كاسبكارێكی دیكەی خەڵكی ئاواییەكی سەر بە شاری “سەقز” و هاوڵاتیەكی دیكەی خەڵكی شاری “بۆكان” بە هۆی رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە.
بە پێی هەواڵێ كە بە *زاگرۆس پۆست* گەیشتووە، هاوڵاتیەكی بە ناوی “ئەحمەدی رزوانی” تەمەن 30 ساڵ و خەڵكی ئاوایی “ئایچی” سەر بە شاری “سەقز” بە هۆی رووداوی هاتوچۆ لە كاتی كاسبی و گواستنەوەی باری “ئێڵ سی دی” لە سەر جادەی “دیواندەرە_ بیجاڕ” بە هۆی رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستدا.
ئەو كاسبكارە كوردە كە لە هەوڵی دابینكردنی بژیوی ژیانی خۆی و بنەماڵەكەی بووەو لە شاری سەقزەوە بارێكی “ئێڵ سی دی” بەرو شاری تاران گواستوووەتەوە بە ئۆتۆمبیلێكی جۆری پژۆ لەگەڵ ئۆتۆمبیلێكی سەمەند كە خاونەكەی خەڵكی شاری “بۆكان” بووە، لە سەر جادەی “دیواندەرە_بیجاڕ” تووشی پێكدادان دەبن و بەو هۆیەوە هەردووكیان گیانیان لەدەست دەدەن و هاوسەری شۆفیرە بۆكانیەكەش لە دۆخێكی زۆر نالەباری جەستەییدایە.
ئەمەش لە حاڵێكدایە كە لە ماوەی یەك مانگی رابردوودا 6 هاوڵاتیی بەهۆی گواستنەوەی كەلوپەل بەرەو شاری تاران پێتەختی وڵاتی ئێران لە نێو جادەكاندا تووشی رووداوی هاتوچۆ دەبن و گیانیان لەدەستدەدەن.
شایانی باسە، ساڵانە بە دەیان و سەدان هاوڵاتیی خەڵكی شارە جیاجیاكانی كوردستان لە سەر سنوورەكان و لە سەر جادەكان، بە هۆی گواستنەوەی كەلوپەلی قاچاخ یان لە لایەن چەكدارانی كۆماری ئیسلامی یان بە هۆی رووداوی هاتوچۆ تووشی كارەسات دەبن و زۆرێكیان بەرەوڕووی زیانی گیانی و ماڵی دەبن و زۆرێكیشیان كەلوپەلەكانیان لە لایەن چەكدارانی حكومەتەوە دەستی بەسەردا دەگیردرێت و رۆژی چوارشەممە 21ی مانگی خەزەڵوەر زیاتر لە ٣٠ ئۆتۆمبیلی كاسبكاران لە ئاوایی “شێوەمیر” سەر بە ناوچەی “میراوێ” لە شاری سەردەشت لەلایەن هێزەكانی كۆماری ئیسلامیەوە ئاگری تێبەردراوە.