كومیتەی پشتیوانی لە كۆبانێ خوازیاری ئازادكردنی بێ پێشمەرجی دەستگیركراوانی خۆپیشاندانەكەی شاری سنە بۆ پشتیوانی لە خۆڕاگریی كۆبانێ لە یەكی مانگی نوامبر بوون.
لەو داواكارییەدا كە لە شێوازی راگەیەندراو بڵاو كراوەتەوە ونموونەیەكی نێردراوە بۆ *زاگرۆس پۆست*، باس لەوە كراوە كە، خەڵكی شاری سنە رۆژی یەكی مانگی نوامبر بەرانبەر بە 11ی مانگی خەزەڵوەر هاوكات لەگەڵی چەندین میلیۆن مرۆڤی ئاشتیخواز لە سەرانسەر جیهان، پشتیوانی خۆیان لە خرۆشانی گشتی بۆ “رۆژی جیهانی پشتیوانی لە كۆبانێ” هاتنە سەر شەقامەكان تا لە ناخی دڵیانەوە دژایەتی خۆیان لە هەموو جۆرە شەڕ و خوێنڕشتنێ دەرببڕن و هەموو سیاسەتە شەڕەنگێزانەكان و بەرژەوەندیخوازانەی زلهێزانی جیهانی و ناوچەیی بەرەوڕووی تەنگ و چەڵەمە بكەنەوە و بە بەشداریی پڕتین و تەوژمی خۆیان، لاپەڕەیەكی زێڕینی دیكە لە رەوتی خەبات دژی چەوساندنەوە بخولقێنن.
لە راگەیەندراوەكەدا وێڕای بەرز نەخشاندنی رۆڵی خەڵكی شاری سنە لە خۆپیشاندانی دژی هێرشی داعش بۆ سەر كوردستان و هەروەها رێزگرتن لە خەبات و مقاومەتی خەڵكی خۆڕاگری كۆبانێ، باس لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەكە كراوە و باس لە هێرشی دڕندانەی چەكدارانی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر كۆمەڵانی خەڵكی خۆپیشاندەر كراوە.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەی كۆمیتەی پشتیوانی لە كۆبانێ، نەتەنیا كردەوەی سەركوتگەرانەی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی مەحكوم كراوە، دەستخۆشی لە خەڵكی خەباتكاری شاری سنە كراوە و داوا كراوە كە لە خێراترین كاتدا و بە بێ هیچ پێشمەرجێ دەستبەسەركراوانی خۆپیشاندانە بەرینەكەی ئەو رۆژی ئازاد بكرێن.
هەروەها ئاماژە دراوەتە ئەوەیكە، وێڕای هەوڵ و تەقالای بنەماڵە و چالاكانی مەدەنی هێشتاكە ژمارەیەكی نادیار لە دەستگیركراوانی خۆپیشاندانی رۆژی جیهانی كۆبانێ، لەوانە: یەێ سەمەدی، سوهراب جەلالی، پشتیوان و خالید حسێنی هێشتاكە لە گرتووخانەكانی كۆماری ئیسلامیدان و چارەنووسیان نادیارە.