خوێندنەوەی ڕووداوێکی دڵتەزێنی مێژوویی؛ لەسێدارەدانی جەماڵ چراغ‌وەیسی⁄ ھاوڕێ یوسفی

“جەماڵ چراغ‌وەیسی”، چالاکوانی کرێکاریی کورد، لە مانگی گوڵانی١٣٦٨ی هەتاوی و چەند ڕۆژ دوای خوێندنەوەی وتاری ڕێ‌وڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە شاری سنە دەسبەسەر کرا. هەواڵی لەسێدارەدانەکەی ئەو و ١٦ کەسی‌تر، لەوانە دوو کچی ١٧ ساڵان، یک ساڵ دواتر، واتە لە مانگی گوڵانی ٦٩دا ڕاگەیەنرا و شاری سنەی سەرسام و لە ماتەمین‌دا نوقم کرد.

 تاکوو ئێستا زۆر کەس پێیان‌وابووە کە جەماڵ چراغ‌وەیسیش لەگەڵ ئەوانی‌تر لە مانگی گوڵانی٦٩دا ئێعدام کراوە و تەرمەکەیشیان لە لەعنەتاوای نزیک شاری قوروە ئەسپەردە کراوە؛ بەڵام بەدواداچوونەکانی ئێران‌وایەر دەریدەخات کە ئەو زۆر لەوە پیش‌تر، واتە لە کۆتاییەکانی مانگی بەفرانباری٦٨، دوای ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر لە سێدارەدراوە.

***

جەماڵ چراغ‌وەیسی، چالاکوانی کرێکاریی کورد، لە مانگی گولانی٦٨دا دەسبەسەر کرا. هێزە ئەمنییەتییەکان دەوروبەری نیوەڕۆ لە شوێنی کارەکەی‌دا دەسبەسەریان کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە. ئەو یازدە ڕۆژ پێش لەوە دەقی وتارەکەی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکارەوە لە “ساڵۆنی تەختی”ی شاری سنەدا خوێندبوەوە.

بە گوتەی یەکێک لە نزیکەکانی بنەماڵەی چراغ‌وەیسی، لانیکەم تا سێ مانگ دوای دەسبەسەرکرانەکەی بنەمالەکەی هیچ هەواڵێکیان لە چارەنووسی مناڵەکەیان نەبوو. دوای ماوەیەک کە ئەم بنەماڵەیە ئاگاداری ئەوە بوون کە ئیدارە ئیتلاعات گرتوویانە بەردەوام سەردانی ئەو شوێنەیان دەکەن، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعات بەردەوام بە پێدانی بەڵێنی ئازادکردنی جەماڵ، دەسیان لە ڕووی دایکی و بابییەوە دەنا.

ئەم چالاکوانە کرێکارییە کاتێک لە سێدارە درا تەمەنی ٢٥ ساڵ بوو. ئەو کرێکاری “سازمان ئاو” بوو و لە شوورای ناوەندیی “یەکێتیی کرێکارانی پیشەسازیی سنە”دا ئەندام بوو. هەروەها لەناو یەکێتییەکەیش‌دا ئەندامی “شوورای بەڕێوەبردنی ڕێ‌وڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکار” و بەرپرسی گرووپی فووتباڵیش بوو.

یەکێتیی پیشەسازی لە ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی‌دا به شێوەیەکی فەرمی دامەزراندنەکەی ڕاگەیاند؛ ئەگەرچی سەرەتاکانی پێکهاتنەکەی یەک ساڵ پێش‌تر و بە هیمەتی هەندێک لە چالاکوانانی کرێکاریی شاری سنە دانرابوو.

ئەم یەکێتییە لە سەرەتادا بە ناوی “دەفتەری نوێنەرانی تەعمیرکاری ئۆتۆمۆبیلی سنە” چالاکییەکانی دەست‌پێ‌کرد بەڵام دوای ئەوەی کۆمەلێک پیشەی‌تری وەک شیرینی‌خانە، بەرگ‌دروو، دارتاشی، مێکانیکی، جۆشکاری و چنین و ڕستنەکانی پێ‌پەیوەست بوو، ناوەکەی گۆڕا بۆ “یەکێتیی کرێکارانی پیشەسازیی سنە”؛ ئەم یەکێتییە لە مانگی گوڵانی٦٨دا، ئەو سالەی کە جەماڵ چراغ‌وەیسی گیرا، دەوری ٤٠٠ سەد تا ٥٠٠ کەس ئەندامی چالاکی هەبوو. بەڵام دوا بە دوای دەسبەسەرکردنی بەرینی ئەندامانی شوورای ناوەندی و پاشان جەماڵ چراغ‌وەیسی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ “کۆمەڵە و ئەندامەتی لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران”دا کۆماری ئیسلامی ئەم یەکێتییەی بۆ هەمیشە یاساغ کرد و دایخست.

