زیندانییە سیاسییەكانو هەڵسوكەوتی مرۆڤانە لەگەڵ زیندانیان دەستیان مانیان لەخواردن گرتووە. هاوكات ژمارەیەكی دیكە لەزیندانیانی سیاسی لەباقی گرتووخانەكانی ئێران بۆ پشتیوانی لە بەندكراوانی سیاسی ورمێ دەستیان داوەتە مانگرتن لەخواردن.
سیاسەتی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی لە گرتوخانەی ورمێ لەمەڕ بەندكراوانی سیاسی بە پێچەوانەی سەرجەم رێساو یاسا نێودەوڵەتییەكانو پێشیڵكردنی مافەكان مرۆڤە، ئەگەرچی ئەم جۆرە سیاسەتانە لە ماوەیە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە بەندكراوانی سیاسی بەردەوام دووپات كراوەتەوە.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان سەرەڕای مەحكوم كردنی سیاسەتی بەرپرسانی رژیم بۆ بێڕێزی كردن بە بەندكراوانی سیاسی، پشتیوانی لە بەندكراوانی مانگرتوو لە زیندانی ورمێ دەكەینو داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتیەكانی مافی مرۆڤو رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان دەكەین بە هانای زیندانیان مانگرتووی بەندیخانەی شاری ورمێ بچنو گوشارەكانیان بۆ سەر كۆماری ئیسلامی زیاد بكەن.
هەروەها داوا لەخەڵكی ئازادیخوازی كوردستان دەكەین لە هەر شوێنێكی ئەم جیهانە پشتیوانی خۆیان لە بەندكراوانی سیاسی رابگەیەننو بە سازدانی خۆپیشاندانو كۆبوونەوەی ناڕەزاییو باقی شێوازەكانی خەباتی مەدەنی، ئیدانەی سیاسەتەكانی رژیمی ئێران لەمەڕ زیندانیانی سیاسی بكەن.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
2ی دێسامبری 2014 – 11ی سەرماوەزی