15 هەزار كەسی كارتۆن خەو لە شاری تاران بوونی هەیە كە 3 هەزار كەسیان ژنانی پێكی دەهێنن.
ڕەحمەتوڵڵا حافزی سەرۆكی كومیسۆنی تەندروستی و ژینگەپارێزی شاری تاران، وێڕای ئاماژە بەوەی نیزیك بە 15 هەزار كارتۆن خەو لە تاران بوونی هەیە وتی، 3 هەزار كەس لەو كارتۆن خەوانە ژنن.
ئەمەش لە حاڵێك دایە كە ڕەزا جەهانگیری، جێگری خزمەتگوزاریی كۆمەڵایەتیی ڕێكخراوی خۆشبژیویو بەشدارییە كۆمەڵایەتییەكانی شارەداریی تاران مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو كە نێونجی تەمەنیی ژنانی كارتۆن خەو لە شاری تاران لە نێوان 17 بۆ 18 ساڵ دابەزیوەو بەرزبوونەوەی ژمارەی ژنانی تووشبووی مادەی هۆشبەر یەكێك لە گرینگترین هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی ئاماری كارتۆن خەوەكانە.
لە لایەكی دیكەوە پرسی هەوڵی شارەداریی تاران بۆ چارەسەریی بارودۆخی حقووقیی گەرمخانەكان لە هەلومەرجێك دایە كە عەبدوڵڕەزا ڕەحمانی فەزلی، وەزیری نێوخۆو سكرتێری گشتیی كۆماری ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ مادە هۆشبەرەكان، ماوەیەك لەوەپێش ڕایگەیاند، كە لە پارێزگای تاران كەمپێكی 10 هەزار كەسی بۆ تووشبووانی مادەی هۆشبەر كە هیچ شوێنێكیان بۆ حاوانەوە نییە، دروست دەكەن، بەڵام هێشتا ئەو وادەیەو بەرنامەیەش وەدی نەهاتوە.
شایانی باسە، كە نەتەنیا تاران بەڵكوو زۆربەی شارو ناوچەكانی ئێران لەگەڵ كۆمەڵێكی زۆر لە خەسارە كۆمەڵایەتییەكان و لەوانە “كارتۆن خەوەكان” بەرەوڕوون، كە دەوڵەت لە سەبارەت چارەسەر كردنیان بێ پڕۆژە و دەستەوەستان ماوەتەوە.