پارێزگای سنە لە ئاستی رێژەی تەڵاق لە ئێران پلەی چوارەمی هەیە و لە سەرەتای ساڵی 1393 تا ئێستا، هەزار و 500 حاڵەت تەڵاق لەو پارێزگایە روویداوە.
باقر كەرەمی بەرپرسی ئیدارەی بێهزیستی لە پارێزگای سنە، رۆژی پێنجشەممە 29ی مانگی خەزەڵوەر وێڕای راگەیاندنی ئەم هەواڵە، باسی لەوە كردووە كە لە ساڵی 1392ی هەتاووی لەو پارێزگایە 3 هەزار و 353 حاڵەت تەڵاق تۆمار كراوە و ئەمساڵیش تا ئێسا هەزار و 500 حاڵەت تەڵاق تۆمار كراوە و بە واتایەكی دیكە لە هەر سە عاتێكدا 17 تا 21 حاڵەت تۆمار كراوە.
چوونەسەرەوەی ئاماری تەڵاق لە پارێزگای سنە لە لایەن ئەو كاربەدەستە ئیدارە حكومەتیەوە كەم ئەزموونی ئەو كەسانە راگەیەندراوە كە پڕۆسەی هاوسەرگیری پێكدەهێنن و ئاماژەی بەوەش داوە كە لە ساڵی 92ی هەتاویی 12 هەزار حاڵەت لە سەرانسەر ئێران تۆمار كراوە كە پشكی پارێزگای سنە لەو رێژەیە زۆر بەرچاو بووە و بووەتە هۆی ئەوەیكە دیاردەی تەڵاق سنە بباتە ریزی چوارەمین پارێزگای ئێران لە ئاستی دیاردەی تەڵاق.
جێگای ئاماژەیە، كارناسانی كۆمەڵایەتی لەسەر ئەو بڕوایەدان، كە بێكاریی و كێشەی ئابووریی، نەبوونی زانیاری و پەروەردەی دروست لەسەر پڕۆسەی هاوسەرگیری و كەم ئەزموونی، كێشەی گیرۆدەبوون بە مادەهۆشبەرەكان و چەندین گرفت و لادانی كۆمەڵایەتی دیكە، بووەتە هۆی ئەوەیكە شیرازەی ژیانی بنەماڵەكان تێكبچێت و ئەوەش ئاسەواری خراپ و نەشیاوی جۆراوجۆر لەدوای خۆی دەهێنێت و زۆرێك منداڵی بێ سەرپەرست و بێ بەری لە هەست و سۆزی باوك و دایكی لێ دەكەوێتەوە.