“موزەفەر فەلاحی”، چالاکوانی کرێکاریی دانیشتووی سوید، یەکێک لە هاوڕێیانی جەماڵ چراغ‌وەیسی بوو. ئەو کە ئەندامی شوورای ناوەندیی یەکێتی و له شوورای بەڕێوەبردنی ڕێ‌وڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا ئەندام بوو، پاش دەسپێکردنی شەپۆلی گیرانەکان ماوەیەک خۆی شاردەوە و پاشان ناچار بوو ئێران بەجێ‌بهێڵێت.

ئەم چالاکە کرێکارییە کە وەک نوێنەری بەشی مۆنتاژی پارچەی دەزگاکانی “کارخانەی چنین و ڕستنی چیا” لە شوورای ناوەندیی یەکێتییەکەدا چالاک بوو، چیرۆکی وتاردانەکەی جەماڵ چراغ‌وەیسی لە ڕێ‌وڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکاری ساڵی ٦٨ی بۆ ئێران‌وایەر بەم جۆرە گێڕایەوە: “دەقی وتارەکە پێش‌تر لە کۆبوونەوەی گشتیی یەکێتیی‌دا پەسەند کرا و دواتر لە ڕێ‌وڕەسمەکەدا لە لایەن وتاربێژەکەوە خوێندرایەوە. هەڵبەت وتاربێژەکە بۆخۆی دەیتوانی کۆمەڵێک خاڵ به دەقی وتارەکە زیاد بکات بەڵام دەبوو لەگەڵ باقیی ئەندامان‌دا هەماهەنگی و ڕاوێژ بکات. لە لایەکی‌ترەوە، دەقی کۆتایی وتارەکە لە بڕیارنامەکانی یەکێتییەکە خۆی وەرگیرابوو کە تەنیا باسی داخوازییە یاساکانی کرێکاران لە چوارچێوەی یاسادا بوو. بۆ نموونە ئاماژەکانی برتین بوون لە مافی بیمە، کەم‌کردنەوەی کاتی کار، زیادکردنی حەق‌دەست، دابین‌کردنی خزمەت‌گوزارییە پزیشکی و دەرمانییەکان، پێکهێنانی تەعاونیی مەسرەف و نەهێشتنی بێ‌کاری. جەماڵیش وەک وتاربێژ هەڵبژێردرا.”

ئەم چالاکە کرێکارییە لە درێژەی قسەکانی‌دا ئاماژەی بەوە کرد کە لە ناوەڕاستەکانی ڕێ‌وڕەسمەکەدا هەواڵمان پێ‌گەیشت کە هێزە ئەمنییەکان دەوری ساڵۆنی تەختییان گرتووە و لەوانەیە هێرش بکەنە سەر ڕێ‌وڕەسمەکە. بەڵام، ئەوان دڵنیا بوون کە هێزە ئەمنییەکان لانیکەم تا کۆتایی ڕێ‌وڕەسمەکە هێرش ناکەنە سەریان. هەم لەبەر زۆریی ژمارەی خەڵکەکە و بەشداربووان لە ساڵۆنەکەدا و هەم بە هۆی ئەوەی کە تەنیا بیانوویەک پێویست بوو شارەکە ببێتە مەیدانی ناڕەزایەتیی جەماوەری: “ماوەیەک پاش خویندەوەی وتارەکە لە لایەن جەماڵ چراغ‌وەیسییەوە، لە سەکۆ تایبەتەکەوە بە ئامادەبوان ڕاگەینرا بە ئارامی و هێمنی ساڵۆنەکە بەجێ‌بهێڵن بۆ ئەوەی ڕێ‌وڕەسمەکە بەبێ تێکهەڵچوون و پێکدادان کۆتایی پێبێت. بەڵام چەند خولەک دوای دەرچوونی خەڵکەکە لە ساڵۆنەکە، تێکهەڵچوونی هێزە ئەمنییەتییەکان لەگەڵ کرێکاران‌دا دەستی پێ‌کرد؛ هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆسەر خەڵکە ناڕازییەکە لە “گەڕەکی فەرەح” تێهەڵچوونەکەی قووڵ‌تر کرد؛ بە جۆرێک کە گازی فرمێسک‌ڕێژیان تێ‌گرتن و بۆ کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە، دۆخی نائاسایی لە شارەکەدا ڕاگەینرا. لە کۆتایی‌دا، دەسبەسەرکردنی بەرینی ڕێکخەرانی ڕێ‌وڕەسمەکە بە خەستی دەستی پێ‌کرد.”

