سێ شه‌ممه‌ 23 نیسان 2024

گوشارەکان لەسەر دوو زیندانیی سیاسیی کورد؛ حەبیبوڵا لەتیفی و سەیدمحەمەد حسێنی

حەبیبوڵا لەتیفی”، زیندانیی سیاسیی سزاردراو به زیندانی “هەتاهەتایی”، سەرەڕای پشت‌ڕاست‌کردنەوەی دۆخی نالەباری جەستەییەکەیەوە لە لایەن پزیشکیی قانوونیی پارێزگای کوردستانەوە، دوای تێپەڕکردنی ١٥ سال لە سزاکەی لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە، تا ئێستایش بێ‌بەشە لە مافی مەرەخەسی و دادوەری دادگای سنە خۆی لە ڕاگواستنی ئەم زیندانییە بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان دەبوێرێت.

“ساڵح نیکبەخت”، پارێزەری ئەم زیندانە سیاسییە، نیگەرانە لە بارودۆخی جەستەیی حەبیبوڵا لەتیفی و پێیوایە درێژەکێشانی ئەم ڕەوتە، ژیانی ئەم زیندانییە سیاسییە ڕووبەڕووی مەترسیی جیدیی دەکاتەوە.

لە لایەکی‌ترەوە، “سەیدمحەمەد حسێنی”، زیندانیی سیاسیی خەڵکی شاری نەغەدەی سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا کە لە ساڵی ١٣٩٦ لە حیزبی دێمۆکراتی کردستانی ئێران جیا ببوەوە، لە ڕێگەی وەرگرتنی ئەمان‌نامەی ئیتلاعاتی پیران‌شارەوە، لە هەرێمی کوردستانەوە گەڕایەوە بۆ ئێران؛ بەڵام دوای ماوەیەک دەسبەسەر کرا و له ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٠دا بە چل ساڵ زیندان و دورخرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ سزادراوە. لە کۆماری ئیسلامی‌دا دەرکردنی ئەمان‌نامه لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە تەعبیرە له سزانەدان و تەسلیم‌نەکردنی ئەماندراو به دادگا.

نزیکانی ئەم زنیدانییە سیاسییە بڕوایان وایە کە ئیدارەی ئیتلاعاتی پیران‌شار دەرکردنی ئەمان‌نامەیان کردۆتە شێوازێک بۆ گەڕاندنەوەی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی و سزادانیان و منداڵەکەیان بە یەکێک لە قوربانییەکانی ئەم مێتۆدە دەزانن.

***

حەبیبوڵا لەتیفی، خەزەڵوەری ١٣٨٦ کاتێک خوێندکاری دواساڵی لقی ئەندازیاریی پیشەسازییەکان لە زانکۆی ئیلام بوو، لە سنە دەسبەسەر کرا. ئەو دوای سێ مانگ دەسبەسەرکران لە ژووری تاکەکەسی و ئەشکەنجەی جەستەیی، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی “موحاربە و ئەفساد فیل‌ئەرز لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی نیزام‌” بە سزای لە سێدارەدان مەحکووم کرا؛ بەڵام دوای داخوازیی پێداچوونەوە، جارێکی‌تر دۆسییەکەی تاوتوێ کرا و حوکمەکەی پلەیەک دابەزی و گۆڕدرا بۆ زیندانیی هەتاهەتایی.

ساڵح نیکبەخت، پارێزەری ئەم زیندانییە سیاسییە لە پێوەندی‌دا بە بارودۆخیی جەستەیی حەبیبوڵا لەتیفییەوە بە “ئێران‌وایەر”ی وت: “بەڕێز لەتیفی تووشی نەخۆشیی ناسراو بە سەندرۆمی ڕیخۆڵە و هەروەها گرفتی دەروون‌ناسیی ناسراو بە خەمۆکییە و دۆخێکی زۆر خراپی لە زیندان‌دا هەیە. ئەمە لە حاڵێک‌دایە کە بە درێژایی دوو ساڵی ڕابردوو باری تەندروستیی جەستەیی بەڕێز لەتیفی زیاتر تێکچووە و بەرەو خراپ‌تر بوون دەڕوات.”

بەڕێز نیکبەخت بە جەخت‌کردنەوە لەسەر خەمۆکیی حەبیبوڵا لەتیفی لە زیندان‌دا بە “ئێران‌وایەر”ی وت: “ئاساییە کەسێک ١٥ ساڵی بەردەوام لە تەمنی خۆی بەبێ مەرەخەسی و پشکنینی پزیشکی و پسپۆڕانە لە دەرەوەی زیندان‌دا، تێپەڕێنێت و تووشی خەمۆکی بێت.”

