لە ماوەی 2 رۆژی رابردوودا 9 كەس لە شارەكانی “قەزوین، مەشهەد و كەرەج” لە لایەن دام و دەزگا ئەمنیەتی و قەزاییەكانی كۆماری ئیسلامیەوە لەسێدار دراون.
بە پێی راپۆرتی هەواڵنێریی حكومەتیی ئیرنا، رۆژی چوارشەممە 5ی مانگی سەرماوەز 2 كەس بە تاوانی قەتڵ و قاچاخی مادەهۆشبەرەكان لە لایەن دام و دەزگا ئەمنیەتیەكانی كۆماری ئیسلامیەوە لە شاری قەزوین لەسێدارە دران.
هەروەها، كۆمەڵەی چالاكانی مافی مرۆڤ لە ئێران، بڵاویكردەوە كە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی مانگی سەرماوەز 2 كەسی دیكە بە تۆمەتی شەڕئەنگێزیی (شەرارەت) لە شاری مەشهەد و لە پێش چاوی خەڵك لەسێدارە دران.
خەڵكی شارەكەش باس لەوە دەكەن، كە ئێعدام كردنی تۆمەتباران و تاروانباران لە پێش چاوی خەڵك تەنیا بەهۆی چاوترسێن كردن و تۆقاندنی شارۆمەندان و زاڵ كردنی كەشی پڕ لە خۆف و خەفەت لە نێو هاوڵاتییاندا ئەنجام دەگرێ.
لە لایەكی دیكەشەوە، هەمان سەرچاوە ئاشكرای كرد، كە 5 كەسی دیكە رۆژی چوارشەممە بە تۆمەتی ئەنجامدانی قەتڵی بە ئەنقەست و قاچاخی مادەهۆشبەرەكان لەسێدارە دران. ئەوەش لەحاڵكدایە كە رۆژی سێشەممە 9 كەس لە زیندانیانی راگیراو لە زیندانی رەجایی شاری كەرەج لە لایەن مەئمورانی ئەو زیندانەوە، بە مەبەستی جێبەجێ كردنی حوكمی ئێعدام رەوانەی ژووری تاكەكەسی كران، كە 4 كەسیان بە وەرگرتنی مۆڵەت، گەڕانەوە بۆ بەندی گشتی و ئەو 5 كەسەكەی دیكە ئێعدام كران.
شایانی باسە، لە ماوەی رۆژانی رابردوو، لە *زاگرۆس پۆست* بە بڵاوكردنەوەی وێنەی چەند كەسێكی ئێعدام كراو كە تەرمەكەیان رادەستی بنەماڵەكانیان كرابووەوە، ئاشكرامان كردبوو، هەموو پێنجشەممەیەك لە زیندانی شاری كرمان ژمارەیەك زیندانیی بەكۆمەڵ و بە شێوەی نهێنی لە سێدارە دەدرێن و زۆر جار هەواڵی ئەو ئێعدامان بە شاراوەیی دەمێنێتەوە.