دوو چالاكی مەدەنی و ژینگەپارێزیی كورد لە شاری مەهاباد، لەلایەن حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە سەبارەت بە راپرسییەكەی ناوەندی دەنگ و رەنگی مەهاباد لەسەر حەسەن زیرەك، دەستبەسەر كران.
ماڵپەڕی كوردپا بڵاوی كردووەتەوە، كە خەبات مەنگوڕی تەمەن ٣٠ سال و كوڕی سلێمان و كامیار نازمی لە چالاكانی مەدەنیی كوردی خەڵكی مەهاباد، رۆژی رابردوو لەلایەن مەئموورانی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارنەوە دەستبەسەر كران.
ئەو چالاكانە لەلایەن مەئموورانی حیفازەت ئیتلاعاتی مەهابادەوە بۆ ناوەندە ئەمنییەكانی ورمێ گوازراوەنەتەوە.
تۆمەتی ئەو دوو چالاكە مەدەنیە، “هەوڵدان بە دژی تەناهی نەتەوەی” راگەیەندراوە.
دەوترێ زیاتر لە ١٠٠ كەس لە لاوانی شاری مەهاباد بانگهێشتی ناوەندە ئەمنیتی و نیزامیەكان كراون.
ئێستاكە ناوشاری مەهاباد بە هێزێكی زۆری ئەمنیەتی، میلیتاریزە كراوەو جوڵە و بزاوتی هاوولتاییان كۆنتڕۆڵ دەكەن.
خەبات مەنگوڕی چالاكی مەدەنی و بەرپرسی ئەنجومەنی ژینگەپاریزیی مەهاباد
بە وتەی كەسوكاری خەبات مەنگوڕی، هێزە ئەمنییەكان فەیسبووكی ئەو چالاكە كوردەیان كردۆتەوەو لەو رێگەیەوە پەیوەندی لەگەڵ خەڵك دەگرن.
لە كاتێكدا بڕیار بوو لە بەردەم ناوەندی دەنگ و رەنگی مەهاباد سەبارەت بە سووكایەتی كردن بە حەسەن زیرەك خۆپیشاندان بەڕێوەبچێت، ناوەندە ئەمنیەیكان ژمارەیەك خەڵكیان لەو شوێنە دەستبەسەر كردووە.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، كە خۆپیشاندانی چالاكان و هاووڵاتییانی شارەكە لەمەڕ سووكایەتی كردنی ناوەندی دەنگ و رەنگی مەهاباد بە حەسەن زیرەك، بەهۆی ئەمنیەتی كردنی ناوشار لەلایەن ناوەند ە ئەمنیەیكانەوە بەڕێوەنەچوو.
دوابەدوای راپرسییەكی ناوەندی دەنگ ورەنگی مەهاباد كە تیایدا حەسەن زیرەك لەگەڵ دوو گۆرانیبێژی فارس خرابوویە راپرسییەوەكەوە، چالاكانی مەدەنی و هونەرمەندانی كوردستان ناڕەزایەتیان بەو كارە دەربڕی و بە سووكایەتیی ئاشكرا بە حەسەن زیرەكیان وەسف كرد.
لە ماوەی رابردووشدا خەبات مەنگوری بەهۆی بەشداریكردن لە خۆپیشاندانەكانی پشتیونای لە خۆڕاگریی خەڵكی كۆبانی، بۆ ماوەی ٢٤ كاتژمێر لە ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەستبەسەر و لێپێچینەوەی لێكرابوو.