بەڕێز نیکبەخت هەروەها لە درێژەی تێکچوونی باری جەستەیی حەبیبوڵا لەتیفی و بۆچوونی پزیشکیی یاساسیی پارێزگاکە وتی دادوەری پارێزگا، بەپێێچەوانەی ڕەزامەندیی پزیشکیی یاسیی وەک سەرچاوەی فەرمیی بڕواپێکراوی خۆیان سەبارەت بە دەرمان و ناردنی بۆ ناوەندە پزیشکی و پسپۆڕییەکانی دەروەی زیندان، وەک جاران پێداگری لەسەر هەڵوێستەکەی خۆی دەکات: “بێهداریی زیندان، پزیشکیی یاسایی و ئەو پسپۆڕانی کە لەسەر بانگهێشتی ئەم ئۆرگانە دەوڵەتییە زیندانییە سیاسییەکان دەرمان دەکەن، هەر هەموویان لە ساڵی ٩٨دا بە ڕاگەیاندنی خراپ‌تربوونی باری جەستەیی بەرێز لەتیفی و گواستنەوەی خێرای بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندانیان پشت‌ڕاست کردۆتەوە و پێشنیاریان کردووە بەڵام دادوەری سنە بەردەوام خۆی لە ناردنی بۆ خەستەخانە دەبوێرێت.”

پارێزەری ئەم زیندانییە سیاسییە بە “ئێران‌وایەر” دەڵێت: ” سەبارەت بە تێکچوونی باری جەستەیی بەڕێز لەتیفی بەردەوام نامەم بۆ دادستانی پارێزگای سنە ناردووە بەڵکوو بتوانین لە ڕێگەی دانانی بارمتەی گونجاوەوە بە مەبەستی ئەنجام‌دانی پرۆسەی دەرمان ڕازییان بکەین؛ بەڵام تاکوو ئێستا دادسەرا و ناوەندە پێوەندی‌دارەکان وڵامیان نەداوینەتەوە.”

ئەو هەروەها زیادی کرد: “خۆربۆاردنی دادوەر لە حاڵێک‌دایە کە پزیشکانی پسپۆڕ پشت‌ڕاستیان کردۆتەوە کە بۆ پێشگرتن لە تووندبوونەوەی نەخۆشی، بەڕێز لەتیفی پێویستی بە ڕاگرتن هەیە لە شوێنێکی ئارام و دوور لە سترێس کە ئەم شوێنەیش جگە لە ناردنی بۆ درەوەی زیندان دەستەبەر نابێت. پێ‌دەچێت دەزگای دادوەری ناتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ بڕیار لەسەر یەکلایی‌کردنەوەی دۆخی ئەم زیندانییە سیاسییە بدات.”

ئەو هەروەها دەنگۆی تووش‌بوونی حەبیبوڵا لەتیفی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای ڕەت کردەوە و وتی ئەگەرچی کۆمەڵێک نیشانەی هاوشێوەی کۆرۆنای هەبوو، بەڵام دوای پشکنینی پزیشکەکانی زیندان دەرکەوت کە تووش‌بوونی بە کۆرۆنا تەنیا “گومان” بووە.

“سەیدمحەمەد حسێنی”، ٣٦ ساڵان، خێزاندار و خاوەن دوو منداڵە کە بە سزای زیندانی قورس مەحکووم کراوە. ئەم زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی “موحاریبە لە ڕێگەی ئەندامەتیی لە یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی نیزام” لە لایەن لقی دووهەمیی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر “جەواد غوڵامی”، بە ٤٠ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ سزا دراوە و بڕیاری سزاکەیشی لە ٤ی جۆزەردانی ئەو ساڵ‌، دوای چوار ساڵ هەڵپەسێران، لە بەشی بەڕێوەبردنی سزا لە زیندانی نەغەدەدا بە شێوەیەکی فەرمی پێی‌ڕاگەیەندرا.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە بە ئاماژەدان بە خولی چوار سالەی هەڵپەسێرانی بەرێز حسێنی لە زیندان بە “ئێران‌وایەر”ی وت لە یەکەم چاوپێکەوتنی دوای دەسبەسەرکرانی‌دا کە دەوری دوو مانگ بەر لەمە ڕووی‌دا، بە بنەماڵەکەی وتووە ئیتلاعاتی سپای پاسداران مەرجی کۆتایی‌هاتنی هەڵپەساردنەکەیان هاوکاری بووە لەگەڵ ئەم ناوەندە ئەمنییەتییەدا، بەڵام وەک خۆی وتوویەتی داخوازییەکەی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییەی ڕەت کردۆتەوە: “هەروەها لەو کاتەوە کە دەسبەسەر کراوە، یەک‌جار و بۆ ماوەیەکی زۆر کورت ڕێگەدراوە چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت و هەندێک جاریش لە ڕێگەی تێلێفۆنەوە دەتوانێت لەگەڵیان قسە بکات.”

