رێكخراوی داعش بازاڕی فرۆشتنی ژنانی ئێزیدی و مەسیحییەكانی عێراقی رێكخستوەتەوە، ئەو نوسراوەش كە بۆ رێكخستنەوەی بازاڕ ئامادەی كردووە ئاشكرا دەبێت و بڵاودەكرێتەوە.
بە پێی راپۆرتێكی پێگەی ئیلاف و بە پێی ئەو بەڵگەنامەیەی ئاشكرابووە رێكخراوی داعش بۆ رێكخستنەوەی بازاڕی “فرۆشتنی ژنان و كچانی ئێزیدی و مەسیحی” كە داشكاندنی بە خۆیەوە بینیوە، نرخی نوێی ژنان و كچانی دیاریكردووە.
ئەو كارەی كە رێكخراوی تیرۆریستی داعش دژ بە ژنان و كچانی مەسیحی و ئێزیدی دەیكات، كارێكی دوور لە مرۆڤانەیە و هەموو جیهان لە دژی وەستاوەتەوە.
بە پێی نوسراوەكەی داعش نرخی فرۆشتنی كچە رفێنراوەكان لەلایەن دەستەی ” بیت المال “ی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام رێكخراوەتەوە.
ئاماژەش بەوەكراوە كە هەر كەسێك سەرپێچی لەو بڕیارە بكات سزای لەسێدارەدانی بۆ دەردەكرێت.
لە ناو بەڵگەكەدا نرخەكان دیاریكراو بەمچەشنەیە:
نرخی ژنێكی مەسیحی و ئێزیدی كە تەمەنی لە نێوان 30 بۆ 40 ساڵدا بێت برتییە لە (75 هەزار دیناری عێراق)، بەڵام ئەو ژن و كچانەی تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 30 ساڵدایە نرخی بە 100 هەزار دیناری عێراقی دیاریكراوە، هەروەها ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 40 بۆ 50 ساڵدایە نرخی فرۆشتنی بە 50 هەزار دینار دیاریكراوە.
هەروەها لە بەڵگەنامەكەشدا نرخی فرۆشتنی منداڵیشتی تێدایە كە بە جۆرێك ئەو منداڵانەی كە تەمەنیان لە یەك ساڵ بۆ 9 ساڵە نرخەكەی بە 200 هەزار دیناری عێراقی دیاریكراوە.
لە راپۆرتەكەی ئیلاف ئاماژە بەوەشكراوە، كەجگە لە بیانییەكان بۆ هیچ كەسێك نیە زیاتر لە سێ ژن و منداڵ بكرێت كە هاوڵاتی توركی و سوری و هەموو خلیج دەگرێتەوە.