لە پارێزگای ئیلام رێژەی خەسارە كۆمەڵایەتیەكان و بەتایبەت توشبوون بە مادەهۆشبەرەكان.
بە وتەی بەرپرسی شۆرای بەرنگاربوونەوە لەگەل ماددە هۆشبەرەكان لە پارێزگای ئیلام، بە لایەنی كەمەوە ٢٥ هەزار تووشبوو بە ماددەی هۆشبەر لەو پارێزگایەدا بوونی هەیە، كە پێدەچێ بەرۆكی ماڵی هەموو كەسێك بگرێ.
رەزا سادقیان رایگەیاندووە، كە زۆرەبی تووشیاران مادەی هۆشبەری تریاك بەكار دێنن و لەو پەیوەندییەدا لە ماوەی ٦ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا ٨٢٠ كەس دەستبەسەر كراون.
سەرەتای ئەم مانگەش بەهۆی زیادبوونی ژمارەی تووشبوان بە ماددەی هۆشبەر، كە ئەو ژمارەیە تەنیا لە نیو ژناندا ٥ هەزار كەسی تێپەڕاندووە، بەردی بناغەی كردنەوەی كەمپێكی تایبەت بە وەلانانی ماددەی هۆشبەر دانراوە.
سەرەڕای ئەوەیكە پارێزگای ئیلام ١٠٢ هەزار لاوی سەڵتی تێدایە، كە رۆژانە بەرەوڕووی زۆربەی خەسارە كۆمەلایەتیەكان دەبنەوە، ناوەندە حكوومەتییەكان كەمترین ئەرك و رۆڵیان لە كۆنتڕۆڵ كردنی قەیران و خەسارەكاندا لە ئەستۆدا بووە.
هاوكات ئەنجومەنە خەلكییەكان لە پارێزگای ئیلام كە ژمارەیان نزیك بە ٥٠ ئەنجومەنە، بەهۆی پشتیوانی نەكردنی ناوەندە حكوومەتییەكان، بەرەوڕووی قەیران بوونەتەوە.
تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەكان، تەڵاق، گیرسانەوە لە قەراغ شارەكان، لەشفرۆشی، گەندەڵیی ئیداری، توندوتیژی، لاوازیی سیستمی پەروەردەیی و خۆكوژیی سەرەكیترین قەیرانەكانی كۆمەڵگای ئێران و یەتابەت ناوچە كوردنشینەكان دێتە ئەژمار.