دوو لاوی كوردی خەڵكی شاری روانسەر لە پارێزگای كرماشان، پاش ئەوەی لەلایەن دادگای كۆماری ئیسلامی لەو شارە، هەر كامەیان حوكمی ١ ساڵ زیندانیی تەعزیرییان بۆ بڕایەوە و رەوانەی زیندان كران.
ئەو دوو لاوە كوردە كە بە تۆمەتی هاوكاریی لەگەڵ یەیكێك لە حیزبە كوردیەكانی نەیاری كۆماری ئیسلامی هەر كامەو بە یەك ساڵ زیندان حوكم دراون، ناویان بریتیە لە سۆران ئەحمەدی، تەمەن ٢٠ ساڵ و كوڕی ئەنوەر و نەوید ئەحمەدی كوڕی ئەمیر.
ئەو دوولاوە كوردە، كە ئامۆزای یەكترن، رۆژی شەممەی ئەم حەفتەیە بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوكمەكەیان رەوانەی زیندانی شاری پاوە كراون.
گوشاری سەر زیندانیانی سیاسی، مەدەنی و عەقیدەتی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی لەحاڵێكدایە كە، ئەو حكومەتە لە لایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە بە هۆی بەرنامەی ئەتۆمی گوماناوی و سەپاندنی ئابڵۆقەی ئابووری لە ژێر گوشاردایە و ئەیهەوێ دانی ئیمتیازە دەرەكیەكان و سەختی گوشارەكان، بە بەرتەسك كردنەوەی ئازادیی و مافی هاوڵاتیان و توندتر كردنەوەی كەشی سەركوتە ناوخۆییەكان سارێژ بكات.