شه‌ممه‌ 23 تشرینی دووه‌م 2024

“عەلی كەریمی” نامەیەكی لەسەر”حسێن یەزدان پەنا”ئاراستەی وەزیری پێشمەرگە كرد

“عەلی كەریمی” پێشمەرگەی دێرین و هەڵسوڕاوی سیاسی رۆژهەڵاتی كوردستان سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی وێنەیەكی “حسێن یەزدانپەنا” جێگری سكرتێری پارتی ئازادیی كوردستان، كە لاقی بە شانازیەوە لەسەر تەرمی كەسێكی كوژراو داناوە، نامەیەكی ئاراستەی وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان كردووە.

دەقی نامەكەی “عەلی كەریمی” بەمچەشنەیە و دەتوانن لە خوارەوە رەسمەكەی “حسێن یەزدانپەنا” ببینن.

دەقی نامەكە بخوێنەرەوە:

بەرێز وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان
برام كاك مستەفا
پێویست بە گووتن ناكات بە گژداچوون و بەرخۆدانی پێشمەرگە قارەمان و شەرڤانە پاڵەوانەكان لە باشور و خۆرئاوای كوردستان بە دژی داعش لە چەند مانگی رابردوو سەدان و بگرە هەزاران تابلۆی بێ وێنەی بۆ هەموو كورد نەخشاندوە.
بە هۆی ئەم خۆراگری و گیانفدایی رۆڵەكانی كورد لە بەرەیەكی زیاتر لە هەزار كیلۆمتری، دنیا هاتە گۆ و كورد بوو بە داستانی سەدان رۆژنامەنووس و سیاسەتمدار و رۆشنبیرانی هەموو جیهان. لە زۆربەی پایتەختەكانی وڵاتان رێپێوانی دەیان هەزار كەسی كرا و عەتفی مرۆڤانەی ژن و پیاو و مناڵی جیهان بەرەو كورد راكێشرا.
ئەوەی كچانی خۆرئاوا كردیان و دەیكەن لە ئەفسانەكانیشدا جێیان نابێتەوە، دنیا لە گەڵ كوردە و هەموو دانی پێدا دەنێن ئێمە لەسەر حەقین و ئەوان داعش، وەحشی و خوێنخۆری بەر لە بەشەرییەت!
ئەوەی ئەمڕۆ لە سەرتاسەری جیهان بۆ كورد بەدەست هاتوە بە بەلاش نەبووە و بگرە بە خوێنی سەدان گەنجی كچ و كوری ئێمە بووە، بە سەدان دایك جەرگی سوتا و بە سەدان باب و برا و خوشك بڕبڕەی پشتیان چەما.
ئەمڕو هەموو كوردێكی پەنابەری وڵاتان ئیتر شەرم لە كورد بوونی خۆی ناكات و بگرە بە فەخر و شانازی و سینگی لە پێش دەڵێ؛ من كوردم، ئاشتیخوازم و دژی ترور و بەربەرییەت لە جیاتی هەمووتان شەر دەكەین، بروامان بە مرۆڤایەتی و ئاشتی و لێبوردن و یەكسانی و بەیەكەوە ژیانە.
كاك مستەفای بەرێز!
ئێوە وەك بەرپرس و وەزیری پێشمەرگەی وڵاتمان و هەموو بەرپرسە بەرێزەكانی تر بەرپرس و زامنی راگرتنی ئەم دەسكەوتانەن كە ئەم پاڵەوانە لە خۆ بووردوانە بۆیان بە دەست هێناوین.
چەند رۆژێكە لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكان و بە تایبەت فەیسبووك كە هەموو كەسێكی ئەم جیهانە دەستی پێرادەگات، وێنەی بە نێو پێشمەرگەیەك بڵاو بۆتەوە (بڕوانە خوارەوە) كە هەست دەكەم ریسی هەموو ئەم تۆماری بەرخۆدان و قارەمانییەتەی پێشمەرگە دەكاتەوە خوری.
لەم دوو رۆژەدا دەبێ عەرزتان بكەم بە دەیان پێشمەرگەی دێرینی باشور و رۆژهەڵات پەیوەندیان پێوە گرتووم و شەرم دەكەن كە كورد بە چەشنی داعش رەفتار بكات، ئەوەی لەم رەسمەدا نمایش دەكرێت دوورە لە بەرزی رەوشت و ئەخلاقی پێشمەرگە.
تكایە ئیجازە مەدەن بەم جۆرە خەڵكە نەخۆشە بە ناوی پێشمەرگە و عەقلیەتی داعش، زیان بە دەسكەوتە ئاشتیخواز و مرۆڤانەمان بگەیەنرێت.
داواكارم پێشمەرگە بەری بكەن لەم رەفتارانە و ئیجازە مەدەن پێشمەرگە و كورد بەم چەشنە بێنە ناسین.
لە گەڵ ئەوپەڕی رێزم
براتان پێشمەرگەی دێرین
عەلی كەریمی
2014-11-16

تێبینی: وێنەكە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك وەرگیراوە :

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.