ماوەی ساڵێكە دزینی مەڕ و ماڵات و ئاژەڵی هاوڵاتیان لە گوندەكانی سەر بە شاری “دیواندەرە بە ئاستێكی زۆر پەرەی سەندووە.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە *زاگرۆس پۆست*، شەوی رابردوو هەینی 23ی مانگی خەزەڵوەر بۆ جارێكی دیكە 16 سەر مەڕ و ماڵاتی هاوڵاتیەك بە ناوی “جەلال زارەعی” خەڵكی گوندی “كەڵەكان” لە لایەن كەسانی نەناسراو دزراوە.
ئەمەش لەحاڵێكدایە، كە لە ماوەی یەك ساڵی رابردوو زیاتر لە 86 سەر ئاژەڵ و مەڕ و ماڵاتی خەڵكی گوندەكانی شاری “دیواندەرە” لە لایەن كەسانی نەناسراو دزراوە.
چەند رۆژ پێش ئێستا لە گوندی “مەحمودیە” سەر بە شاری دیواندەرە، 40 سەر مەڕ و ماڵاتی دوو بنەماڵە بە ناوەكانی “سەعید مورادی و كەماڵی قەیسەری” لە لایەن كەسانی نەناسراو دزراوە.
ئەمەش لە حاڵێكدایە كە لە ساڵی رابردوو تا ئێستا 50 سەر مەڕ و ماڵاتی دیكەی هاوڵاتانی دانیشتووی گوندی “كەڵەكان” سەر بە شاری دیواندەرە لە لایەن كەسانی نەناسراو دزراون، كە لەو رێژە لە مەڕ و ماڵاتەكە 10 سەریان هی كەسێك بە ناوی “جەلیل عبادی” بووە.
دیاردەی رفاندنی كەلوپەل و مەڕ و ماڵاتی هاوڵاتیان لە شارە جیاجیاكانی كوردستان بووەتە هۆی ئەوەیكە، خەڵك زات نەكەن ماڵ و ئۆتۆمبیل و هیچ كەلوپەلێكی خۆیان بەتەنیا بێهێڵن و ئەمەش بێ متمانەیی لای هاوڵاتیان دروست كردووە و هۆەیەكەشی هەژاری و نەداری و زاڵ بوونی كەلتووری سەقەتی دزی لە كۆمەڵگا رادەگەیەندراوە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی كۆماری ئیسلامیش هیچ هەوڵێ بۆ بنەبڕكردنی ئەم دیاردەیە ناخەنە گەڕ.