ئیبراهیمی عەلیزادە، سكرتێری گشتی رێكخراوی كوردستانیی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران (كۆمەڵە) لەوەڵامی ئەندامێكی حیزبی تودەی ئێران سەبارەت بە مافی دیاریكردنی چارەنوسو جیابوونەوە لەئێران دەڵێت: ئێمە دەبێت بتوانین هەركات ویستمان لەو مافە كەڵك وەرگرین.
عەلیزادە دوێنێ یەكشەممە لە پاریسی پایتەختی فەرانسە لەكۆبوونەوەیەكدا وتارێكی پێشكەش كردو تێیدا قسەوباسێكی لەسەر بارودۆخی سیاسیو كۆمەڵایەتی كورد لە هەر چوارپارچەی كوردستان كرد.
لەكۆتایی مەراسیمەكە، بەشی وەڵامو پرسیار بەڕێوەچوو. لەو بەشەدا یەكێك لە ئەندامانی حیزبی تودەی ئێران لە بەشێك لەقسەكانیدا روو لە ئیبراهیمی عەلیزادە وتی: ئێمە لەئێران مەسەلەی نەتەوەییمان هەیەو دەبێـت ئامانجی هەموومان رووخانی كۆماری ئیسلامی بێت. كوردەكان باشترە نەكەونە ژێر كاریگەریی شانتاژە سیاسیەكان. كاتێك ئێوە باس لە مافی دیاریكردنی چارەنوس دەكەن، ئەوكات رەنگە وابیر بكرێتەوە كە ئێوە جودایی خوازن.
ئیبراهیمی عەلیزادە لە وەڵامی ئەم ئەندامەی حیزبی تودەی ئێران دەڵێت: یەكێك لەئامانجەكانی ئێمەیش رووخانی كۆماری ئیسلامییە. ئەوانەش كە بیردەكەنەوە مەبەستمان لە “مافی دیاریكردنی چارەنوس” هەمان جوداییخوازییە، زۆرباشترە هەروا بیربكەنەوە. لایەنەكانی بەرامبەری ئێمە دەبێت ئەم مافە بە فەرمی بناسن، بەپێچەوانەوە ناتوانن ببن بە دۆستو هاوڕێك كوردەكان. ئێمە دەبێت بتوانین هەركات كە ویستمان لەو مافە كەڵك وەرگرین.
عەلیزادە هەروەها لەبەشێكی قسەكانیدا وتی: لە ئێستادا تەنها كۆمۆنیستەكانو سۆسیالیتەكان دۆستو هاوڕێ كوردن، چونكە تەنها ئەوانن كە مافی دیاریكردنی چارەنوس بە فەرمی دەناسن.
تێبینی: لەپۆستێكی رۆژنامەنوس سوسەن محەمەدخانی غیاسوەند لەپەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك كەڵك وەرگیراوە.