“هادی نەوەڕە”،  چالاکوانی پێشووی کرێکاری کە لە ئێستادا دانیشتووی شاری سنەیە، یەکێکە لەوانەی کە هەر لەم سەروبەندەدا لە یەکێک لە گرتووخانەکانی ئیدارەی ئتلاعات‌دا دەسبەسەر کرابوو.

ئەگەرچی وەبیرهێنانەوەی ڕۆژانی گرتووخانەی ئیتلاعات بۆ ئەوە بەشێکە لە کابووسی هەمیشەیی ژیانی، بەڵام بۆ یەکەم‌جار “چیرۆکی دڵتەزێن”ی لە سێدارەدانی سێ کەس دەگێڕتەوە: جەماڵ چراغ‌وەیسی، “وەستا ئەحمەدی بەنا”، خەڵکی دیواندەرە و “عەبدوڵا بوەیسە” کرێکاری نانەواخانە و خەڵکی مەریوان.

ئەو بە ئێران‌وایەری وت: “بازجوویەکی ناسراو به “بەرادەر بەهمەنی” کە لە بنەڕەت‌دا خەڵکی شاری قورە بوو، بە شێوەی بەردەوام زیندانییەکانی بازجوویی و ئەشکەنجە دەکرد. ئەم کەسە زۆر دڵ‌ڕەق و توونداژۆ و یەک بوو لەوانەی که زانیاریی تایبەت بە تاوانبارانی یان لە ڕێگەی ئەشکەنجە و دانپێدانانەوە کۆدەکردەوە یان لە ڕێگەی ئەو تاوانبانەوە کە پێش‌تر ئەندامی ڕێکخراوی نهێنیی حیزبەکان بوون و زانیارییان هەبوو لەسەر چالاکوانانی سیاسی و کرێکارانی ناڕازی.”

هادی نەوەڕە، لە درێژەی قسەکانی ئەوەی زیاد کرد کە: “لێپێچینەوەکانی جەماڵ هەر لە سەرەتاوە بە ئەشکەنجەوە دەستی پێ‌نەکرد. چونکە ئەو هیچکات تۆمەتەکانی وەک ئەندامەتی لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، ئەندامەتی لە کۆمەڵە، هاوکاری لەگەڵ هێزی پێشمەرگە، ڕێکخستنی تۆڕە نهێنییەکان و خانە تیمییەکانی قبوول نەکرد. جەماڵ دەیگوت: “من وەک کرێکارێک تەنیا داخوازیی بەرحەقی کرێکاریم هێناوەتە ئاراوە و هەموو کارەکانم لە چوارچێوەی یاسادا بووە. لە ڕێ‌وڕەسمی ڕۆژی کرێکاریش‌دا دەقێکم خوێندۆتەوە کە لە کۆبوونەوەی گشتیی یەکێتییش‌دا پەسەند کراوە.” بەڵام دوای دوو مانگ ئەشکەنجەکردنەکەی بە تووندی دەستی پێ‌کرد و زۆرجاران لە ژێر ئەشکەنجەدا لەسەر خۆی دەچوو.”

بە گوتەی ئەم زینداییە سیاسییە پیشووە، دەنگی هاوار و ناڵەی زیندانییەکان بە هاسانی لەناو سلوولەکان‌دا دەبیسترا؛ کە هەڵبەت بۆ تێکشکاندنی ورەی باقیی زیندانییەکان بوو؛ بە تایبەت لە سەرەتای ڕێ‌وڕەسمی “کابل لێدان لە ژێر پا.”

لەم سەروبەندەدا، بازجووەکان جوێنی زۆر پیسی سێکسیستی و جسنییەتییان بە زیندانییەکان دەدا و تا شەرارەی مەرگ لێیان دەدان. بەڵام کابل لێدان مێتۆدی سیستماتیکییان بوو بۆ تێکشکاندنی زندانییەکان: “وشەیەک نابینمەوە ئێش و ژانی لێدانی کابل وسف بکات. جەماڵ هەڵبەت یەکێک بوو لەوانەی قەت تێکنەشکا؛ بەڵام ئەو زیندانییانەی کە ئەزموونی زیندانی و ئەشکەنجەی دەیەی شەستیان هەیە دەزانن پێنج مانگ لێدانی کابل لەسەر یەک، جگە لە چڵێک پێشە و ئێسک‌وپرووسک، هیچ بە مرۆڤەوە ناهێڵێت. هۆکاری ئەشکەنجەی وەحشیانەی جەماڵیش ئەوە بوو کە ئەو تۆمەتانەی درابوونە پاڵی پاکیانی ڕەت دەکردەوە. بەڵام بازجووەکە و تەوابەکان جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە درۆ دەکات و یەکێکە لە کادرە نهێنییەکانی ڕێکخراوی نهێنیی کۆمەڵه.”