ئەو دەلێت دەسبەسەرکردنی ئەم چالاکە سیاسییە لە حاڵێک‌دا ڕووی داوە کە بەڕێز حسێنی دوای جیابوونەوەی لە حیزبەکەی بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیتلاعاتی نەغەدە و هەروەها وەرگرتنی ئەمان‌نامە لە لایەن ئیتلاعاتی پیران‌شارەوە لە سنووری سەردەشتەوە گەڕایەوە بۆ زێدەکەی؛ بەڵام دوای ماوەیەک دەسبەسەر کرا و پەروەندەسازییان بۆ کرد و بە دنەدان و پێشنیاری هەندێک لە دەستوپێوەندە خۆجێیەکانی سپای پاسدارانی نەغەدە و پیران‌شار لەگەڵ تۆمەتگەلێکی قورس ڕووبەڕوویان کردەوە: “ئەو بەڕاستی هیچ چالاکیی نەدەکرد و تەنیا بە ژیان و کاری خۆیەوە سەرقاڵ بوو؛ بەڵام بە دنەدان و پێشنیاری هەندێک لە دەستوپێوەندە خۆجێیەکانی سپای پاسدارانی پیران‌شار و نەغەدە کە لەم ناوەندە ئەمنییەتییەیش‌دا بەرپرسیارێتییان هەیە، پیلانیان لە دژی گێڕا و دەسبەسەریان کرد و کۆمەڵێک تۆمەتی ناڕەوایان دایە پاڵی کە بێ‌بنەمان؛ چونکە ئەو نە چەکی پێبوو و نە لەگەڵ هێچ حیزب و ڕێکخراوێک‌دا هاوکاریی دەکرد.”

ئەو بە بەراوردکردنی گەڕانەوەی “محمەمەد مورادی”، زیندانیی سیاسیی خەڵکی پیران‌شار، لە ڕێگەی ئەمان‌نامەی ئیتلاعاتی پیران‌شارەوە بۆ ئێران، گەرانەوەی سەیدمحەمەد حسێنی بە شێواز و داوێکی ئەمنییەتی بۆ گەڕاندنەوەی چالاکانی سیاسیی دژبەری کۆماری ئیسلامی بۆ ئێران دەزانێت: “ئیدارەی ئیتلاعاتی پیران‌شار بەڵێنیان پێدا و لەسەر متمانەکردن بە ناوەندێکی سەربە وەزارەتی ئیتلاعات سەیدمحەمەد و بنەماڵەکەیان فریو دا؛ ئەگینا کێ ئامادەیە بێ‌باکانە و بێ‌پەروا بەگەڕێتەوە بۆ ئێران؟”

محەمەد مورادی، زیندانیی سیاسیی بەندکراو لە زیندانی نەغەدە، لە ساڵی ١٣٩٧دا بە وەرگرتنی ئەمان‌نامەی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیران‌شار لەگەڵ بنەماڵەکەی‌دا لە هەرێمی کوردستانەوە گەڕایەوە بۆ ئێران. ئەو دوای گەڕانەوەی دەسبەجێ دەسبەسەر کرا و دواتر بە ٤٠ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ورمێ سزا درا.

بە گوتەی سەرچاوەکەی نزیک لە بنەماڵەی حسێنی، “کۆتاییەکانی بەهاری ڕابردوو، کاتێک کە ڤایرۆسی کۆرۆنا چەند بەشی زیندانی ناوەندیی نەغەدەی گرتەوە و زۆربەی زیندانییەکان چوونەوە بۆ مەرەخەسی، بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ ئازادکردنی کاتیی سەیدمحەمەد هەوڵیان دا؛ بەڵام دەزگای دادوەری به بڕیاری بارمتەی قورسی ١٠ میلیارد تمەنی بە شێوەیەکی کرداری ڕێگری کرد لە ئازدابوونی؛ چونکە نەک ئەم بنەماڵەیە، بەڵکوو زۆربەی خەڵک توانای دابین‌کردنی ئەو بڕە پارەیان نییە.”

بە گوتەی سەرچاوەکەی “ئێران‌وایەر”، بەرێز حوسێنی لەمێژە تووشی نەخۆشیی ئاسم و گورچیلەیە و بە شێوەیەکی بەردەوامیش دەرمان دەخوات؛ بەڵام بەرپرسانی زیندان، ڕێگەری دەکەن و هەندێک‌جار بە یاساغ‌کردنی، پێش بە وەرگرتنی دەرمانەکانی دەگرن: “زۆرجاران دەرمانەکانی لە لایەن بنەماڵەکەیەوە دابین‌ دەکرێت؛ چونکە بەرپرسان و بێهداریی زیندان نەک هەر مافی بەکارهێنانی خزمەتوزارییە پزیشکییەکانی زیندانی پێ‌نادەن تەنانەت هەندێک‌جار ڕێگری دەکەن و ناهێڵن ئەو دەرمانانەی که بنەماڵەکەی بۆی دابین دەکەن بە دەستی بگات.”

ئەو لە کۆتایی وتووێژەکەدا بە ئاماژەدان بە بارودۆخی لەرزۆکی ئابووریی بنەماڵە و منداڵەکانی بەڕێز حسێنی وتی: “دوای دەسبەسەرکردنی سەیدمحەمەد، بنەماڵە و منداڵەکانی کەوتوونەتە تەنگەلانێکی زۆر خراپی ئابوورییە و دابین‌کردنی بژێوی و داهاتی ئەو بنەماڵەیە، جگە لە بنەماڵەی باوەکی سیدمحەمەد، کەوتۆتە ئەستۆی خێراخوازانەوە.”

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …