راوێژكاری كەلتووریی سەرۆك كۆماری ئێران ئاماژەی داوەتە پەرەسەندنی “زەواجی سپی” لەو وڵاتە و نیگەرانیەكانی كاربەدەستانی حكومەت لەو پەیوەندەدا و سەرۆكی دەفتەری خامنەییش باسی لەوە كردووە، كە ئەم دیاردەیە “جیلی حەڵاڵ” لەنێو دەبات و كاربەدەستێكی دیكەی پەیوەندیدار بە لاوان، دەڵێ: وەها دیاردەیەك لە ئێراندا بوونی نیە.
رۆژی دووشەممە 10ی مانگی سەرماوەز، حسامەدین ئاشنا، بەرپرسی كەلتووریی حەسەن رووحانی لە رۆژی جیهانی ئیدز لە وەزارەتی بێهداشتی كۆماری ئیسلامی، لە زاری یەكێك لە كاربەدەستانی ئەو حكومەتەوە باسی لەوە كردووە، كە “زەواجی سپی” و پێكهێنانی ژیانی هاوبەشی ژن و پیاو بە بێ تێپەڕاندنی پڕۆسەی هاوسەرگیریی رەسمی كردووە و نیگەرانی خۆی لەو پەیوەندەدا دەربڕیوە.
ئاماری هاوسەرگری لە ساڵانی رابردوو بەردەوام لە حاڵی دابەزیندا بووە و ژنان و پیاوان بە هۆی كێشەی ئابووری و كۆمەڵایەتیەوە ناتوانن ژیانی هاوبەش پێكبهێنن روو دەكەن “زەواجی سپی.
بە پێی ئامارەكانی رێكخراوی سەبت ئەحواڵی ئێران، لە ماوەی 5 مانگی سەرەتای ئەمساڵ 288 هەزار 183 حاڵەت هاوسەرگیری تۆمار كراوە، كە لە بەراوەرد لەگەڵ ساڵی رابردوو 4.6% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
“زەواج یان هاوسەرگیریی سپی” لە ئێران بەو چەشنە هاوسەرگیریانە دەوترێ، كە بە دوور لە یاسا و رێسا دەوڵەتیەكان و بەتایبەت یاسا و رێسا ئایینیەكانە و ژن و مێردێك لە ژێر سەقفێك و بە ئارەزوو و لە سەر خواست و ویستی خۆیان ژیان پێكدەهێنن.