بە بۆنەی تێپەڕ بوونی ساڵێك بەسەر مەرگی هەڵسوڕاوی سیاسی “محەمەد كەعبی” ژمارەیەك لە هاوڵاتیان لەسەر گڵكۆری ناوبراو كۆبوونەوە.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە “زاگرۆس پۆست” ئەمڕۆ دووشەممە 3ی مانگی سەرماوەز ژمارەیەك لە دۆستان و كەس و كاری “محەمەد كەعبی” خەباتكاری دێرینی سیاسی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی كوردستان لەسەر گڵكۆی ناوبراو لە بەهەشتی محەمەدی شاری سنە كۆبوونەوە و رێزیان لە یەكەمین ساڵیادی كۆچی ناوبراو گرت.
لەو رێوڕەسمەدا كە بە یەك خولەك بێدەنگی و خوێندنەوەی 2 شیعر و وتنەوەی لە لایەن بەشداربووانەوە رێز لە كۆچی دوایی گیراو هەوڵ و تێكۆشانی ئەو چالاك و خەباتكارە كوردە بەرز راگیرا و هەروەها باس لە چۆنیەتی بەرخۆدان و خۆڕاگریی “محەمەد كەعبی” لە نێو زیندانەكانی كۆماری ئیسلامیدا كرا.
لەو رێوڕەسمەدا، كە خوشكی “محەمەد كەعبی” و هاوسەر و كوڕە بچكۆڵەكەی بەشدار بوون و ژمارەیەكی زۆریش بەشدارییان كردبوون، وێڕای سەرەخۆشی دوبارە و خۆڕاگریی لە بەرانبەر زیاتر لە 3 دەیە ناڕەحەتی و خەمی ئەو بنەماڵەیە دەسخۆشییان ئاراستە كردن و بۆ برایان و باقی كەس و كاری ناوبراو لە دەرەوەی وڵات، كە لە زومرەی خەبات خولقێنانی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی كوردستانن، پشو درێژی و بەردەوامییان بە ئاوات خواست.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، محەمەد كەعبی، برای 3 كەسی گیانبەختكردوو بە ناوەكانی”نەسرین، شەهلا و سدیق كەعبی” بوو، كە لە رەوتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی كوردستان و لە ریزەكانی كۆمەڵەدا گیانیان بەخت كردووە.