4 كاسبكاری دیكەی خەڵكی شاری “سەقز” بە هۆی رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستدا.
بە پێی ئەو هەواڵانەی بە *زاگرۆس پۆست* گەیشتووە، لە ماوەی رۆژانی رابردوودا 4 كاسبكاری خەڵكی شاری “سەقز” لە كاتی گواستنەوەی كەلوپەلی ناوماڵ بە شێوەی قاچاخ لەو شارەوە بەرەو تاران پێتەختی ئێران، لە سەر جادەی “قەیدار” لە نێوان شارەكانی بیجاڕ_زەنجان، بە هۆی ئەوەیكە “بەراز”ێك دێتە سەر رێگاكەیان، ئەو كاسبكارانە كە 2 ئۆتۆمبیلی لە جۆرەكانی “پراید و سەمەند”یان پێ بووە تووشی پێكدادان دەبن و هەر چوارەكەیان گیانیان لەدەست دەدەن.
ناوی ئەو چوار هاوڵاتیە كە هەموویان دانیشتووی گەڕەكە هەژارنشینەكانی شاری سەقز بوون، بریتیە لە:”سدیق، بێهروز، بێهزاد و رەزا”. یەكێكیان كە بە سدیق پارچە فرۆش دەناسرێ تەمەنی 40 ساڵ بووە و ئەو 3 كەسەكەی دیكە، تەمەنیان كەمتر لە 25 ساڵ بووە.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، هاوڵاتیەكی دیكە بە ناوی “ئەحمەدی رزوانی” تەمەن 30 ساڵ و خەڵكی ئاوایی “ئایچی” سەر بە شاری “سەقز” بە هۆی رووداوی هاتوچۆ لە كاتی كاسبی و گواستنەوەی باری “ئێڵ سی دی” لە سەر جادەی “دیواندەرە_ بیجاڕ” بە هۆی رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستداوە و لە ماوەی یەك مانگی رابردوودا ئەمە چەندمین جارە كە كاسبكارانی شاری سەقز لە سەر جادە جیاجیاكانی تووشی رووداوی دڵتەزێنی هاتوچۆ دەبن و تا ئێستا نزیك بە 10 كەس بەو بۆنەوە گیانیان لەدەستداوە.