دوای ئەوەی بۆ پشتیوانی لە خەڵكی شاری كۆبانێ و شەڕەڤانانی خۆڕاگری ئەو شارە ژمارەیەك هاوڵاتی لە سەر سنوری نێوان كۆبانێ و باكوری كوردستان كۆبوونەوە، ژنێكی خۆپیشاندەر بە دەستی چەكدارانی توركیە گیانی بەخت كرد.
لەوبارەوە چالاكێكی سیاسی دانیشتووی شاری كۆبانێ ئاری ههركی رایدەگەیەنێ، ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی مانگی خەزەڵوەر چەكدارانی ئەرتشی توركیە ژنێكی كورد بە ناوی (قەدریە ئۆرتاك كایا) لەسەر سنوری نێوان كۆبانێ و باكوری كوردستان شەهید كردووە.
ناوبراو وتووشیەتی: ژنەكە بۆ پشتیوانی بەرخۆدانی كۆبانێ، هەوڵیداوە بچێتە نێو ئەو شارە، بەڵام لەلایەن سەربازەكانی توركیەوە دراوەتە بەر دەستڕێژی گوللەو بەو هۆیەوە گیانی بەخت كردووە.
ئەو چالاكە هەروەها رایگەیاندووە كە، لە دوێنێوە تا ئێستا لە هەر سێ بەرەی شەڕ لە شاری كۆبانێ، گورزی گەورە لە چەكدارانی داعش دراوە.
ئەوەشی ئاشكراكرد كە لە رۆژهەڵاتی كۆبانێ گەڕەكێك بە تەواوی لە چەكدارانی داعش پاكرایەوەو 9 كەس لەو چەكدارانە كوژراون، هەروەها بە دووری 20 كیلۆمتر لە رۆژهەڵاتی كۆبانێوە ئۆتۆمبێلێكی پڕ لە چەكداری داعش كەوتە نێو كەمینی هێزەكانی پاراستنی كۆبانێ و هەموویان كوژراون.