ئەو لە درێژەدا ئاماژەی دایە ڕۆژانی ساردی کۆتاییەکانی مانگی بەفرانباری٦٨ و گواستنەوەی سێ زیندانی (جەمال چراغ‌وەیسی، وەستا ئەحمەدی بەنا و عەبدوڵا بوەیسە). ئەو ڕۆژەی کە دوو بەرپرسی مەرگەکە، واتە “کەدخودا” و “سەلمان”، زیندانییەکانیان لە سلوولەکانیان دەبردە دەرەوە: “هەر کاتێک ئەم دوو کەسە، کە وەک خۆیان دەیانوت ئەجەلی زیندانییەکان بوون، دەهاتنە زیندان هەموان دەیان زانی هاتوون ئعدامییەکان ببەن. کۆتاییەکانی مانگی بەفرانبار بوو کە بە چەند ڕۆژ هەر سێ کەسەکەیان برد و دەسبەجێ لە زیندانی ناوەندیی سنە لە سێدارەیان دان. تەرمەکانیشیان بە شەو لە “لەعنەتاوا”ی شاری قوروەدا ناشت.”

بە گوتەی ئەم شارۆمەندە سنەییە، هەڵەیەکی گەورەیە کە ڕەوتی دادگایی تاوانباران لە دادگاکانی دەیەی شەست‌ لەگەڵ سەردەمی ئێستادا بەراورد بکرێت؛ چونکە هێجکات دۆسییەی زۆربەی زیندانییەکان نەدەگەیشته دادگا و تەنیا لەسەر مەسڵەحەتی حاکم شەرع، پێشنیاری بازجووەکان و بە تایبەتی پێشنیاری تەوابەکانی هاوکاری ئیدارەی ئیتلاعات، حوکمی زنیدانییەکان، بە تایبەت حوکمی لە سێدارەدان دەردەچوو.

هادی نەوەڕە هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە حاکمی شەرعی سنە نەک هەر چاودێری بەڵکوو ناڕەزایەتیەکیشی نەبوو بەرامبەر ئەو هەموو ئەشکەنجە و ئازارەی زیندانییەکان و بۆخۆیشی دەستی هەبوو لە ئەشکەنجەدان و بازجووییەکان‌دا: “بە نموونە، “حوجەتولئیسلام سادقی” کە حاکمی شەرعی ئەوکاتی پارێزگای سنە بوو، هەندێک‌جار بۆخۆیشی بازجوویی لە زیندانییەکان، بۆ نموونە لە جەمال چراغ‌وەیسی دەکرد؛ تەنانەت دواتر ئاگادار بووینەوە کە یەکێکیشە لە ڕاوێژکارانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە.”

هادی نەوەڕە پێیوایە کە جگە لە حاکم شەرع و بەرادەر بەهمەنی، بۆچوونی ئەو تەوابانەیشی کە لە دەرەوەی زیندان ئەرکی دۆزینەوەی تۆڕە نهێنییەکانی حیزبەکانیان لە شاری سنە و گوندەکانی دەوروبەری‌دا هەبوو دەستیان هەبوو لە یەکلایی‌کردنەوەی دۆسییەکەی جەماڵ چراغ‌وەیسی‌دا و قسەی ئەوان تەنانەت دەیتوانی ڕەوتی بازجووییەکان بگۆڕێت: “زۆربەی تاوانبارانیش بە دەستێوەردانی تەوابەکان ئازاد کران و زۆریشیان بە پێشنیاری ئەوان لە سێدارە دران. بە بۆچوونی من، جەماڵ چراغ‌وەیسی لەبەر ئەوەی ئاژیتاتۆرێکی توانا، سیمایەکی جەماوەری و یەکێک بوو لەوانەی کە بەهرە و توانایەکی بەرزی ڕێکخستنی کرێکارانی یەکێتی و هەروەها کرێکارانی هەبوو، دەبوو لەناویان ببردایەت. هەر لەبەر ئەوەیش بوو کە هەواڵی لە سێدارەدانەکەی ڕێک لە کاتێک‌دا بڵاو کرایەوە کە زۆربەی چالاکوانانی کرێکاریی شاری سنە سەرقاڵی ئامادەکاری بوون بۆ بەرێوەبردنی ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە ساڵی ١٣٦٩دا.”

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …